نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

گرنگیی ژن لە شوێنی کاردا

بوونی ژن لە کاردا، تەنها سوودەکەی بۆ ژن نییە، بەڵکو بۆ کارەکەش گرنگە، بوونی ژن لە شوێنی کاردا دەرفەتی داهێنان و کاری ناوازە زیاتر دەکات، لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کاتێ کە فرەچەشنیی رەگەزەکان لە ژینگەی کاردا دەبن، دەرگای داهێنان و تواناکان واڵادەکات و بەرزدەبێتەوە، ئەزموون و شارەزایی جیاواز بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی کار بە شێوازی جیاواز نوێتر ئەنجام دەدرێن، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا گەورەکان لەسەر ئاستی جیهان هەمە چەشنی و هەمەجۆری لەنێوان کارمەندەکانیاندا دروستبکەن لەڕووی رەگەز و تەمەن و کولتوور و... هتد.

هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا دادەمەزرێنن کەمتر جیاکاری لەسەر بنەمای  رەگەزی تیایاندا هەیە و بە تێپەڕبوونی کات رێژەی ژنانی کرێکار و کارمەند لە کۆمپانیاکەدا بەرزدەبێتەوە و جیاوازیی رەگەزی تا ئاستی نەبوون کەم دەبێتەوە.

ژنان بەشێوەیەکی سروشتی دەتوانن لەهەمانکاتدا چەندین کار پێکەوە بکەن، بۆ نموونە لەوکاتەی منداڵەکەی بەدەستەوەبێت دەتوانێت وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بداتەوە و لەهەمانکاتیشدا خەریکی چێشتلێنان بێت، بۆیە دەتوانێت چەندین ئەرک لەهەمانکاتدا ئەنجام بدات، ئەمەش وادەکات بەرهەمهێنان خێراتربکەن، لەدواییدا ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە دارایی دامەزراوەکە و داهێنانیش زیاتر دەبێت.

هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە؛ ئەو دامەزراوانەی بایەخیان بە هەمجۆرێتی و هەمەچەشنی لە دامەزراندندا داوە، فرۆشیان زیاتر دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی قازانجی زیاتر، لە کەرتی گشتیشدا توانیویانە خۆیان وەکو کەسی لێهاتوو بسەلمێنن.

توێژینەوەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو ژنان دەتوانن خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ کار بەرزتربکەنەوە لای کارمەندەکان بەهۆی رۆڵ و کاریگەرییانەوە، هەروەها ژنان ئاسانتر لە پیاوان توانای چارەسەرکردنی کێشەی ناو دامەزراوەکانیان هەیە، هەروەها لە شوێنی کاردا وەکو مامۆستا بە سروشتی خۆی توانای دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی هەیە و دەشتوانێ ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای کەسە نەشارەزاکان و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکان بۆ ئەوەی بە رێگەی جیاواز بەهێزی بکەنەوە.

هەروەها لەو شوێنانەی رێژەی ژنی کارکەر زۆربێت، هەلی کاری زیاتریش دەڕەخسێ، بۆ نموونە زۆربەی جار خاوەن کارگە و دامەزراوەکان بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ ژنان و هاوسەنگکردنی بەرپرسیارێتیی خێزان و کارەکەی، باخچەی ساوایان لەناو دامەزراوە یان کارگەکەیدا دروستدەکات و ئەوەش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ کارکردنی چەندین ژن تیایدا.

خ.غ 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan