کوردستانی

حکومەتی هەرێم چەند پرۆژە یاسایەکی لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان پەسەندکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم چەند پرۆژە یاسایەکی لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان پەسەندکرد
مەودا میدیا-

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش تاوتوێكرد و رایگەیاند، ھەرچی پێمان بکرێت دەیکەین بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، هاوکات پرۆژەیاسای نوێی پەروەردە و فێرکاریشی پەسەندکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە هەشتی کانوونی یەکەمی 2021  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی, سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە،  لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش کرا بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارەمان و هاوڵاتی.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست، ئاماژەی بەوەشداوە، کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشیکردووەتەوە "هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین، بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچە کوردستانییانەی رووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتەوە کە ئەم هێرشانە، بەشێکن لە سیاسەتی بەردەوامی گۆڕینی دێموگرافی ئەو ناوچانە و ناچارکردنی دانیشتوانەکانیان بۆ ئەوەی شوێنەکانیان چۆل بکەن".

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسی پرۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە خرایەڕوو، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، بە کۆی دەنگ پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد، بە ئامانجی رێکخستنی هەموو بوارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لەسەر بنەمای سەردەمیانە و برەودانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن لەپێناو دانانی بناغەی سیستەمێکی پەروەردەیی نوێی کوردستانی، پڕۆژەیاساکە، فراوان و گشتگیرە و کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری، لە کەرتی حکومی و تایبەت لەخۆدەگرێت.

پاشان کەمال محەمەدساڵح، وەزیری کارەبا پرۆژەیاسای (هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021)ی خستەڕوو، کە ئامانج لێی، باشتر رێکخستنەوەی هەیکەلیەتی وەزارەتە، پرۆژەیاساکە، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و بڕیاردرا بە ناردنی هەردوو پڕۆژە یاساکە، بۆ پەرلەمانی کوردستان.

دواتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راپۆرتێکی دەربارەی بابەتی وشکەساڵی و مەترسییەکانی بۆسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە سەرئەنجام کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پەیینی کیمیایی و مادە قڕکەرەکان و کاریگەری بۆ سەر داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی ئاژەڵداران و کێڵگەکانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دەبێت.

لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێرییەکان و گلدانەوەی ئاوی پێویست و پاراستنی رێژەی بەکارهێنانی ئاو کرا، لە رێگەی هوشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و هەروەها چەندین پێشنیاری ئاسانکاریی بۆ جووتیاران و ئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی بەو ئاسانکارییانە راسپارد، کە کاریان لەسەر بکەن و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، هاوکاریان بن.

پاشان حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار و راسپاردەیان بۆ رێکخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیا، لەگەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش خستەڕوو، کە پێویستە وەک راگەیاندنی بەرپرس، رۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەلامەتی و ژیانی پێشمەرگە قارەمانەکان، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر پلانەکانی رووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان و سەنگەرەکانی بەرگری.

ر. ب
Qaiwan
Qaiwan