کوردستانی
وزارەتی سامانە سروشتییەکان راگەیەندراوێکی لەسەر دۆسیەی نەوت و بەنزین بڵاوکردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت و بەنزینەوە لە وەڵامی پەرلەمانتارێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لەئێستادا رۆژانە 950 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بەغداش ملیۆنێک لیتر رەوانە دەکات، رەتیشیدەکاتەوە رێگری کرابێت لە هاوردەکردنی سوتەمەنی بازرگانی و دەڵێت "هەر کەس و لایەنێکیش ئەو کارە بکات، رێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر".

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵحی داوەتەوە لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی، لە بەشێكی راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە "هەرێم رۆژانە کەمتر لە (25 هەزار بەرمیل نەوت ) دەپاڵێوێت بۆ پێویستی وێستگەکانی کارەبا، لەهەمان کاتدا بڕی 950 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، لە هەمانکاتدا حکومەتی فیدراڵ رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بە نرخی 660 دینار دابین دەکات، ئەو بەنزینەش بەشێوەی (نۆرە- مناوەبە) بەسەر ئەو بەنزینخانەکاندا دابەشدەکرێت".
باسی لەوەشکردووە، "لەبارەی نەوتی سپیش بەهیچ شێوەیەک رێگری نەکراوە لە هاوردەکردنی سوتەمەنی، بەڵام وەزارەتمان بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکات بۆ هێنانی هیچ سوتەمەنییەک کە کوالیتییەکەی گونجاو نەبێت. ئەگەر رێگریش کرابێت ئەوە بە دڵنیاییەوە تەنیا بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتمان بووە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "سەبارەت بە (پاڵاوتگەی لاناز)ـیش ئەم پاڵاوتگەیە حکومی نییە و وەزارەتمان هیچ بڕە نەوتێکی خاوی بۆ دابین ناکات و وەزارەتمان پابەند نییە بەدابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەکان، بۆیە خۆیان بەرپرس دەبن لە دابینکردنی نەوتەکە وەک هەموو پاڵاوتگە رێگە پێدراوەکانی دیکە".
راشی گەیاندووە "سەبارەت بە ناوی (نەبەز محمد)ـیش لە هیچ بازگەیەک، جگە لە مۆڵەتی وەزارەتمان کە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە کوالیتی سوتەمەنی ئەویش لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان، هیچ جۆرە رێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت و بە هیچ شێوەیەکیش رێگەی پێ نادرێت، هەر کەس و لایەنێکیش ئەو کارە بکات، رێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر".
ر. ب
بیروڕا