عیراقی
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوای 11 کاتژمێر لە بەردەوامیی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، کاتژمێر شەشی تەواو لە سەرتاسەری عیراق ئامێرەکانی دەنگدان وەستان.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆمسیۆن دڵنیایی دا لە کۆتاییهاتنی کاتی دەنگدان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و درێژ نەکردنەوەی.
چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمسیۆن رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا بڵاوبکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو رێژە راگەیەنراوەی کە کۆمسیۆن بڵاویکردووەتەوە تا کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت لەنیوان %30-%40 بوو.
ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو.
لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکان و زیندانییەکانن.
بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.
پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.
ب.م