کوردستانی

قایمقامی شنگال: بەھۆی پەکەکەوە بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن قورسە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قایمقامی شنگال: بەھۆی پەکەکەوە بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن قورسە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

قایمقامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە قەزای شنگال قورسە بەهۆی هەبوونی پەکەکە لەو سنوورە، ئاماژەی بەوەشکرد کاندیدانی شنگال داوای بەرژەوەندیی شنگال دەکەن.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە شنگال بە مەودا میدیای راگەیاند "پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە قەزای شنگال قورسە بەهۆی هەبوونی پەکەکە لەو سنوورە، چونکە ئاستەنگیان دروستکردووە لە بەردەم بەربژێرەکان و بانگەشەی هەڵبژاردندا".

ئاماژەی بەوەشکرد "داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکەن رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکەن، هەروەها داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین رۆڵی خۆیان ببین لە رۆژی هەڵبژاردندا، هیوادارین پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی دیموکراتی و ئاشتی و هێمنی بەڕێوەبچێت".

لە وەڵامی پرسیاری مەودا میدیا لەبارەی ئەوەی هەڵبژاردن گۆڕانکاری دەکات لە دۆخی شنگال قایمقامی شنگال وتی "کاندیدانی شنگال داوای بەرژەوەندیی شنگال دەکەن، چونکە کاندیدانی ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرنامەی باشیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و جینۆساید و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانی شنگال هەیە".

ماوەی چەند رۆژێکی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیارە رۆژی هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەبچێت، هەروەها رۆژی یەکشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan