کوردستانی

یەکێتی نووسەرانی جینۆساید: تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد مەترسیی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتی نووسەرانی جینۆساید: تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد مەترسیی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە
مەودا میدیا-

لە رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆساید، یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی بیری شۆڤێنی بکات، چونکە تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە نۆی کانوونی دووەمی 2021 یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان راگەیەندراوێکی بەبۆنەی رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆساید بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە "لەبەر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەکردار رێز لە ئیمزای سەر رێکەوتنامەکانیان بگرن و ھەوڵی جدی بدەن گەلی کوردستان بەھەموو پێکھاتەکانیەوە لە ژێر ھەڕەشەی تاوانی نێودەوڵەتی دەرباز بکەن، چونکە جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە و ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانیەتی بەوردی چاودێری رەوشی کورد لەناوچەکە بکەن و پارێزگاری لێ بکەن".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو "پێویستە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عیراق کار بکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری قوربانیان و بەکردار رێز لە قوربانیان بگیرێت، ھەروەھا تاوانی جینۆساید بخرێتە ناو پڕۆگرامی پەروەردە و فێرکردن و ھانی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان بدرێت بۆ توێژینەوە لە بواری جینۆساید".

دووپاتیشی دەکاتەوە "دەبێت پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی ھەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ بیری شۆڤێنی و رەگەزپەرستی لە عیراق و ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە لە ساڵی 1948ه‌وه‌ تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە".

ر. ب

Qaiwan
Qaiwan