ئابووری

مژدەیەك بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


مژدەیەك بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان
مەودا میدیا-

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پرۆژەیەكی ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان كە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی حكومەت خۆی لە جوتیارانی بكڕێتەوە.

حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە مەودا میدیای راگەیاند "پرۆژەیەكمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی كە لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە و بەغداش وەریناگرێت بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی ئەو گەنمە لە جوتیاران بكڕێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر پرۆژەكەی ئێمەداوە و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی پێكهێناوە كە لە نوێنەری حكومەت، وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و پلاندانان و بازرگانی و كشتوكاڵ پێكدێت بۆ ئەوى كار لەسەر ئەوە بكەن".

هەروەها وتی "هیواداراین ئەمساڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی ئەو بڕە گەنمەی جوتیاران بكڕێتەوە كە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی جوتیار ناچار نەبێت بە بڕێك پارەی كەمتر لە بازاڕ بیفرۆشێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی مەودا میدیا لە پرۆژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ كە ڕەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە پلان بۆ ئەوە دانراوە بڕی 500 هەزار تەن گەنمی جوتیاران وەربگرێتەوە چونكە كۆی بەرهەمی جوتیاران دەگاتە سەرو 1 ملیۆن تەن و بەغداش تەنها بڕێكی كەم وەردەگرێت.
Qaiwan
Qaiwan