نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

زۆرینەی شۆڕشەکان شکست دەهێنن، بۆچی؟

شۆڕش (Revolution)؛ وشەکە لە لاتینیدا بە مانەی وەرچەرخان دێت. چەمکێکی فرەلایەنە و باسوخواس زۆر هەڵدەگرێت، لە رووی سیاسییەوە مانای دەرچوونە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی جیاوازتر. میللەت بەهۆی ناڕەزاییان لە چۆنێتی بەڕێوەبردنیان و بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەو گۆڕانکارییانەی دەیانخوازێت، هەوڵ دەدەن بۆ گۆڕینی دەسەڵات بۆ جۆرێکی تر لە دەسەڵات کە بتوانێت خواستەکانیان لە ماف، ئازادیی، سەربەخۆیی... یان هەر یەکێک لەوانە فەراهەم بکات، بە واتایەکی تر؛ راپەڕینە دژی دەسەڵاتێکی نەخوازراو. 

بەدرێژایی مێژوو شۆڕش روویداوە، بەپێی شوێن و کات، هەروەها شێواز و فاکتەرەکانی پاڵنەرەوە، لە یەکتری جیاوازن. ئەمە جگە لەوەی تەنیا شۆڕشی سیاسیمان نییە، بەڵکوو شۆڕشی ئایینی، کۆمەڵایەتی، پیشەسازی، تەکنەلۆژی، کولتووری، ئابووری، پەروەردەیی و زانستییش هەن، کە لێرەدا باسەکەمان لەسەر شۆڕشی سیاسییە.

دەتوانین بەشێوەیەکی گشتی شۆڕش بۆ دوو جۆری سەرەکی پۆلێن بکەین؛ شۆڕش دژی داگیرکەرێکی دەرکی و بێگانە، یاخود شۆڕش بۆ گۆڕینی سیستمی دەسەڵات.

جۆری یەکەم، زیاتر شۆڕشی توندوتیژانە و چەکدارین، بەڵام شۆڕشیش هەبوون پشتیان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری بەستووە، وەک شۆڕشی گاندی لە هیندستان.
مەبەستی سەرەکیی ئەو جۆرە شۆڕشانە، رزگاربوونە لە داگیرکەر و بەدەستهێنانی سەربەستی و ئازادییە... 

 بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە و پێشتریش، کورد چەندین شۆڕشی بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس کردووە، لەوانە: شۆڕشی بابانییەکان دژی دەسەڵاتی عوسمانی لە 1806 بە سەرپەرشتی عەبدولڕەحمان پاشای بابان لە سلێمانی، شۆڕشی ساڵی 1820 لە ناوچەی زازا دژی عوسمانییەکان، شۆڕشی کوردەکان لە ناوچەکانی هەکاری و رەواندوز لە 1829 – 1839، شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید دژ بە ئینگلیز لە 1918، شۆڕشی سمکۆی شکاک دژ بە عەجەمەکان لە 1921 – 1924، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە 1925، شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) لە 1927 – 1930، شۆڕشی یەکەمی بارزان بە سەرکردایەتی شێخ ئەحمەد بارزانی لە 1931 - 1932، شۆڕشی دەرسیم لە 1937، شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی مستەفا بارزانی لە 1961 – 1975... ئەم شۆڕشانە و دەیان شۆڕشی تریش، بەهۆی چەند فاکتەرێکی ناوخۆیی و دەرەکی و جیهانییەوە شکستیان هێناوە و نەگەیشتوونەتە ئامانج. 

لەسەر ئاستی جیهانییش، چەندین شۆڕش روویانداوە؛ هەیانە بە سەرکەوتن و هەشیانە بە شکست کۆتاییان هاتووە، لەوانە: شۆڕشی ئەمەریکا (1765 – 1783) لە دژی ئینگلیز، شۆڕشی رزگاریخوازی جەزائیر بە سەرکردایەتی عەبدولقادر جەزائیری لە 1832 – 1847 دژی داگیرکاریی فەرەنسی، شۆڕشی لیبیا بە سەرکردایەتی عومەر موختار لە 1911 – 1931 دژی داگیرکاریی ئیتالی، شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەب دژی کۆڵۆنیالیزم، یاخیبوونی تبت لە 1959 و چەندین شۆڕشی تر... 

سەبارەت بە جۆری دووەم؛ شۆڕش بۆ گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتی سیاسی، یان بەشێک لە دامەزراوەکان. ئەم جۆرە لە شۆڕش زیاتر پشت بە جەماوەر دەبەستێت، زیاتر بەهۆی راپەڕین و گردبوونەوە و خۆپیشاندانەوە گۆڕانکاری دەکرێت، یاخود جاری واش هەیە بەهۆی کودەتای سەربازییەوە... لە مێژوودا چەندین شۆڕش و راپەڕین و بەرخودان روویان داوە و تێیاندا سیستمی دەسەڵات لە رەگوڕیشەوە هەڵتەکێنراون، یاخود بەشێکی گرنگی دامەزراوەکان گۆڕانکارییان تێدا کراوە، یاخود شکستیان هێناوە و بە ئامانج نەگەیشتوون، نموونەش زۆرن، وەک: شۆڕشی جووتیاران یان یاخیبوونی وات تایلەر لە ساڵی 1381 لە ئینگلتەرا، شۆڕشی جووتیاران لە ئەڵمانیا لە 1522، شۆڕشی فەرەنسا لە 1789، شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە رووسیا لە 1917، شۆڕشی چین لە 1949، شۆڕشی کوبا لە 1953 – 1959، شۆڕشی 14ی تەمووز لە عیراق، شۆڕشی رۆشنبیریی چین لە 1966 – 1969، شۆڕشی ئێران لە 1979، شۆڕشی مەخمەلی یان شۆڕشی نەرم لە چیکۆسلۆڤاکیا 1989، شۆڕشی پرتەقاڵی لە ئۆکرانیا لە 2004 - 2005، بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکانی عیراق و زۆرێکی تر...

شۆڕشەکان سێ قۆناغی سەرەکییان هەیە:
قۆناغی یەکەم
: قۆناغی پێش لابردنی دەسەڵاتە ستەمکارەکان و داگیرکەران. لەو قۆناغەدا هەوڵ دەدرێت هەموو تواناکان کۆ بکرێنەوە بۆ سەربەخۆیی و دەکردنی داگیرکەر، یان لابردن و گۆڕینی دەسەڵات.

قۆناغی دووەم: چرکەساتی کەوتنی رژێمەکەیە، کە خاڵی وەرچەرخانە و کاتێکی زۆر گرنگە لە تەمەنی شۆڕشەکاندا، لەم قۆناغەدا هەلپەرستەکان دەردەکەون، چونکە لەو ساتانەدا بۆشایی سیاسی دروست دەبێت، ئەگەر شۆڕشگێڕەکان وریا نەبن، ئەوا ئەو هێز و کەسانە بەرگی شۆڕشگێڕی دەپۆشن و شۆڕشگێڕە راستەقینەکان لە گۆڕەپانەکە دوور دەخەنەوە.

قۆناغی سێیەم: ئەو قۆناغەیە کە رژێم، یاخود داگیرکەر نامێنێت. لەم قۆناغەدا لێهاتوویی و وریاییەکی زۆر پێویستە، دەسەڵاتدارە نوێیەکان لە سەرەتاوە دەبێت هەڵسوکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رژێمی پێشوو و تاوانباران و گەندەڵکاران لەسەر بنەمای یاسا و دادگە بێت. ئەو کەسانەی لە رژێمەکەدا بوون و هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، بە گیانی لێبووردەیی و دوور لە توندوتیژی رەفتاریان لەگەڵدا بکەن، ئەوانەی تاوانباریش دەرکرێن، بەپێی یاسا و رادەی ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە، رەفتاریان لەگەڵ بکرێت.

پێویستە پێش دەستپێکردنی شۆڕش چەند خاڵێک بەهەند وەربگیرێن، لەوانە:
1. ئەو شێوازەی پەیڕەو دەکرێت؛ چەکدارییە، یان ئاشتییانەیە یاخود کودەتایە.

2. کێن ئەوانەی شۆڕش دەکەن و دژی کام جۆرە دەسەڵاتەن.

3. ئایا بۆ لابردن و گۆڕینی دەسەڵاتە، یاخود بۆ بەدەستهێنانی مافە، یان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆییە؟

4. هەڵسەنگاندنی تواناکانی شۆڕشگێڕان و تواناکانی بەرانبەر.

5. کاریگەرییە دەرەکییەکان و ناخۆییە سەرەکییەکان لەسەر سەرکەوتن یان شکستی شۆڕشەکە.

زۆربەی جار پێش شۆڕشەکان ئەم هەڵسەنگاندنانە ناکرێن و بەهۆکارێک لە هۆکارەکان شۆڕشەکان دەست پێ دەکەن و چەندین ئامانج و هیوایان لەسەر بنیات دەنرێت. 

باشە ئەگەر مەبەست و ئامانجی شۆڕشەکان رەوان، ئەی بۆ لە زۆربەی کاتەکاندا نەتوانراوە ئامانجەکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕەکان بەدەست بهێنرێن، یاخود هەر لە سەرەتاوە لەبار براون و نەگەیشتوونەتە سەرکەوتن؟ 

هۆکارەکان چی بوون کە نەتوانراوە دوای ئەو هەموو قوربانییە مرۆیی و ئابووری و دەروونییە، ئامانج و هیوا و داواکارییەکان بەدەست بهێنرێن؟ لەگەڵ ئەوەی زۆربەی جاریش رەوتی مێژوویان گۆڕیوە، بەڵام ئامانجە میللییەکانیان کەمتر بەدەست هێناوە. 

هۆکارەکان زۆرن، لێرەدا ئاماژە بە هەندێک هۆکاری سەرەکی دەدەین:
1. لاوازیی روانگەیەکی ستراتیژیی روون لەلایەن سەرکردەکانی شۆڕش و کەرتە جەماوەرییە شۆڕشگێڕەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی دوای رووخانی رژێم، نەبوونی پلانێکی ورد و تۆکمە بۆ گۆڕانکاری لە هەموو سێکتەرەکاندا.
2. نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی خاوەن یەکهەڵوێست و یەکئامانج، بۆیە هەندێک جار لایەنێکیان دەکەونە تەڵەی دوژمنەوە و هەڵەی گەورە دەکەن و ئامانجە سەرەکییەکان لەبار دەبەن.
3. کەمئەزموونیی گەنجەکانی ناو شۆڕش، کە وا دەکات روانگە و تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی قووڵ و وردیان نەبێت بەراورد لەگەڵ هەست و خواستەکانیان و خوێنگەرمییان. بۆ نموونە؛ هەندێک جار ئەو گەنجە کەمئەزموونانە گەر کەسانێک لایەنگریان نەبێت، بە دوژمن لەقەڵەمیان دەدەن و هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن، ئەمەش زیان بە شۆڕش دەگەیەنێت و لە بەرژەوەندیی بەرەی دوژمن دەشکێتەوە.
4. باوەڕبوونێکی کوێرانەی گەنجانی ناو شۆڕش بە پارتە سیاسییەکان و سەرکردایەتییەکانیان، کە وا دەزانن ئەوانە بێ کەموکوڕین و هەڵە ناکەن.
5. هۆکارە دەرەکییەکان، وەک بەرژەوەندیی زلهێزەکان کە ناوچە هەرێمییەکان فەرامۆش دەکرێن و باش هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکرێت... نموونەشمان شۆڕشەکانی کوردە لە کوردستانی گەورە. کورد وەک هیچ گەلێکی تر نییە، خۆیان و خاکیان بەسەر چوار پارچەدا دابەش کراون، هەر پارچەیەکی لەناو دەوڵەتێکی رەگەزپەرستدایە، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن شۆڕشەکانی کورد بگەنە ئامانجەکانیان و ئامانجە ستراتیژییەکانیان بپێکن. زۆربەی جاریش زلهێزەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەچنە پاڵ ئەو دەسەڵاتانە، یاخود هیچ نەبێت چاویان دادەخەن لە تاوانەکانیان. جاری واش هەبووە بۆ ماوەیەک چوونەتە پاڵ شۆڕشگێڕەکان، بەڵام لە ناوەڕاستی رێگەدا جێیان هێشتوون، وەک: شۆڕشی ئەیلوول لە کوردستانی باشوور، شۆڕشی محەمەد موسەدەق لە ئێران، شۆڕشی ئەحمەد عورابی لە قاهیرە، چێ گیڤار لە کۆنگۆ و پۆلیڤیا... و تا سەرکەوتن لەگەڵیاندا نەبوون.
6. تواناکانی دوژمنەکانی شۆڕشیان لە رووی چەک، هێز، ژمارە و ئابوورییەوە بەباشی هەڵنەسەنگاندووە.
7. کورتکردنەوەی ئامانجەکانی شۆڕش بۆ بەرژەوەندی کەسیی لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە.
8. شۆڕشگێڕەکان نەیانتوانیوە دۆستی ستراتیژییان هەبێت.
9. شۆڕشگێڕەکان ستراتیژێکی روونی نەتەوەییان نەبووە، کە بتوانن گەشە بە وڵات بدەن.
10. نەیانتوانیوە لەبەرێتی بۆ خواستەکان و ئەرکەکان و دژەکانی شۆڕش بکەن.
11. هەندێک جار کەس و لایەن هەن دژی گۆڕانکارین و دەیانەوێت هەموو شتێک وەک خۆی بێت، رەنگە سەرچاوەکەی ترس بێت، یاخود بەرژەوەندییەکان پەیوەستن بن بە مانەوەی دەسەڵاتەوە، شۆڕشگێڕەکان ئەمانە ناخەنە بەرەی دوژمن، بەڵام هەر ئەم خەڵکانە دەیانەوێت شۆڕش لە مانا سەرەکییەکەی خۆی لا بدەن و ئامانجەکانیان بەتاڵ بکەنەوە، ئەمانە لە دواڕۆژدا مەترسین بۆ لەناوبردنی ناوەڕۆکی شۆڕشە میللییەکان.
12. هەندێک جار کاتێک شۆڕش دەکرێت، کاتەکەی گونجاو نییە بۆ دەستپێکردن.
13. بەهۆی ململانێ لەسەر دەسەڵات و دابەشکردنی سامان لە دوای رووخانی دەسەڵات.
14. زۆربەی ئەوانەی شۆڕش دژی دەسەڵات دەکەن، لە چینی هەژار و چینی مامناوەندین، کە کاریگەریی پەراوێزخستنیان لەسەرە، ئەگەر چارەسەری کێشە ئابوورییەکان نەکرێت، ئەوا بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکە خۆی بە مردنێکی زوو مەحکوم دەکات و دادەمرکێتەوە.
15. کێشەی سەرەکی کە شۆڕشگێڕەکان یان ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەونە تەڵەیەوە، ئەوەیە کە سەرانی دەسەڵات و سیستمی دەوڵەت هەموو پێکەوە دەبەستنەوە، وا مەزەندە دەکەن کاتێک سەرانی دەسەڵات نەمان، ئەوا هەموو سیستمەکە دەڕووخێت، ئەم تێکەڵکردنە لە خزمەتی دەسەڵاتی پێشوودا دەبێت و زوو ریزەکانی خۆیان رێک دەخەوە و دەسەڵات دەگرنەوە دەست.

شۆڕش و بەدەستهێنانی ئامانجەکان:
شۆڕش گەشت و سەیران و خۆشیی نییە، هەروەها رووداوێک نییە ئامانجەکانی لە پاکەتێکدا ئامادە کرابێت و دەستبەجێ بەدەست بهێنرێت، بەڵکوو رێگەیەکی دوورودرێژە، پێویستی بە شەڕ و پشوودرێژی و ماندووبوونێکی زۆر و پلانێکی تۆکمە و کاتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێک لە ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت. بەپێی زانستی سیاسی، شۆڕش واتای گۆڕانکارییە لە سیستمی سیاسی و کەسە سەرەکییەکانیدا، بەڵام لە رووی کۆمەڵناسییەوە، بە مانای گۆڕانکاریی ریشەیی و قووڵە لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەگەر هەردوو پێناسەکە بەهەند وەربگیرێن و میللەت لە رووخاندنی دەسەڵاتدا سەرکەوتوو بوو، ئایا ئەم گەلە راستەوخۆ دەتوانێت ئەو دروشمانەی کاتی شۆڕش یاخود راپەڕینەکە بەدەست بهێنێت کە دژی واقیعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەخوازراو وەستابوون و هاواریان بۆ دەکرد، یاخود لەپێناویدا شەڕیان دەکرد؟ ئایا سەرکەوتوو دەبن لە دامەزراندنی حوکمڕانییەک کە خەونیان پێوە دەبینی و بە جۆشوخرۆشەوە کاریان بۆ دەکرد؟ بەدڵنیاییەوە هەموو ئەمانە نە راستەوخۆ دێنە دی و نە گەرەنتییش هەیە بێنە دی. ئەگەر رزگاربوون لە دەسەڵاتێک بەدەست هێنرا؛ ئەوا دەسەڵاتێکی تر دێتە جێگەی کە رەنگە ئەم دەسەڵاتە تازەیە باش بێت و ئەگەریش هەیە خراپتر و گەندەڵتر بێت، رەنگە ئەو کەسانەی دەسەڵاتی تازە دەگرنە دەست لە سەرەتاوە کەسانی دووڕوو بووبن، داواکاری و رقی جەماوەریان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار هێناوە و خۆیان خستووەتە پاڵ شۆڕشگێڕان، دەزانن چۆن سواری شەپۆل ببن و دەشزانن گۆشتی ران لە کوێوە دەخورێت. لەبەر ئەوە زۆرێک لەو بزووتنەوە رەوایانە لە سەرەتادا بۆ رووخاندنی دەسەڵات سەرکەوتوو دەبن، بەڵام لە کاتی گۆڕینی دەسەڵاتدا دەبینن تەنیا دەموچاوەکان گۆڕاون و هیچی تر. 

بەداخەوە، شۆڕشەکانی کورد دژی داگیرکەر، بە هەمان دەردی زۆربەی شۆڕشە رەواکانی جیهان تووش بووە و خراپتریش، چونکە کورد هەم لە یەک پارچەدا نین، هەمیش لە زۆربەی کاتدا دژی یەکتر کار دەکەن، یاخود هیچ نەبێت پاڵپشتی یەکتر نابن و یەکگرتوو نین. لە کۆتاییدا وەک وینستن چەرچڵ دەڵێت: نە سەرکەوتن کۆتاییە و نە دۆڕانیش هەتاهەتاییە. تەمەنی گۆڕانکاری لە تەمەنی مرۆڤ و دەسەڵاتەکانیان درێژترە و بەزوویی هەموو ئامانجەکانی شۆڕش بەدەست ناهێنرێن. 

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan