ئابووری

داهاتی نەوت چەندە و چۆن دابەشدەکرێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


داهاتی نەوت چەندە و چۆن دابەشدەکرێت؟
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم قسەیکرد، گرنگترین بەشی قسەکانی ئەو بەشە بوو کە پەیوەندی بە پرسی داهاتی نەوت و چۆنتیەتی گەڕانەوە و کۆکردنەوەی ئەو داهاتە بوو بۆ حکومەت، لەم راپۆرتەدا، مەودا میدیا وردەکاری قسەکانی لەبارەی دۆسێی نەوت دەخاتەڕوو.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3/3/2022 ئەنجامیدا، ئاماژەی بەوەکرد، نەوتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک نافرۆشرێت کە ئەو نرخە بکات لە جیهاندا هەیە.

وتیشی "بەداخەوە هەندێک جار پەرلەمانتار و خەڵکانی سیاسیش دەکەونە هەڵەوە و دەڵێن، هەرێم ئەوەندە بەرمیل دەفرۆشێت و ئەوەتا نەوت بەوەندەیە، کەواتە بەشی مووچە دەکات، ئەم قسەیە راست نییە و ئەوان وردەکارییەکەی نازانن".

سەرۆکی حکومەت وردەکاری زیاتری ئاشکرا کرد و وتی "ئێستا لە هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە 410 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرێت".

باسی لەوەشکرد "نرخی ئەو نەوتەی هەرێم هەناردەی دەکات کەمترە لە نەوتی عیراق کە لەڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت، پێشتر جیاوازییەکە زۆربوو، بەڵام لەم کابینەیەدا جیاوازییەکەمان کەمکردەوە بەشێوەیەک لە هەر بەرمیلێک نەوت چوار دۆلار گەڕایەوە بۆ حکومەت".

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر باس لەوە دەکرا نەوتی هەرێم بە 9 تا 10 دۆلار کەمتر لە سۆمۆ دەفرۆشرێت، بەپێی قسەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بێت، ئێستا جیاوازیەکە 5 تا 6 دۆلارە.

بارزانی وردەکاری زیاتری ئاشکرا کرد و وتی "لە پارەی نەوت، %7ی  راستەوخۆ دەدرێتەوە لەبری قەرزەکانی پێشوو، %43ی دەدرێت بە خەرجی کۆمپانیاکان".

باسی لەوەشکرد "%9ی پارەی نەوت دەدرێت بە کرێی گواستنەوە، ئاواش %41ی دەمێنێتەوە بۆ پشتیوانیکردنی پێدانی مووچە".

سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی هەر مانگێک پێویستی بە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار هەیە".

بەگوێرەی ئەم قسانەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، نەوتی هەرێم لە مانگی شوباتدا بە 86 دۆلار زیاتر فرۆشراوە.

هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا 11 ملیۆن و 480 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەی بە شێوەیەکی گشتی بریتیبووە لە 987 ملیۆن و 280 هەزار دۆلار.

ئەگەر بەگوێرەی قسەکەی سەرۆک وەزیران هەژمار بکرێت و تەنها %43 بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت ئەوا، 424 ملیۆن و 530 هەزار و 400 دۆلار لە داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە ناو خەزێنەی حکومەت.

 ب. ئ.

 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان