نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

هەندێک رێنمایی پێش دەستپێکردنی کار، یاخود پرۆژە

بۆ ئەوەی پرۆژەیەکی تایبەت بە خۆت دابمەزرێنیت و سەرکەوتوو بیت، پێویستت بە چەند تێبینییەک هەیە کە پەیڕەویان بکەیت، وەک:

- جدیبوون و ئارەزوو و ئامانج: هەر یەکێک لە ئێمە ئارەزوو و ئاواتێکی هەیە، کە هەوڵ دەدات بەدەستی بهێنێت. بۆ بەدەستهێنانیشی، دەبێت پلانمان هەبێت، پلانیش دەبێت هەنگاوی کرداریی بۆ بنرێت و هەنگاوەکان بەپێی ریزبەندی و لەبەرێتی جێبەجێ بکرێن، دەنا تەنیا لە حەز و ئارەزوودا دەمێنێتەوە و چەقبەستوو دەبێت.

- جیاوازبوون و تایبەتمەندی: ئەگەری ئەوە هەیە هەمان بیرۆکەی تۆ جێبەجێ کرابێت و بووبێت بە پرۆژە، رەنگە هەمان کاڵا بفرۆشیت؛ بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، دەبێت جێدەست و تایبەتمەندیی خۆتی پێوە دیار بێت. باش نییە هەمان شێوازی سەرکەوتووی کارەکان کۆپی بکەیتەوە، دووبارەی هەمان شێوە بێت و مۆرکی خۆتی پێوە دیار نەبێت. گەر خەڵک تازەگەریی تێدا بە دی نەکەن، کەمتر رووی تێ دەکەن.

- چاوەڕوانیی سەرکەوتن و رەتکردنەوەی شکست: پێویستە باوەڕت بە توانا و سەرکەوتنت هەبێت و بە متمانەوە کار بکەیت، بۆ ئەوەی وشەی شکست نەچێتە ناو پرۆژەکەتەوە.

- دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزەکان: هەموو تاکێک خاڵی بەهێزی خۆی هەیە، کاتێک هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی پرۆژەیەک دەدەیت، بایەخ بەو خاڵە بەهێزانە بدە و بەهەندیان وەربگرە، ئەمە وا دەکات زیاتر سەرکەوتوو بیت. دەکرێت لە هەمان کاتدا خاڵە لاوازەکانیش بە فێربوون و راهێنان بەهێز بکرێن.

- بایەخی بیرۆکە: بیرۆکە یەکەم هەنگاوە و گرنگە، پرۆژە بە بیرۆکە دەست پێ دەکات و هەموو قۆناغەکانیشی لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکەیە دادەمەزرێن و بەڕێوە دەچن.

- پلاندانان بۆ دەستپێکردنی پرۆژە: پێویستە هەر پرۆژەیەک پلانێکی روونی داڕێژراوی هەبێت، کە بتوانرێت بەو کەرەستانەی لەبەردەستدان، جێبەجێ بکرێت و پلانی جێگرەوەش هەبێت، کە پێی دەوترێت "پلان B".

- گرنگیدان بە وردەکارییەکان: دەبێت پرۆژەکە و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی بەوردی بنووسرێن و لەگەڵ توانا و واقیعدا بگونجێن و لە خەیاڵپڵاوی دوور بن، بۆ هەر قۆناغێک کات دیاری بکرێت و هەوڵ بدرێت لە کاتی خۆیاندا بەئەنجام بگەیەنرێن، سەرەڕای ئەمانەش، بەدواداچوونی ورد بکرێت بۆ هەموو قۆناغەکان لە کاتی جێبەجێکردنیاندا.

- تیمی گونجاو و سەرکەوتوو: پێش دەستبەکاربوون و لە کاتی دەستبەکاربووندا، دەبێت تیمێکی باش هەڵبژێردرێت کارت لەگەڵدا بکات.

- ئامادەکاریی پێشوەختە: بۆ هەموو مەترسییەک خۆتت بۆ ئامادە کردبێت، بۆ نموونە؛ باری ئاسایش، گرانبوون یان نەمانی کەرەستە، گۆڕانکاریی کەشوهەوا، دۆخی بازاڕ...هتد، لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە لە کاتی داڕشتنی پلانی پرۆژەکەت.

- تێگەیشتن لە بازاڕ و شوێنی کار: لەو خاڵە گرنگانەی کە دەبێت پێش دەستبەرکابوون هەڵسەنگاندنت بۆ کردبێت، دیراسەکردنی بازاڕ و ئەو شوێنەیە کە دەتەوێت کاری تێدا بکەیت، بۆ نموونە؛ ناکرێت خەون و پلانی دانانی رێستۆرانتێکت هەبێت لە کاتێکدا بازاڕ پڕ بووە لەو جۆرە رێستۆرانتە، ئەگەر جیاواز و ناوازە نەبێت، ئەوا سەرکەوتنی گەورە بەدەست ناهێنێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan