کوردستانی

کاندیدی داهاتوی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عیراق کێ دەبێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاندیدی داهاتوی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عیراق کێ دەبێت؟
مەودا میدیا-

لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عیراق دەنگی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک کەمیکرد و کورسییەکیان لەدەستدا،  ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت "یەکێتی چەند هەڵەیەکی کرد کە بووە هۆی کەمبوونەوەی کورسییەکانی لەو پارێزگایە"، سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراقیش وتی "هەرچەندە سەرپێی ناوی دیکە هاتووە لە ناویەکێتیدا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام تا ئێستا جگە لە دکتۆر بەرهەم بە فەرمی ناوی هیچ کەسێکی دیکە نەهێندراوە".

لە دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی  10ی تشرینی یەکەمی 2021 پرسی سەرۆکایەتی کۆمار یەکێکە لە پرسە گەرم و هەنوکەییەکان لە ناو لایەنە کوردییەکاندا بە دیاریکراویش لە نێوان یەکێتی و پارتیدا لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە پۆستی سەرۆک کۆمار لە لای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بووە و پشکی ئەو حزبە بووە، لە ئێستاشدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش چاوی لەسەر ئەو پۆستەیە، ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەڵێت "پۆستی سەرۆک کۆمار هی یەکێتییە، و تا ئێستاش هیچ رێکەوتن و دانیشتنێک لەگەڵ پارتی نەکراوە لەسەر ئەوپرسە، وتیشی، جگە لە دکتۆر بەرهەم ساڵح لە ناو یەکێتی سەرپێی ناوی چەند کەسێکی دیکەش هێندراوە بۆ ئەو پۆستە".

ئاماژەی بەوەشکرد "دەکرا یەکێتی تەنها چوار کاندید لە بازنەی یەکی کەرکوک کاندید بکات، بەوەش دیتوانی چوار کورسی پارێزگاکە مسۆگەربکات و بە کۆی گشتیش کورد لە پارێزگاکەدا دەبووە خاوەنی حەوت کورسی پەرلەمانی عیراق، وتیشی، ئەوەی پێویستە ئەوەیە دووبارە یەکێتی لە کەرکوک خۆی رێکبخاتەوە".

سەبارەت بە دەنگۆی بوونی رێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار ببێت بۆ پارتی رایگەیاند "ئەوەی وتراوە دورە لە راستییەوە و هیچ رێکەوتنێک لە ئارادانییە و پۆستی سەرۆک کۆمار هی یەکێتییە و هەر هی یەکێتیش دەبێت".

ر. ر





Qaiwan
Qaiwan