کوردستانی

لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆدەبنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆدەبنەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت، بڕیارە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی هەر یەکە لە یەکێتی و گۆڕن و چەند لایەنێکی دیکە بکات و بە پێی زانیارییەکانی مەودا میدیا مەبەستی کۆبوونەوەکان یەكڕیزی و یەكدەنگیی كوردە بۆ چوونە ناو حكومەتی داهاتووی عیراق.

پێشتر مەحمود محەمەد، وتەبیژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "رۆژی دووشەممە 18ی تشرینی یەکەم شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی دەكات، لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێكی دیكەی كوردستانی  كۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق".

هەرچەندە وتەبێژەکەی پارتی وتی "سەردانەکە تەنها بەسەرکردنەوەی لایەنەکانە لە دوای هەڵبژاردن و هیچ گفتوگۆیەکی سیاسیی ئەنجامنادرێت"، بەڵام مەودا میدیا زانیوییەتی، بڕیارە لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆ لەبارەی هێنانە ئارای یەكڕیزی و یەكدەنگی و پێكەوەییەكی كوردستانییانە بكرێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گفتوگۆ و پێشهاتەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق.

پێشتریش چەندین جار سلێمانی بووەتە ناوەندی گفتوگۆ نیشتیمانییەکان و جێگای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە چارەنوس سازەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش.

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan