کوردستانی

بارزانی بۆ کادر و ئەندامانی پارتی: لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بارزانی بۆ کادر و ئەندامانی پارتی: لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن
مەودا میدیا-

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەکدی بن".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند "بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی لە كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە توانیان لە كێبڕكێیەكی مەدەنی و ئارامدا سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی و رێبازەكەیان مسۆگەر بكەن و رۆحی شەهیدان ئاسوودە بكەن. سەركەوتنی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بە مانای سەركەوتنی پڕەنسیب و بەها و ئەو بنەمایانەیە كە خەباتی گەلی كوردستانی لەسەر وەستاوە و پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە گەلی كوردستان لە هیچ بارودۆخێكدا دەستبەرداری مێژوو و بەهاكانی نابێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن و، هەمیشە ئەو ئامۆژگارییە بە نرخەی بارزانیان لەبیر بێت، لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن".
 
‎باسی لەوەشکردووە "هەر بەم بۆنەیەوە سوپاسی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دەزگا ئەمنییەكان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە بە شەونخونی و ماندووبوونیان بوونە هۆی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستخۆشیان لێ دەكەم. هەروەها رۆڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەرز دەنرخێنین".
 
‎ئەوەشی خستووەتەڕوو "سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنی ئیرادەی گەل و سەركەوتنی دیموكراسیە. هەر بۆیەش هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن. هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن و، لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراقی فیدڕاڵ بنیات بنێنەوە".
 
س،ر
Qaiwan
Qaiwan