کوردستانی

رێکخراوەکان یاداشتێکی هاوبەشیان سەبارەت بە رووداوەکەی دوێنێ شەوی سلێمانی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێکخراوەکان یاداشتێکی هاوبەشیان سەبارەت بە رووداوەکەی دوێنێ شەوی سلێمانی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

رێکخراوەکان یاداشتێکی حەوت خاڵییان سەباەرت بە رووداوی کوشتنی نەقیبێک و بریندارکردنی سێ پۆلیسی دیکەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێن "داواکارین بەزووترین کات تۆمەتبارانی ئەم دۆسێیە و دۆسێکانی هاوشیوە سزا بدرێن و رێگە نەدرێن لە یاسا دەزربایان ببێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە پێنجی کانوونی یەکەمی 2021 رێکخراوەکان یاداشتێکی هاوبەشی حەوت خاڵییان سەباەرت بە رووداوی کوشتنی نەقیبێک و بریندارکردنی سێ پۆلیسی دیکەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەکاتی ئەرکدا بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند "داوای دانانی پلانێکی سەلامەتیی تۆکمە دەکەین، بۆ بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان، کە ئەمە لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیداردایە".

دەقی یاداشتی رێکخراوەکان:

دوێنێ شەو بەرواری 4/12/2021 لەکاتی بەهاناوەچوونی ژنێکی هەرەشەلێکراو، تیمێکی پۆلیس، کە بریتیبوون لە ئەفسەرێکی نەقیب و سێ پۆلیس، کە سەر بە بەڕیوەبەرایەتی ناوبراو بوون، لەکاتی بەهاناوەچوونەکەدا، بەر دەسترێژی گوللـە کەوتن و لەلایەن تۆمەتبارەوە هێرشیان کرایە سەر و هەر لەوێدا نەقیب محەمەد گیانیلەدەستدا و تۆمەتبارەکانیش هەڵهاتن.

لێرەدا ئێمە وەکو رێکخراوەکان چەند داواکارییەک دەخەینەڕوو:

یەکەم/ دانانی پلانێکی سەلامەتیی تۆکمە، بۆ بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان، کە ئەمە لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیداردایە.
دووەم/ دەبێت ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە پشتگیری تایبەتیان بکرێت، چونکە ئەوان کارێکی هەستیار و سەختیان لە ئەستۆدایە.
سێیەم/ دانانی بودجەی تایبەت و کارئاسنیکردن بۆیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم دامەزراوانە، کە لە رابردوودا چەندین ئاستەنگیان لەبەردەمدا بووە و رێکخراوەکان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ئاستەنگانە بوون و لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام گوێی پێنەدراوە.
چوارەم/ لەماوەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هاوکاری رێکخراوەکان بوون بەتایبەت لە کاری پاراستنی ژنانی هەرەشەلێکراو.
پێنجەم/ رێکخراوەکان لە نزیکەوە ئاگاداری کاری سەختی بەڕێوەبەرایەتییەکانن، بۆیە داوکارین لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەیوەندیدار، پلانی پاراستنیان بکاتە ئەولەویەتی کارکردن و نەهێڵن رووداوی لەم چەشنە دووبارە ببێتەوە.
شەشەم/ پاراستنی گیانی کارمەندانی رێکخراوەکان و هەموو ئەو لایەن و دامەزراوانەی کە کاری پاراستنی ژنان دەکەن.
حەوتەم/ لێرەوە داواکارین بۆ هەر دەرچوونی دۆسێیەکی پاراستن، پیویستە ئاسایشی شارەکان هەمانەگ بن لەگەڵ کارمەندانی ئەو بەڕیوەبەرایەتییە، هەروەها داواکارین بەزووترین کات تۆمەتبارانی ئەم دۆسێیە و دۆسێکانی هاوشیوە سزا بدرێن و رێگە نەدرێن لە یاسا دەزربایان ببێت.

ر. ب
Qaiwan
Qaiwan