کوردستانی

هۆشدارییەکی بەپەلە لە تەندروستیی سلێمانییەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆشدارییەکی بەپەلە لە تەندروستیی سلێمانییەوە
مەودا میدیا- رێبین بازیانی

سەبارەت بە کەمبوونەوەی بڕی دەرمان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە سلێمانی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر حکومەت شایستە داراییەکان بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان دابین نەکات، بڕی دەرمان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە پارێزگاکە بۆ نیوە کەمدەبێتەوە".
 
ئەمڕۆ شەممە 13ی تشرینی دووەمی2021 هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەبارەت بە کەمبوونەوەی دەرمان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە پارێزگاکە راگەیاند "بازرگانان هەڕەشەی نەهێنانی دەرمان دەکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، لەبەر ئەوەی حکومەت لە مانگی دووی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی بۆ خەرج نەکردوون".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "لە سەرەتای ئەمساڵەوە کێشەی کەمیی دەرمانمان بۆ دروست بوو، سەرەتا لە نەخۆشخانەی هیوا کێشەکە سەریهەڵدا، هەرچەندە تاڕادەیەک چارەسەرکرا، بەڵام کێشەکە ئێستا فراوان بووە و مەترسی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستیی سلێمانی دروست دەکات".
 
 باسی لەوەشکرد " زیاتر لە 80 کۆمپانیا هەن دەرمان دابین دەکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و پێشتر بڕیارێک دراوە مانگانە %2ی شایستە داراییەکانیان پێبدرێت، بۆ نموونە کۆمپانیایەک بە بڕی 100 ملیۆن دینار دەرمانی دابینکردبێت، بە 50 مانگ پارەی بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕانکاری بەسەرداهات و بڕەکەی کرا بە %20، کۆمپانیاکانیش بەمە رازی نەبوون و نەچوونە ژێرباری ئەم بڕیارە"، وتیشی،  لە مانگی دووی ئەمساڵەوە -شوبات- شایستە داراییەکان بۆ ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کردوون دابین نەکراوە و کۆمپانیاکان هۆشدارییان پێداون ئامادەنین دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دابین بکەن".
 
ر. ب

Qaiwan
Qaiwan