کوردستانی

نەوەی نوێ: لە حکومەتی داهاتووی عیراقدا هیچ پۆست و ‏وەزارەتێکمان ناوێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەوەی نوێ: لە حکومەتی داهاتووی عیراقدا هیچ پۆست و ‏وەزارەتێکمان ناوێت
مەودا میدیا- 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پڕۆژەیەکی بۆ یەکڕیزی کورد لەبەغدا و گۆڕانکاری لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باوەڕیانوایە کارکردن بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی دەبێ سەرەتا لەخزمەتکردنی هاوڵاتییانی کوردستانەوە دەست پێبکات، بۆیە لەهەرێم داوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی دادوەری و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی سیاسی و چالاکوانان دەکەن، هەروەها پێشنیاز دەکەن لیژنەیەکی لایەنەکانی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و دیاریکردنی پشکی هەرێم، مادەی 140 و مووچەی پێشمەرگە بکەن بە داواکاری سەرەکییان.

دەقی پرۆژەکەی نەوەی نوێ:   
  
پاش ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە لە پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق، کە خۆی لە گرانکردنی نرخی بەنزین و کەمکردنەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی و گرانکردنی نرخی غازی ماڵان و نەوتی سپیدا دەبینێتەوە، لەمکاتەدا کە بەرەو وەرزی سەرما سۆڵە دەچین و ئەمەش بارگرانییەکه زۆری لەسەر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستکردوە، ئێمە پێمان وایە کارکردن بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی دەبێ سەرەتا لەخزمەتی هاوڵاتییانی کوردستانەوە دەست پێبکات بەشێوەیەک ئاسانکاری بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییان بکرێت نەک بارگرانیان بۆ دروست بکرێت.  

لەم رووەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە کە تا ئێستا ئەم شێوازە حوکمرانییەی هەرێم نەتوانیویەتی خزمەتی خەڵکی هەرێم بکات و نە توانیویەتی پێگەی کورد لەبەغدا بەهێز بکات. هەمیشە لە ساڵانی رابردوودا کورد لاواز و پەرتەوازە دەرکەوتووە، لە ناوخۆی هەرێمیش هەم دامەزراوەکان لاواز بوون و هەم دۆخی خەڵک باش نەبووە و هەمیش پەرتەوازیی بە لایەنە سیاسییەکانەوە دیار بووە.  

جوڵانەوەی نەوەی نوێ چەند خاڵێکی دیاری کردووە بۆ ئەوەی کورد لە ناو هەرێم و لە دەرەوەی هەريم بەهێز بێت و لە بەغدادیش قورسایی زیاتری هەبێت.  
  
ئەم خاڵانە وا دەکات کە دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزتر بن، وا دەکات میللەتی کورد ئەم دامەزراوانە بە هی خۆیان بزانن، هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەم دامەزراوانە بە هی خۆیان بزانن و خودی دامەزراوەکانیش ببنە چەترێک و هەمووان لە ژێریدا کۆببینەوە. کاتێک دامەزراوەکانی هەرێم بەهێز دەبن، ئەوکات ئەم دامەزراوانە دەبنە نوێنەری میللەتی کورد و هیچ پەرتەوازەیی و دابەشبوونی پێوە دیار نابێت، و خودی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەهێزتر دەبن.  
  
خاڵەکانی کە نەوەی نوێ دیاریکردوون بۆ یارمەتیدانی دروستبوونی یەکریزی کوردی و رێکخستنی نێوماڵی کوردی، بریتین لە:  
  
1- جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت کە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراقدا ناکات، هیچ پۆست و وەزارەتێکمان ناوێت.  
  
2- پێویستە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاری بکرێن، تاوەکو ئەو دوو هەڵبژاردنە نوێنەری خەڵک دیاری بکەن و پەرلەمانی داهاتوو ببێتە کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان.  
  
3- کۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە خەڵکانی بێلایەن و شارەزا دروست بکرێت و دوور بێت لە پشک پشکێنەی حیزبی.  
  
4- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی دادوەری ئێستای هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێ لە کۆمەڵێک دادوەری بەتوانا، کە دور بن لە ئینتیمای حیزبی و پشک پشکێنەی لایەنە سیاسییەکان.  
  
5- ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوانی سیاسی و چالاکوان و رۆژنامەنوسان، وەک هەڵدانەوەی پەرەیەکی نوێ.  
  
6- دروستکردنی لیژنەیەک کە نوێنەرایەتی هێزە کوردستانییەکان و لیستە براوەکان بکات و بچن بۆ بەغداد بۆ ئەم داواکاریانە:  
  
ئەلف/ بە هیچ شێوەیەک لە سەرەتادا باس لە وەرگرتنی وەزارەت و پۆست بۆ حزبە کوردیەکان نەکرێت (وە لە هەموو حاڵەتێکدا نەوەی نوێ هیچ پۆست و وەزارەتی ناوێت).  
  
ب/ داواکردن بۆ رێکەوتن لەسەر گێڕانەوەی ناوچەکانی مادەی 140 ، وە لایەنی کەم دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.  
  
ج/ چارەسەرکردنی کێشەی پێشمەرگە و مووچە و ئیمتیازاتیان و هاوتاکردنەوەی لەگەڵ مووچە و ئیمتیازاتی سوپای عیراق.  
  
د/ جێگیرکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەکی بەردەوام کە دڵنیایی تەواو بداتە هاوڵاتییانی کورد و فەرمانبەران.  
  
ئەم خاڵانەی نەوەی نوێ داوای دەکات هیچی بۆ خۆی و لە پێناو بەرژەوەندی خۆی نییە، بەڵکو لە پێناو خەڵکی کوردستان و بەرەوپێشبردنی هەرێمەکەمان و رزگارکردنی هاوڵاتییانە لەم دۆخە ناهەموارە و کۆکردنەوەی تەواوی رەنگە جیاوازەکانی کوردستانە لە ژێر چەتری دامەزراوەکانی هەرێم.  
ر. ر
Qaiwan
Qaiwan