کوردستانی

سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر پەرلەمانتارێکی پێشووی ھەدەپە سەپێندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر پەرلەمانتارێکی پێشووی ھەدەپە سەپێندرا
مەودا میدیا-

لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری پێشووی ھەدەپە و هاوسەرۆکی کەجەدە بە پێنج ساڵ زیندانیکردن لەلایەن دادگایەکی تورکیاوە سزا درا.

دوێنێ هەینی 26ی تشرینی دووەمی 2021 لەیلا گوڤەن, پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) و ھاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخستنی قەدەغەکراو و بەھۆی لێدوانێکی لە 15/2/2020 لە پانێلێکدا لە گەڤەر، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، کە لەو لێدوانەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لاببرێت بۆ ئەوەی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێت.

دوێنێ هەینی لەیلا گوڤەن لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە چوارەمین دادگای سزای ئاسلیا لە جۆلەمێرگ کرد، ھاوکات پارێزەرەکەشی ھەر لە رێگەی ڤیدیۆوە لە ئامەدەوە بەشداری دانیشتنەکە بوو، لە کۆتایی دانیشتنەکەدا دادگا سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

ئەوەش لە کاتێکدایە لەیلا گوڤەن لە نۆیەمین دانیشتنی دادگای سزا قورسەکانی ئامەدیش 18 جۆر تۆمەتی رووبەڕوو کرابووەوە، بۆ ھەر دۆسیەیەکیش سزای بەسەردا سەپێنراوە.

ر. ب

Qaiwan
Qaiwan