راپۆرت

ئەشکەوتی هەزارمێرد، لانکەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەشکەوتی هەزارمێرد، لانکەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ
مەودا میدیا- نەزیرە حارس
 
ئەشکەوتی هەزارمێرد بە قەدپاڵی چیای بەرانانەوەیە، دەکەوێتە 13کم باشووری رۆژئاوای شاری سلێمانی، نزیک گوندی هەزارمێرد. ئەم ئەشکەوتە بە یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی کوردستان و عیراق و جیهان دەناسرێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار لە ژمارە (2126)ی رۆژنامەی (الوقائع العراقیة) لە رێکەوتی 10ی تشرینی دووەمی 1949 باسی کردووە.

ئەشکەوتی هەزارمێرد، ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، بە واتای هەزار مێرد یاخود هەزار مێرگ. رای جیاواز هەیە لەسەر ئەو دوو ناوە، یەکەمیان هەزار مێرد، بە واتای هەزار (پیاو) یان هەزار (مەرد) دێت، وشەی مەرد لە کوردیدا واتا (ئازا)، بەڵام مەرد لە فارسیدا واتا (پیاو)، کە دیسان دەبێت بە هەزار پیاو. هەرچەندە ئەم رایەی کە دەڵێت وشەکە لە فارسییەوە هاتووە، زۆر لاوازە، رایەکەی تریش کە دەڵێت هەزار مێرگ، بە واتای شوێنێکی بەپیت و پڕخێر و فەڕ دێت.

زۆرێک لە شوێنەوارناسەکانی جیهانی سەردانی ئەم ئەشکەوتەیان کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە، لەوانە:

سپایزەر: ساڵی 1926
دوروسی گارود: ساڵی 1928
ئەحمەد مەهدی: ساڵی 1949
کارلینتۆن: ساڵی 1949
کەمال نوری مەعروف
هاشم حەمە عەبدوڵڵا

هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانیش لە ساڵی 1998 بە هەمان شێوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە.

لە هەموو پشکنینەکانیدا سێ چین شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە ئەمانەن: 

 - چینی سەرەوە یاخود چینی یەکەم: لەم چینەدا کۆمەڵێک گۆزە، دیزە و ئیشی گڵی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە کە زۆر کۆنن و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زوو، هەروەها سێ گۆڕیش دۆزراونەتەوە کە یەکێکیان گۆڕی منداڵێکە و سێ گۆزەشی لەگەڵ نێژراوە، سێ پارچە ئاسنیش دۆزراونەتەوە، یەکێک لە پارچە ئاسنەکان سەری تیرە و دووانەکەی تر دوو پارچە دراون کە هیی دوو سەردەمی جیاوازن، یەکێکیان هیی سەردەمی بێزەنتییەکانە و ئەوی تریان هیی سەردەمی ساسانییەکانە.

- چینی دووەم: ئەم چینە، بە چینێکی تەنک دادەنرێت و بریتییە لە هەندێک بەردی سروشتیی ئەستێ. 

- چینی سێیەم: لەم چینەدا ئێسکوپروسکی ئاژەڵ و باڵندە  دۆزراونەتەوە لەگەڵ زۆرێک لە بەردی ئەستێ، بەڵام  بەشێوەی جیاواز و مێژووکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست. هەروەها دوو تەور دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 30 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا. 

 ئەشکەوتی هەزارمێرد، ئەشکەوتێکی گەورەی دەم فراوانە، قووڵییەکی کەمی هەیە. لە لای راستییەوە پێنج ئەشکەوتی تر هەیە، بەڵام ئەمانە زۆر قووڵن و دەمەکانیان فراوان نییە، هەر بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە ناویان و بگاتە کۆتاییەکەیان، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئۆکسجین کەم بێتەوە و مەترسی دروست بێت بۆ سەر ژیان، مەگەر ئامێری ئۆکسجین بەکار بهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی کە پاش ماوەیەک رۆیشتن لە ناویاندا زۆرێک لە باڵندە، بەتایبەتی شەمشەمەکوێرە هێرش دەهێنن و بەرەنگاری دروست دەکەن، سەرەڕای ئەمانە، رێگەی گەیشتن بە ئەشکەوتەکە رێگەیەکی خراپە و هەتا بە ئۆتۆمبیلیش نزیکبوونەوە لێی ئەستەمە.

هەڵکەوتەی ئەشکەوتی هەزارمێرد بە جۆرێکە، کە بەیانیان رۆژ هەڵ دێت راستەوخۆ یەکەم گزنگی خۆرهەڵهاتن دەیدات لە دەمی ئەشکەوتەکە و دەچێتە ناوەوە و هەتا چێشتەنگاو دەمێنێتەوە.

ئەشکەوتی هەزارمێرد، دووەم گەورەترین ئەشکەوتە لە کوردستانی عیراق لە دوای ئەشکەوتی شانەدەر. ئەم ئەشکەوتە نزیک دێی هەزارمێردە کە دێیەکی زۆر کۆنە و لە زووەوە بەهۆی پەتای تاعون لە شوێنی خۆیان گواستویانەتەوە و هاتوونەتە جێگەیەکی خوارتر لە ئەشکەوتەکە.

پاشماوە دۆزراوەکانی ناو ئەشکەوتی هەزارمێرد، هێمایەکن بۆ بوونی کۆنترین ژیانی مرۆڤ لە کوردستان. ئەم ئەشکەوتی هەزارمێردە ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، لە شێوەیدا هەزار چیرۆکی مێژوویی هەڵگرتووە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە 50 هەزار ساڵ، بەڵام  لەبەر نەبوونی لێکۆڵینەوەی پێویست و پشتگوێخستنی، زۆرێک لەو چیرۆک و رووداوانە هێشتا نەزانراون. 

هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار لە سلێمانی پەیوەندییان کردووە بە دوو زانکۆی جیهانیی کە پشکنین دەکەن لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکان، ئەوانیش زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکی و زانکۆی لیڤەرپولی بەریتانییە کە بێن و لێکۆڵینەوە بکەن سەر ئەشکەوتەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

 بەپێی ئەو پشکنینانەی لە ساڵەکانی نێوان هەردوو جەنگی جیهانیی لەسەر ئەم ئەشکەوتە کراون، ئەوە دەرکەوتووە کە ئەشکەوتەکە شوێنی مرۆڤە سەرەتاییەکان بووە، شوێنێک بووە بۆ خۆپاراستن لە دوژمن لە سەردەمە جیاوازەکاندا و دەریان خستووە کە ناوەکانی ئەشکەوتەکە بە مانای گەورەیی یاخود پلەی سەربازیی یاخود تەڕی و فراوانی (مێرگ)، بەشی ناوەوەی ئەشکەوتەکە زۆر تەڕ و شێدارە و بە دیوار و بنمیچەکەیەوە شوێنی هەڵگرتن و پاراستنی خواردن دروستکراوە.

س.ر