کوردستانی

سەرۆکی هەرێم: هێرشەکانی داعش کاردانەوەی توند و خێرای دەوێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکی هەرێم: هێرشەکانی داعش کاردانەوەی توند و خێرای دەوێت
مەودا میدیا-

سەرۆکی سەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی داعشەوە لە بناری قەرەچوغ کە 10 پێشمەرگە و هاوڵاتی شەهید بوون, دەڵێت "هێرشەکانی داعش کاردانەوەی توند و خێرای سەربازیی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت".

ئەمڕۆ هەینی سێی کانوونی یەکەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ریگەیاند "زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی رابردووى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچوغ لە سنووری مەخمور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤيل ده‌كه‌ين".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "هێرش و پەلامارى رۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری رێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشایی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە".

باسی لەوەشکردووە "لە رووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی راستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لە پێشینەی نیشتمانی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین".

ر. ب

Qaiwan
Qaiwan