کوردستانی

جەبار یاوەر: داعش لە 10 مانگی ئەمساڵدا 170 کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەبار یاوەر: داعش لە 10 مانگی ئەمساڵدا 170 کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە
مەودا میدیا-

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەرچەندە لە ساڵی 2018ەوە حکومەتی عیراقی کۆتاییهاتنی خەلافەتی داعشی راگەیاند، بەڵام ئەوکاتیش ئەوان وەک وەزارەتی پێشمەرگە باوەڕیان وابوە داعش کۆتایینەهاتوە و بەشێوەی شانەی نوستو بەردەوام دەبن لەهێرشەکانیان.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە "هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش قەت نەوەستاوە بەردەوامبووە تەنانەت دوای بەیاننامەکەی حکومەتی عیراقی فیدراڵ لە کابینەکەی حەیدەر عەبادی 2017 کە رایگەیاند داعش کۆتایی هاتووە، ئێمە ئەوکات وتمان داعش وەک بەناو ئیمارەتی ئیسلامی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی کۆتایی نەهاتووە و خۆی رێکدەخاتەوە جارێکی دیکە دەست دەکاتەوە بە کردەی تیرۆریستی، قسەکەی ئێمە ئەوەتا سەلما".

ئاماژەی بەوەشکردوە "لە 2018 وە تا ئێستا کردەی تیرۆریستی داعش بەردەوام بووە هەر لە 2018 نزیکەی زیاتر لە 1742 کردەی تیرۆریستی هەبووە، ساڵی 2019 نزیکەی 270 کردەی تیرۆریستی هەبووە، لە ساڵی 2020 نزیکەی 230 کردەی تیرۆریستی هەبووە، تا کۆتایی مانگی 10 ی ئەمساڵ 2021 نزیکەی 170 کردەی تیرۆریستی هەبووە، زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکانیش لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دور بووە، بەڵام شێوازی هێرشەکانی جیاوازە".

سەبارەت بە زیادبوونی هێرشەکانی داعش لەم کاتەدا ئاشکرایکرد"لەم کاتەی کە هێرشەکانی زیادکردووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن کراوە و دەیەوێت هەلومەرجەکە تێکبدات تا کاریگەری لەسەر دروستبوونی حکومەتی نوێی عیراق دابنێت، چونکە لە کاتی هەڵبژاردنەکان نەیتوانی هەلومەرجەکان تێکبدات، و سودیش دەبینێت لەو بۆشاییەی کە هەیە لە زۆر ناوچەی نێوانی سنوری خانەقین(ئێران) تا سنوری سحێلا (سوریا) لە نێوانی هێزەکانی عیراق و پێشمەرگە سوود لەو بۆشاییە دەبینێت بۆتە مۆڵگەی حەوانەوەی چەکدارانی تیرۆریستی داعش،  لەگەڵ ئەوەشدا داعش توانای جارانی نەماوە بتوانێت پەلامار بدات و ناوچەی فراوان داگیر بکات دامودەزگای هەبێت وەک ئەوەی لە 2014 هەیبوو ئێستا ئەو هێزەی نەماوە، تەنانەت توانای مادی نەماوە وەک جاران سەرچاوەکانیان وشکی کردووە".

ر. ب

Qaiwan
Qaiwan