نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ئەو کێشانەی رووبەڕووی ژن دەبنەوە لە شوێنی کاردا

ژنان هەوڵ دەدەن لە شوێنێک کار بکەن کە لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بگونجێت و ئارامی و ئاسوودەییان پێ ببەخشێت، بەڵام بەشێک لەو ژنانە لەم جۆرە شوێنانە کاریان دەست ناکەوێت و تووشی ئاستەنگ دەبنەوە.

هەراسانکردن و دەستدرێژی لە شوێنی کاردا:
هەندێک لە ژنان لە شوێنی کار و لە لایەن هاوپیشەکانیانەوە رووبەڕووی هەراسانکردن و دەستدرێژی دەبنەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونییان دەکات؛ دەبێتە هۆکار بۆ کەمتەرخەمی لە کارەکەیاندا. یەکێک لەو شتانەی لێی دەترسن، ناوزڕاندن و تێکدانی پەیوەندیی خێزانییە. زۆربەی جار ئەو ژنانە زانیارییان نییە چۆن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، یاخود شارەزای یاساکانی کار نین، بۆیە ئەگەری هەیە هیچ چارەسەرێکیان لە لا نەبێت و واز لە کارەکە بهێنن، بەم شێوەیە ماف و دەرفەتی کارەکەیان لە دەست دەدەن.

بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای (مەکەنزی)، ئەو ژنانەی بەهۆی دەستدرێژی و هەراسانکردنەوە لە کارەکانیان واز دەهێنن، زۆر زیاترن لەوانەی بەهۆی هۆکارێکی دیکەوە وازیان هێناوە.

جگە لە هەراسانکردن و گێچەڵپێکردنی سێکسی، کە کاریگەرترینیانە، چەندین هۆکاری دیکەش هەن، لەوانە:
-  شوێنی کار: ئەگەر شوێنی کارەکەی لە ماڵەکەیەوە دوور بێت و هیچ ئامرازێکی گواستنەوەی تایبەت و شیاو نەبێت، یاخود بەردەست نەبێت، تێچوو و وزەیەکی زۆری پێویست دەبێت، بەناچاری واز لە کارەکەی دەهێنێت، بەتایبەتییش ئەگەر شوێنی نیشتەجێبوونی، یاخود بە پێچەوانەوە شوێنی کارەکەی لە دەرەوەی شار بێت.
- نایەکسانی لە مووچەدا: لە زۆر وڵات و لە زۆربەی کارەکاندا بە بیانووی جیاوازەوە مووچەی ژنان یەکسان نییە لەگەڵ مووچەی پیاوان، جیاوازییەکانیش لە نێوان لە سەدا دە بۆ لە سەدا سییە بۆ هەمان کار.
- تەشەر و قسەی نابەجێ: ئەگەری ئەوە هەیە زۆر جار بەهۆی ئیرەییەوە قسەوقسەڵۆکی نەشیاو لە شوێنی کاردا بۆ ژنان هەڵببەسترێت و خاڵە لاوازەکانی هاوپیشەکان بکرێتە دەرفەت بۆ ئەوەی زیان بە یەکتری بگەیەنن، یاخود درۆ و بوختان بکرێت بۆ ئەوەی کەسایەتی بشکێنن و وێنەی راستەقینەی بشێوێنن و شوێنی کارەکەی پێ لەق بکەن.
- سروشتی بەرپرس، یاخود بەڕێوەبەری کار: هەندێک جار ئەگەری ئەوە هەیە بەڕێوەبەرەکە ببێتە مایەی سەرئێشە و دروستکردنی کێشە و ناڕەحەتی، بەتایبەتییش ئەگەر کەسێکی نێرسالار بێت، یاخود باوەڕی وابێت کە ژنان کەمتواناترن لە پیاوان، یان لە سروشتی پێکهاتەی جەستەی ژن و کێشە تەندروستییەکانی شارەزا نەبێت، یاخود بیەوێت بە مەبەست شوێنی کارەکەی پێ چۆڵ بکات. بۆ ئەوەش کاری قورستر لە توانای ژنەکە دەخاتە ئەستۆی.
- جیاکاریی رەگەزی لە شوێنی کار: هەندێک خاوەنکار پێیان باشە پیاو دابمەزرێنن نەک ژن، پێوەرەکانی لێهاتوویی و ئەزموون و بڕوانامە پشتگوێ دەخەن، بەشێوەیەک تەنیا بە دیدی نێرسالارییانە دەستنیشانی کارمەندەکان دەکات و پۆستە گرنگەکانیش پشکی شێر دەدات بە پیاوان، ئەمەش دەرفەتی خۆسەلماندن لەبەردەم ژن کەم دەکاتەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan