کوردستانی

ژمارەیەک بڕیاری نوێ لەبارەی پێوەری زیرەکەوە درا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژمارەیەک بڕیاری نوێ لەبارەی پێوەری زیرەکەوە درا
مەودا میدیا-

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی دەربارەی پێوەری زیرەكی كارەبا دەركرد و بڕیاردرا لەپێناو كەمكردنەوەی كاتی كاركردن بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاریی پرۆژەكە و لیژنەی رادەستكردنی كار ببنە یەك لیژنە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2021 كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا لەمیانەی بەسەركردنەوەی پرۆژە و كارەكانی خزمەتگوزاریی كارەبا لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی كارەبا لە سێكتەرەكانی (دابەشكردن و گواستنەوەو كۆنترۆڵ و پۆلیسی كارەبا و لێژنەی باڵای پێوەری زیرەك و نوێنەرانی كۆمپانیای TLجێبەجێكاریی پرۆژەكە) كۆبووەوە".

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەی پێوەری زیرەك خێراتر بكرێت بۆ ئەوەی بۆ زستانی ئەمساڵ سەرپێچیەكان و زیاد بەفیڕۆچوونی كارەبا كەم بكرێتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانە درا:

1- لەكاتی لەكاركەوتنی پێوەری زیرەك كۆمپانیای جێبەجێكار پێوەرەكە بۆ هاوبەشەكە ناگۆڕێت، دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبا پێوەرەكە بگۆڕێت.

2- بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا دەسەڵاتیان پێدرا لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار پێكەوە پێوەر ببەستن.

3- لەپێناو كەمكردنەوەی كاتی كاركردن بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاریی پرۆژەكە و لێژنەی رادەستكردنی كار ببنە یەك لیژنە.

4- پلانی هەڵگرتنی رۆتین لە پرۆژەكەدا دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەكرێت.

5- هەر پێوەرێك لەكار بكەوێت چاكبكرێتەوەو هۆكاری تێكچوونەكەشی دیاری بكرێت.

6- هاندان و پاڵپشتی تەواویی ئەو كارمەندو فەرمانبەرانە بكرێت كە بەخەمخۆری و دڵسۆزییەوە كارەكانیان بەڕێوەدەبەن، بەپێچەوانەوە كەسی كەمتەرخەم سزا بدرێت.

7- هەر 7 رۆژ بۆ 10 رۆژ راپۆرتێكی تایبەت لەسەر چۆنیەتی ئیشكردن و بەڕێوەچوونی پرۆژەكە بخرێتەڕوو.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan