نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

خاڵە لاوازەکانی ژن لە کاتی کارکردندا

زۆربەی جار زۆرێک لە ژنان بە توندی رەخنە لە خۆیان دەگرن و بایەخ بە دەستکەوتەکانیان نادەن، ناڕازین لە ئەنجامی کارەکانیان، چونکە هەست دەکەن پێویستیان بە کاری زیاتر و دەرفەتی باشترە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندووبوون لە رووی دەروونی و جەستەییەوە و بە تێپەڕبوونی کاتیش، دەبێتە هۆی لەدەستدانی گوڕوتین.

هەندێک لەو خاڵە لاوازانەی کە لە لایەن بەشێک لە ژنان بە دی دەکرێن:

- ترس لە چاوپێکەوتن لە کاتی گەڕان بە دوای کاردا: زۆرێک لە ژنان هەست بە دڵەڕاوکێ و دوودڵی دەکەن لە کاتی قسەکردن لەبەردەم خەڵکدا، جا لە کۆبوونەوەدا بێت، یاخود لە کاتی چاوپێکەوتن بۆ کارێک. دەکرێت ئەمە چارەسەر بکرێت بە بەشداری لە خولی راهێنانی پەیوەست بە هونەری قسەکردن لەبەردەم خەڵکدا.

- راڕایی و کامڵی: هەندێک لەو ژنانەی کار دەکەن، دەیانەوێت باشترین و پێرفێکت بن لە کارەکانیاندا، ئەمەش بارگرانییەکی زیاد لە پێویستیان لەسەر دادەنێت و توانای بەردەوامبوونیان لەگەڵ خێرایی کارەکانیان کەم دەکاتەوە، لەکاتێکدا باشترین بژاردە، ئەوەیە کارەکانیان بە کوالێتیی بەرز و خێراتر تەواو بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە پێرفێکتی و کامڵی. 

- نەبوونی ئەزموون و لێهاتوویی پراکتیکی و راهێنانی تەکنیکی: ئەم خاڵە، یەکێکە لە خاڵە لاوازە دیارەکانی زۆرێک لە ژنانی کرێکار، زۆر جار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی راهێنانی کرداری و خوێندن و راهێنانی تەکنیکی لەبەردەستی ژناندا سنووردار کراوە، هەلی بەدەستهێنانی ئەزموون و لێهاتوویی پراکتیکییان کەمە، کە پێویستییەکی گرنگە بۆ ئەوەی کارەکانیان بە باشتر ئەنجام بدەن.

- هەندێک جار زیاد لە پێویست بایەخ بە وردەکاریی بچووک دەدەن: گرنگیدان بە وردەکارییە بچووکەکان، بەدڵنیاییەوە دەتوانێت سوودێکی بەراوردکاری بە ژنانی کرێکار و کارمەند بگەیەنێت لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانی رۆژانەیان، بەڵام زیادەڕەوی لە گرنگیدان بە وردەکارییەکان تا رادەی راڕایی، کاردانەوەی نەرێنیی دەبێت و کاریگەری لەسەر ریتمی کارکردن دەبێت.

- دوودڵی لە رەتکردنەوەی بارگرانی و ئەرکی زیادە: زۆر جار ژنانی کرێکار ناتوانن ئەو ئەرکە زیادانە رەت بکەنەوە کە لە لایەن بەڕێوەبەر و هاوکارەکانیانەوە داوایان لێ دەکرێت، ئەمەش بارگرانییەکی زیاتریان دەخاتە سەر و دەبێتە هۆی هەستکردنیان بە ماندووبوون، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانای ئەنجامدانی کارە سەرەکییەکانیان دەبێت.

- ترس: هەندێک ژن هەن کاتێک بارودۆخی سەخت و مەترسیدار بەسەریاندا زاڵ دەبێت، ترسی تەواویان لێ دەنیشێت و دەبێتە هۆی ئەوەی دەستبەرداری ئامانجەکانیان ببن و ئیرادەیان لەدەست دەدەن، ئەمەش زۆربەی جار لە کاتی دروستبوونی دۆخێکی نەخوازراودا پەیدا دەبێت. 

هەندێک خاڵی تریش هەیە کە رەنگە لە زۆربەی کەسدا بە ژن و پیاوەوە هەبێت، وەک: بێمتمانەیی، رەخنەگرتنی زۆر و لە هیچ رازینەبوون، کەللەڕەقی، کەسایەتی نەرێنییانە، دواخستنی کار، سەرقاڵی بە چەند کارێک و بێتوانایی لە دەستپێشخەری... هتد.

دەستنیشانکردنی خاڵی لاواز و بەهێز لای هەر تاکێک، چ ژن و چ پیاو، گرنگە، بەڵام جەخت و فۆکەسکردن لەسەر خاڵە بەهێزەکان، ژیانێکی باشتر فەراهەم دەکات و کەسەکە زیاتر هەست بە ئارامیی دەکات، بەڵام ئەوەش ناگەیەنێت گوێ بە خاڵە لاوازەکان نەدرێت. دەکرێت خاڵە لاوازەکان پۆلێن بکرێن، ئەوانەی بەئاسانی دەتوانرێت باشتر بکرێن، بۆ نموونە؛ لە رێگەی راهێنان و خول و رێنوێنییەوە، دەبێت بخرێنە هەنگاوەکانەوە بە کردەوە. ئەوانەی ئەستەمترن، دەکرێت سوود لە رێنمایی پزیشک و پسپۆڕەکان وەربگیرێت، چەندین رێگە هەیە بۆ خۆبەهێزکردن، هیچ کەسێکیش نییە هەردوو لایەنەکەی نەبێت؛ خاڵی بەهێز و خاڵی لاواز. 

خ.غ 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan