کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی پێشمەرگە: تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن
مەودا میدیا-

وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش رایگەیاند، نابێت چیدیکە رێگە بدەین تیرۆریستان مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەکانیان وەکو خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت، وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت  "خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن".

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد "شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیاندا، لەو پەلامارە دڕندانەیەدا کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ ھاوڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکیش برینداربوون، ھێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەھانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن".

باسی لەوەشکردووە "دواتر ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەھیدبوون".

ئەوەشی خستووتەڕوو "ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و ھاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و  بەبێ چاوەڕوانی کردن دەبێت ئۆپەرسایۆنی ھاوبەش دەست پێبکەن و نابێت چیتر رێگە بدەن، تیرۆریستان مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان ھەبێت، خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن".

ر. ب
Qaiwan
Qaiwan