کوردستانی

شۆفێری پاس و تەکسییەکان: ئەگەر نرخی بەنزین هەروا بەرزبێت ناچارین کرێی گواستنەوە زیادبکەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


شۆفێری پاس و تەکسییەکان: ئەگەر نرخی بەنزین هەروا بەرزبێت ناچارین کرێی گواستنەوە زیادبکەین
مەودا میدیا-

ناڕەزایەتییەکان تادێت لە دژی گرانبوونی بەنزین زیاتر دەبن، هاوڵاتییان بەگشتی و شۆفێری پاس و تەکسییەکان بەتایبەت تر و دەڵێن "ئەگەر نرخی بەنزین هەرزان نەبێت ناچارین کرێی گوستنەوە گرانبکەین".

وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی گرانبوونی بەنزین لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان رێگە سەرەکییەکان دادەخرێن بۆ ماوەیەکی کاتی، لە دوو رۆژی رابردووشدا بەشێک لە هێڵی پاسەکانی گواستنەوەی ناوشاری سلێمانی هێڵەکانیان راگرت و داوایانکرد حکومەت هەرچی زووە کێشەی گرانبوونی بەنزین چارەسەربکات، ئاراس عوسمان، شۆفێری پاسە لەیەکێک لە هێڵەکانی گواستنەوەی ناوشاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەگەر نرخی بەنزین هەرزان نەبێتەوە ناچارین یان نرخی گواستنەوە لەسەر هاوڵاتییان زیاد بکەین یان هێڵەکان لە کارکردن رابگرین هەتا ئەوکاتەی حکومەت کێشەکە چارەسەردەکات".

لەلایەکی دیکەوە رەنجدەر نوری، کە شۆفێری تەکسییە بە مەودا میدیای راگەیاند "سەرەڕای سستی ئیشوکار، بەهۆی گرانی بەنزینیشەوە رۆژانە هیچمان بۆ نامێنێتەوە لەو بڕە پارەیەی پەیدایدەکەین، هەربۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین نرخی بەنزین داببەزێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش ناچارنەبین نرخی کرێی گواستنەوە لەسەر هاوڵاتییان زیاد بکەین".

لەماوەی رابردوودا نرخی بەنزین بەردەوام روو لە بەرزبوونەوەبوو بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 950 دینارە، موحەسەن بە 1000 دینارە و سۆپەریش هەزار و 50 دینارە و ئەمش ناڕەزای هاوڵاتییانی لێ کەوتووتەوە.

ر. ر




Qaiwan
Qaiwan