نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

ئەگەر ژنان بیانەوێت لە پیشەکانیاندا سەرکەوتوو و سەقامگیر بن، دەبێت دەستنیشانی خاڵە بەهێزەکانیان بکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لە بواری کارەکانیاندا بەکاریان بهێنن و سوودیان لێ وەربگرن و بەردەوامیش هەوڵی بەهێزکردنیان بدەن. هەروەها نابێت چاو لە خاڵە لاوازەکانیش بپۆشن، باشتر وایە دانیان پێدا بنێن بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و زاڵ بن بەسەریاندا. بۆ بەهێزکردنی خاڵە لاوازەکانیان، دەکرێت سوود لە ئەزموون و ئامۆژگاریی کەسانی باوەڕپێکراو و شارەزا ببینن.

خاڵە بەهێزەکانی ژنان لە شوێنی کاردا:
- لە بواری پەیوەندیدا باشترن بەراورد بە پیاوان: ئەم خەسڵەتەی ژنان، یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەندێک قەیران و کێشە، کە لە ئەنجامی هەڵە تێگەیشتن و خراپیی پەیوەندیکردندا دێنە ئاراوە.
- لەگەڵ تیمی کار باش خۆیان دەگونجێنن: ژنان سەلیقەیەکی باشیان هەیە بۆ کاری پێکەوەیی و گرووپ، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی دوور لە  تاکڕەوی و ئارەزووی دەرکەوتن، ئەمەش وایان لێ دەکات نموونەیەکی نایاب بن بۆ کاری پێکەوەیی.
- خۆفێرکردن و هەوڵدان بۆ سەلماندنی خود: بە بەراورد لەگەڵ هاوپیشە پیاوەکان، زۆر جار ژنانی کرێکار و کارمەند هەست دەکەن دەبێت لە پیاوان زیاتر کار بکەن و هەوڵی فێربوونی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، گرنگترینیان: ژنان دەزانن قورستر دەتوانن پۆست و پیشەی خوازراو و مووچەی بەرز بەدەست بهێنن بەراورد بە پیاوان، کە ئاسانتر دەستیان دەگات بە خواستەکانیان...
- گرنگیدان بە وردەکارییەکان: ژن خۆڕسکانە وردبینە و بایەخ بە وردەکاریی دەدات، ئەمەش بە ئەرێنی بۆ کار دەگەڕێتەوە، هەر بۆیە ژنان زۆربەی جار لە دۆزینەوەی هەڵەی بچووک لە شوێنی کارەکانیاندا سەرکەوتوو دەبن، کە رەنگە زۆرێک لە هاوپیشە پیاوەکان هەستیان پێ نەکردبێت.
- روانگەی ئەرێنی و رۆحیەتی گەشبینی: ژنان زۆربەی کات روانگەیەکی ئەرێنییان هەیە، ئەمەش یارمەتییان دەدات باشتر مامەڵە لەگەڵ قەیران و بارودۆخە سەختەکاندا بکەن، کە کاردانەوە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژینگەی کارکردنیش دەبێت.
- توانای چارەسەرکردنی کێشەکان: بەشێوەیەکی گشتی، ژنان توانایەکی زۆریان هەیە بۆ دۆزینەوەی کێشەکان و گەڕان بەدوای بیرۆکە و رێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان، هەروەها بە لایانەوە نە شەرمە و نە ئەستەمە ئەگەر داوای هاوکاریی لە کەسانی تر بکەن بۆ مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرەکان.
- گەڕان بەدوای کوالێتیی باشدا: بە حوکمی ئەوەی ژنان رۆژانە کەلوپەل و ئامرازەکان بەکار دەهێنن، بۆیە بەدوای کوالێتیی باشدا دەگەڕێن، ئەم خەسڵەتە، لە جۆری بەرهەم و کارەکانیاندا رەنگ دەداتەوە.
- شارەزایی لە رێکخستن: ژنان بەگشتی توانای رێکخستنێکی زۆر باشیان هەیە لە رێکخستنی کات و بەکارهێنانی سەرچاوەکان بەشێوەیەکی کارا و کاریگەر و تەواوکردنی ئەرکەکانیان لە کاتی خۆیدا.
- ژینگەی پاک: ئەو شوێنانەی کار کە ژن بوونیان تێیدا هەیە، دەبینین راگرتنی ژینگەی پاک و جوانکاریی شوێنی کارەکان بەتەواوی بە دی دەکرێت.
- ژن لە فرەکاردا باشە: بەگوێرەی ماڵپەڕی (Survey Bee)، لەگەڵ ئەوەی ژنان زیاتر لە پیاوان کاریان پێ دەسپێردرێت و سەرەڕای زۆر پچڕانیان، ئاسانتر و خێراتر دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ئەنجامێکی باشتر و زیاتر لەچاو پیاوان بەدەست دەهێنن، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە لە فرەکاردا باشن، بۆیە دەتوانن هاوسەنگیی لە نێوان کار و خێزاندا ئەنجام بدەن. ئەم توانایە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی ژنان هەیە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan