کوردستانی

تەڤگه‌رى ئازادى پشتیوانى خۆى بۆ یه‌كێتى راگه‌یاند

مەودا میدیا - سلێمانی |


تەڤگه‌رى ئازادى پشتیوانى خۆى بۆ یه‌كێتى راگه‌یاند
مەودا میدیا-

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی عیراق لە چەند بازنەیەک راگەیاند و دەڵێت" پشتیوانی لەو كاندیدانە دەكەین‌ و بانگەوازیی لەئەندام‌ و دۆست‌ و  لایەنگرانمان دەكەین، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان‌ و ئەو مافەی خۆیان بەكاربهێنن".

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیایەكی حزبەكەی رایگەیاند "دوژمنانی كورد دەیانەوێت یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و كورد لاواز بكەن بۆ ئەوەی ئامانجەكانی خۆیان بە ئاسانی پێكبهێنن، ئاماژەی بەوەشکرد هەرچۆنێك بێت دەبێت یەكێتی لەم هەڵبژاردنە لاواز دەرنەكەوێت" دوا بەدوای ئەو پەیامەش ئەمڕۆ شەممە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کە تێیدا جەخت لە پشتیوانی کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکاتەوە لە چەند بازنەیەک و ئاماژە بەوەدەکات "پشتیوانی لەو كاندیدانە دەكەین‌و بانگەوازیی لەئەندام‌و دۆست‌و  لایەنگرانمان دەكەین، بچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان‌و ئەو مافەی خۆیان بەكاربهێنن".

لە بەشێکی دیکە راگەیەندراوەکەدە ئەوەش خراوەتەڕوو "لەچەند بازنە و ناوچەیەک پشتگیریی کاندیدی جیاجیامان کردوە و دەکەین بەتایبەتی لەسەر بنەمای قبوڵکردنی پڕۆژەكه‌مان، کە پێش ماوەیەک رامانگەیاند و بەشێک لەو کاندیدە سەربەخۆ و تەنانەت حزبیانەش بەخۆشحاڵیەوە قبوڵیانکردوە و بەڵێنیانداوە لەپێنا و بەرژەوەندیە گشتییەکاندا کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەکانی دیکەی تەڤگەریش بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە "لەبازنەی یه‌كى کەرکوک، پارێزەر شیرین عه‌بدوڵڵا باوایی بەژمارە 33 و لەبازنەی دووى سلێمانی روناک مه‌جید سەعاتچی بەژمارە 24و لەبازنەی چوارى دەڤەری راپەڕین (پشدەرو بیتوێن) محه‌مه‌د حەسەن حەمەد بەژمارە 29 و لەبازنەی پێنجى گەرمیانیش یوسرا رەجەب بەژمارە 23 پاڵێوراوو بژاردەی ئێمەیە".

باسی لەوەشكردووە، لەبازنەى یەکی ھەولێر کاندیدی سەربەخۆی ئاشوری ھیلان عیسا که‌ریم ژمارە 147 کە لەھەموو عیراقەوە ئەتوانرێت دەنگی پێبدرێت پشتگیری دەکەین، لەبازنەى یەکی دھۆکیش پشتگیریی کاندیدی سەربەخۆی ئاشوری سه‌باح نه‌مرود ججو بەژمارە 137و لەبازنەی سێ لە دھۆکیش پشتگیریی ئیمان عه‌بدولڕه‌زاق محه‌مه‌د دەکەین".

ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردوه‌ "لەبازنەی دووى کەرکوک دکتۆر گەیلان قادر تاکە پاڵێوراوی کوردە کە دژی پیلانی داگیرکاران‌ و ھاوکارەکانیانە، بۆیە بژاردەکەمان لەو چوارچێوەیەدایە بۆ بەرژەوەندی ھەموان‌ و لەبازنەی یه‌كى ھەولێریش فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی‌ و لەبازنەی سێى ھەولێر کۆیە پشتگیریی ھەرێم کەمال دەکەین".

سه‌باره‌ت به‌سلێمانى‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوریش ته‌ڤگه‌رى ئازادى نوسیویه‌تى "لەبازنەی سێی سلێمانی پارێزگای ھەڵەبجەو شارەزور پشتگیریی چرۆ حەمە شەریف دەکەین، لەبازنەی یەکی سلێمانیش دەنگ بەدکتۆرە نەرمین مه‌عروف دەدەین لەسەر ھەمان بنەمای کێبڕکێ‌و تواناکانی خودی خاتوو نەرمین".

جەختیشی کردووەتەوە "پشتگیریی خاتو چرۆ حەمە شەریف دەکەین کە  لەبەرامبەر کاندیدێکی پارتی لە کێبڕکێدایە چونکە ئەو کاندیدەی پارتی پێشتر تاقیکراوەتەوە کە رۆڵێکی نەرێنی بەرامبەر بەھێڵی ئازادیخوازی‌ و پرسی دیموکراتی بینیوە و پێمانوایە سەرکەوتنی خاتوو چرۆ، دەرھێنانی کورسیەکی پەرلەمانیە لەدەستی پارتی".

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan