نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

هەر لە دەوروبەری قەڵای كەركوك بن

قەڵای كەركوك، بەپێی سەرچاوەكانی مێژوو تەمەنی نزیك بە پێنج هەزار ساڵ دەبێت، لای رێكخراوی یۆنسكۆ گرنگی زۆری هەیە، بۆ كورد و كوردستانیش رەمزە و زۆرجار خۆڕاگرێتی و نەڕووخان بە قەڵای كەركوك بەراورد دەكرێ، بەعس و هاوبیرەكانیشی زۆریان هەوڵدا ناسنامەكەی بشێوێنن، توركیاش بەردەوام چاوی لەسەر كەركوكە بە موسڵیشەوە، بەڵام كەركوك پەیوەستبوونێكی تەواوەتی بە كورد و مێژووەكەیەوە هەیە و هەر هی كوردیش دەبێتن.

كۆبوونەوە لە دەوری قەڵای كەركوك بۆ كوردی مانای تایبەتی و جیاوازی هەیە بەتایبەت لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر و نەعرەتەی مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب كە دوژمنانی كورد و شوڤێنییەكان زۆر پێی قەڵس دەبن.

راستە كەركوكە هێمای خۆراِگری و بەرگریی قارەمانانایە لە مێژووی كورددا، بەڵام بانگەوازی ئاشتیشی لێوە دراوە و لەوێشەوە دروشمی پێكەوەژیانی نەتەوە و پێكهاتە ئایینەكان وتراوەتەوە، لە بەهێزی و بێهێزیشدا، نەتەوەی كورد لەو شارە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پرسێكی رەوا و راست بووە، بەڵام دەستی پێكەوەژیانی درێژكردووە ئەگەرچی هەندێكجار خەڵكی تر ئەوەیان وەكو بێهێزی سەیركردووە و ویستوویانە فرسەت لە كورد بهێنن و قەڵاكەیشی تەعریب بكەن.

بە سەربازكردنی سیمای كەركوك و هەڵدانی ئاڵای عیراق لەسەر قەڵاكەی كە دەبوو ئاڵای كوردستانیشی لەگەڵ بووایە، هەنگاوێكی نەرێنییە بۆ بەردەوامیدان بە تەعریب و سڕینەوەی شووناسی كوردی و خاوەنە رەسەنەكەی، دەیانەوێت قەڵای كەركوك لە هەناسەكانی خاوەنە رەسەنەكەی خاڵی بكەنەوە و ئەوەی بە رژێمەكانی پێشوو نەكرا، ئەمان بەناوی پاراستنی ئەمنییەتی شار و خەڵكەكەی و مەترسییەكانی داعشەوە، تەواوی بكەن.

قەڵاكەی كورد و كەركوك مەترسیی گەورەی لەسەرە، سەرەڕای دەورەدانی بە بیری شوڤێنێتی و داگیركار، هەروەها دەستی ئاوەدانیشی لێ دوورە و نەتوانراوە وەكو شوێنێكی گەشتیاری بەكاربهێنرێت و سوودی بۆ خەڵكی شارەكە هەبێت كە ئەوەش كەمتەرخەمییەكەی چەند ساڵەیە و پێویستە خەمی لێبخورێت.

لەڕووی سیاسییەوە كۆبوونەوە لە دەوری كەركوك یانی كۆبوونەوەی حزبەكانی كوردستان و وەلاوەنانی جیاوازییەكان و وازهێنان لە بیری تەسكی حزبایەتی و كۆكبوون لەسەر بەرنامەیەكی نیشتیمانی بۆ ئەوەی شووناسی كەركوك و قەڵاكەی بپارێزن و پرۆژەی تەعریبی كەركوك و قەڵاكەی شكست پێبهێنن.  

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan