گشتی

پێش بەفر بارین ئۆتۆمبێلەکەت ئامادە بکە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێش بەفر بارین ئۆتۆمبێلەکەت ئامادە بکە
مەودا میدیا-

بارینی بەفر و سپی بوونی شەقام و شاخ و باخەکان رەنگە دیمەنێکی چێژ بەخش بێت و هەمووان حەز بە بینینی ئەو دیمەنانە بکەن، بەڵام بۆ شۆفێران ئەرکەکەیان دەبێتە دوو هێندە و بگرە زیاتریش لەکاتی شۆفێریکردن لە کەشوهەوای لەم جۆرەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریەتییەکان و مانۆڕی شۆفێریکردن سەختتر دەبێت و رەنگە لە هەندێک بارودۆخدا مەترسیدار بێت.

 ئێمە لێرەدا چەند رێنماییەکتان پێشکەش دەکەین کە رەنگە ببێتە هۆی پاراستنی گیانتان لە کاتی شۆفێریکردن لەکاتی بەفرباریندا:

یەکەم:  ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلەکەت بە دڵنیاکردنەوە لە چەند خاڵێکی گرنگ: 
* پێویستە ئەنتی فرییز ( شلەی دژە بەستن) بکەیتە ناو دەبەی رادێتەری ئۆتۆمبێلەکەت.
* دڵنیاکردنەوە لە سیستەمی برێک لە ئۆتۆمبێلەکەتدا ( سیستەمی ABS بەباشی کار بکات، نەبوونی لیک و لێچوون لە سیستەمی برێکدا) 
* تایەی ئۆتۆمبێلەکەت پێویستە چاڵ و خەتەکانی لە رێژەی دیاریکراوی یاسایی کەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تیادا بێت و نابێت هەوای کەم بێت.
* فڵچەی جامەکان بە باشی کاربکات. 
* سیستەمی گەرمی ئۆتۆمبێلەکە و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی کار بکەن. 
* پێویستە پاتری ئۆتۆمبێلەکەت نوێ بێت و هیچ کێشەی نەبێت.

دووەم: کەمکردنەوەی خێرایی بۆ رادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.

سێیەم: پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی خۆت و ئۆتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل.

چوارەم: ئیشکردنی رووناککەرەوە(گڵۆپ)ی نزم و رووناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بارینی بەفر و بوونی تەم رێژەی بینین کەم دەکاتەوە.

پێنجەم: پێویستە بەنزینی تەواو لە ئۆتۆمبێلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.

شەشەم: نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵک و بەنەرمی و لەسەرخۆیی.

حەوتەم: سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.

هەشتەم: بوونی بەتانییەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەت ئەگەر ناچار بوویت گەشتێک بۆ دەرەوەی شارەکان ئەنجام بدەیت.

نۆیەم: دیاریکردنی خێرایی (تحدید سرعة Cruise control) لەکاتی باران بارین و بەفردا بیکوژێنەرەوە چونکە دیاریکردنی خێرایی لەم کاتانەدا وا دەکات کە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیربکەیتەوە کە هاوکاریت دەکات و لە خێراییەکی دیاریکراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت بخلیسکێت و دیاریکردنی خێرایت کار پێکردبێت لەم کاتەدا ئۆتۆمبێلەکەت خێراتر دەبێت و رەنگە زیانەکان زۆر زیاتر بکات.

دەیەم: لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو راستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.

سەنتەری رێکخستنی پەیوەندییەکان JCC  ژمارە 100
هاتوچۆ 188
پۆلیسی فریاکەوتن 104
فریاگوزاری تەندروستی 122
بەرگری شارستانی 115

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan