کوردستانی

ئیسماعیل قائانی دوو پەیامی گەیاندە هەرێم و بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئیسماعیل قائانی دوو پەیامی گەیاندە هەرێم و بەغدا
مەودا میدیا-

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی بۆ عیراق جگەلەوەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بووە، دوو پەیامی وڵاتەکەی بەلایەنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە دەبێت لایەنە عیراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان رازی ببن و لایەنە کوردیەکانیش نابێت بچنەناو بەردەئاشی ململانێی شیعە و شیعە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە "ئەم رۆڵەی ئێستا ئێران لە عیراق دەیگێڕێت نە تازەیە و نەکۆنە، بەشێوەیەکی گشتی بمانەوێت یا نەمانەوێت ئێران لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەمن و ئاسایشی عیراقی بە ئەندازەی ئەمن و ئاسایشی خۆی پێ گرنگە، هەروەها لە سەردانەکەی ئاغای قائانی لەمکاتەدا بۆ عیراق سەردانێکی گرنگ بوو، چونکە هەوڵدان بۆ کارێکی قێزەونی وەک تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عیراق نەک لە بەرژەوەندی ئێران نییە بەڵکو لەبەرژەوەندی هیچ کەس نییە کە کاربگاتە ئەوەی ئێران و عیراق خەڵک لەیەکتر تیرۆر بکەن".

ئاماژەی بەوەشكردووە "سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی جگە لەوەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بوە لە عیراق پاش هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، هاوکات بۆ ئەوەبوو پەیام بدات بەو کەسانەی خۆیان بە نزیکی ئێران دەزانن لەبری ئێران شەڕ نەکەن لە عیراقدا ، وە بڕیار نەدەن چونکە وەک هەمیشە ئێران وتویەتی ئێمە خۆمان دەزانین لەکوێ شەڕ دەکەین؟ بۆ شەڕ دەکەین وە بۆچی دەیکەین؟، هەروەها من زانیاری وردم لانییە لەسەر سەردانەکەی قائانی بۆ عیراق، بەڵام ئەمە لێکدانەوەی خۆمە، بەشێوەیەکی گشتی ئاغای قائانی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەو دیوو سنور لە نێویشیاندا عیراق، بۆیە ئەوەندەی من بزانم و بیخوێنمەوە، ئەوەیە دەبێت لایەنە عیراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان رازی ببن".

هاوکات نازم دەباغ سەبارەت بە سەردانەکەی قائانی بۆ کوردستان و پەیامی بۆ لایەنە کوردییەکان رایگەیاند "من پێم وایە هەمیشە قائانی کە چووەتە عیراق دەرفەتی هەبوبێت سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کردووە ئەمەش وەک واتای ئەوەی کوردیش بە ئەندازەی ئەو لایەنە شیعەی ئێران دەیبنیێت لە بەغدا بۆ ئێران گرنگە، بۆ پارسەنگی سیاسەت لە عیراق، پەیامی ئێرانیش بۆ کورد ئەوەیە کە کورد نەکەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بەشیعە، کە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا رێکبکەون ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عیراق بکات".

سەبارەت بە لایەنی کوردیش نوێنەری هەرێم لەئێران دەڵێت "کورد ناتوانێت بچێتە هیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر بوەستێتەوە چونکە بۆ ئێمە( کورد) نە ئێران ئەو هێزەیە کە بتوانێت لە هەموو کاتێکدا پارێزگاریمان لێبکات، نە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش ئەو هێزەن تا ئەو متمانەیان پێبکرێت و پشتییان پێ ببەسترێت، بەڵکو کورد دەبێت بێ لایەن بێت".

ر. ب
Qaiwan
Qaiwan