کوردستانی

زانیاری لەبارەی هاوکاریکردنی چەکدارانی داعش لەلایەن هێزەکانی عیراقەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاری لەبارەی هاوکاریکردنی چەکدارانی داعش لەلایەن هێزەکانی عیراقەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

جموجوڵی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش روو لە زیادبوون دەکات بە تایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی هێزەکانی پێشمەرگەش دەڵێت "لە 90% بۆ 95% چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عیراقەوە هاوکاری دەکرێن".

بەرپرسێکی باڵای سەربازی لە لیوای 144 هێزەکانی 70 لە سنووری داودە و زینانە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە مەودا میدیای راگەیاند "دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر و هاتنی هێزی عیراقی دروستبوو، ئەمەش وایکرد ئەو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەوانەی لە ناوچەکانی موسڵ و دەروبەری هەڵکەندرابوون هاتن لەو ناوچانە جێگیربوون کە دەکەوتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی حکومەتی عیراق".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە قەزای دوزخورماتوو ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دروستبووە زیاتر لەلایەن حکومەتی عیراقەوەیە، هەروەها لە 90% بۆ 95% چەکدارانی داعش لە سنووری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عیراقەوە هاوکاری دەکرێن".

ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو "شەش گوندی قەزای دوزخورماتوو کە لەژێر دەستی هێزە عیراقییەکان و حەشدی شەعبیدایە کەسی تێدا نین و چۆڵکراون، بەڵام بەشێک لە گوندەکان کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەدایە ئاوەدانییە و چۆڵنەکراون، هەرچەندە هەر مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان هەیە بەهۆی نزیکی ئەو هێزانە لێیان".

لەبارەی حکومەتی نوێی عیراقەوە روونیکردەوە و وتی "ئەگەر حکومەتی عیراق نیەتی پاک بێت لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هێزی هاوبەش دروست بکات بۆ ئەو سنوورانە ئەوا کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر هەمان نیەتی ئێستای هەبێت و حەشدی شەعبی باڵا دەستبێت ئەوا هیچ کارێکی نوێ بۆ ئەو ناوچانە ناکرێت و لە هەمان مەترسی دەمێننەوە".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan