کوردستانی

گۆڕان بە تووندی وەڵامی حزبێک دەداتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گۆڕان بە تووندی وەڵامی حزبێک دەداتەوە
مەودا میدیا-

رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە وەڵامی قسەکانی عەلی باپیر، سەرۆکى کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەداتەوە رایدەگەیەنێت لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن.

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە "پارتێکی ئیسلامی (ھەڵوەریو لە بزوتنەوەی ئیسلامی)، کە بە ئەمری واقع (لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان) کرانە ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن، لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە ھێزێکین سەربەخۆین، لەژێر باڵی میللەتەکەی خۆمان گەورە بوین، خەڵکانێکیش پێشتر لە ژێر باڵی گۆڕان گەورە بوون و ئێستا باسی شەرمەزاری دەکەن".

باسی لەوەشکردووە "شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگەلە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی!".

دلێر عەبدولقالق وتویەتی "کەواتە ئەوە ئیمان نییە کە نوێنەرەکانتان پەیوەست دەکا و ھەڵناوەرێن، بەڵکو ئەوە پەیوندی خزمایەتی و حساب نەکردنە بۆ توانای مرۆیی ھەموو ئەوانەی دیکە کە لەدەورتان کۆبوونەوە".

ئەم راگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێک پێش ئێستا  عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە وتارێکی بانگەشەی حزبەکەیدا بەبێ ناوهێنان باسی لە دۆخی بزوتنەوەى گۆڕان کرد و وتی، "زوو زوو وەزیر و پەرلەمانتاریان هەڵدەوەرێت و دەكڕدرێن".  

س.ر
Qaiwan
Qaiwan