عارف قوربانی
دادگەی فیدراڵی، عیراق به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟
له عیراقدا راستییه‌ك هه‌یه ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیرێت، یاخود پێویسته وه‌ك خۆی ببینرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئێران به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ی له‌مه‌وبه‌ر خه‌ونی به‌وه‌وه ده‌بینی جوگرافیای عیراق بكه‌وێته ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئێرانه‌وه. له ده‌ستپێكی هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا، ئه‌مەریكا سووك و ئاسان ئه‌م خهونەی ئێرانی به‌دیهێنا و له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕ، عێراقی پێشكه‌ش به ئێران كرد. له‌مه‌ش راستتر ئه‌وه‌یه كه ئێران به‌هیچ جۆرێك ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ده‌رفه‌ته نابێت و به ئاسانی ده‌ست له جوگرافیای عیراق به‌رنادات.
له نزیك بیست ساڵی رابردوودا كه ده‌رگاكانی عیراق به‌ڕوویی ئێران‌دا كرانه‌وه، ئێران به‌پلانێكی وردی ستراتیژییه‌وه هاته ژووره‌وه. به‌دیاریكراویش له‌دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مەریكا له عیراق، هیچ هه‌نگاوێكی به‌بێ به‌رنامه هه‌ڵنه‌ناوه. له‌سه‌ر زۆر ئاست رایه‌ڵه‌كانی پاوانكردن و په‌یوه‌ستكردنی ئه‌م وڵاته‌ی به‌ناوه‌نده‌كانی ئێرانه‌وه گرێداوه، به ئه‌ندازه‌یه‌ك مه‌گه‌ر به كه‌وتنی ئێران، عیراق بتوانێ له‌و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌ی خۆی ده‌رباز بكات.
هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مەریكا له ناوچه‌كه ره‌خنه‌یه‌كی زۆریان رووبه‌ڕووی ئه‌مەریكا كردووەته‌وه له‌و كه‌ش و هه‌لومه‌رجه‌ی بۆ ئێران له عیراق رهخساندوویێتی كه به‌هۆیه‌وه ئه‌ستێره‌ی ئێران به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه. به‌ڵام پێناچێت تازه ئومێدیان به‌وه مابێت ئه‌مەریكا هاوكێشه‌كه به‌زیانی ئێران بگۆڕێت، بۆیه وه‌ك لاوازترین هیوا چاویان بڕیبووه پێكهاته‌كانی عێراق تا له ناوه‌وه هه‌وڵی خۆ راپسكان بده‌ن. هه‌ر ترووسكه‌یه‌ك له عیراقه‌وه شه‌وق بداته‌وه، نه‌یاره‌كانی ئێران چاوی هیوای تێده‌بڕن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌وه‌شه‌وه نه‌بێت ئامانجه‌كه بۆ رزگاربوونه له‌و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنه. ئه‌مه بۆ ئێرانیش هه‌ر راسته، سڵ له بچووكترین جوڵه ده‌كاته‌وه، گومانی له هه‌موو چپهچپێكه و دوو كه‌س سه‌ر بنێن به‌یه‌كه‌وه، ئێران پێیوایه پیلان له‌و ده‌گێڕن، ئه‌گه‌ر له حه‌قیقه‌تدا دوور و نزیكیش په‌یوه‌ندی به نه‌یاریی ئێرانه‌وه نه‌بێت.
ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ساڵی پار له عیراق روویدا، ئه‌گه‌رچی به‌شێكی به‌هۆی گۆڕینی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌بوو بۆ فره بازنه‌یی، به‌ڵام له راستیدا هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه په‌یوه‌ندی به گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریی و نه‌بوونی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی و نه‌مانی متمانه و نائومێدبوونی خه‌ڵكه‌وه هه‌بوو له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌شدارینه‌كردنی هاووڵاتیان له ده‌نگدان ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌جۆرێك گۆڕی كه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك وه‌ك نه‌خشه‌یه‌كی نوێی سیاسی وێنا بكرێت. به‌شێك له هێزه ته‌قلیدیه‌كانی حوكمڕانی شیعی تێك‌شكان، به‌ڵام ئێران پێی وایه پیلانی گه‌وره‌ی لێگێڕدراوه. هه‌موو قورسایی خۆی خسته‌كار بۆ سه‌پاندنی ئه‌و بۆچونه‌ی كه وڵاته نه‌یاره‌كانی ئێران یارییان به چاره‌نوسی ده‌نگده‌ری عیراقه‌وه كردووه و ئه‌مه پیلانی ههرێمایهتیهو چه‌ندین وڵات تیایدا به‌شدارن. له‌كاتێكدا گۆڕینی هاوكێشه‌كان وه‌ك ده‌رئه‌نجام به‌هۆی كه‌می رێژه‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵكه‌وه بوو له پرۆسه‌ی ده‌نگدان. به‌ڵام ئه‌مه لای ئێران نایخوات، ئێران چی جۆره چاوه‌ڕوانییه‌كی هه‌بووه بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانی چ جۆره حوكمڕانییه‌كی ده‌ویست بۆ ئه‌م قۆناخه، هه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌وه بسه‌پێنێت.
هه‌ر بۆیه ده‌بینیت له ماوه‌ی ئه‌م نزیك به شه‌ش مانگه‌ی رابردووی دوو نێوانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی 10ی ساڵی رابردوو بۆ ئێستا، له هه‌موو ئاسته‌كانه‌وه و به زۆرترین رێگە گوشاری خسته‌سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانی كورد و سوننە و شیعه تا به‌و ئاراسته‌یه بڕۆن كه ئێران نهخشەی كێشاوه. به‌ڵام وه‌ك چۆن ئیدیۆمێك ده‌ڵێت (هه‌موو شت له باریكیدا ده‌پسێ، زووڵم له ئه‌ستووریدا)، ئه‌و گوشارانه‌ی ئێران كه تا ئه‌ندازه‌ی زووڵم و سته‌م له هێزه‌كان رۆیشتووه، جۆرێك له كاردانه‌وه‌ی دروستكردووه به‌رانبه‌ر به داواكانی ئێران. رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتی (ص، ب،ح) بووه به ئاڵنگارییەکی گه‌وره بۆ ئێران و ئێرانیش به‌و جۆره لێی ده‌ڕوانێت، بۆیه خه‌ریكه وێناكه له هاوكێشه‌كانی ناو عێراق گه‌وره‌تر ده‌رده‌كه‌ون. سه‌ركه‌وتنی ئه‌و هاوپه‌یمانیێتییه بۆ پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته‌ی كاری بۆ ده‌كه‌ن، وه‌ك سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌تر وێنا ده‌كرێت و به‌شكستی ئێرانیش لێكده‌درێته‌وه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر راسته، شكستی ئه‌م به‌ره‌ی سێ قۆڵییه، سه‌ركه‌وتنه بۆ ئێران.
بۆیه ئه‌وه‌ی له پێكنه‌هاتنی نێوان هێزه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌بیندرێت، رووكه‌شی ململانێكهیه. ئه‌مانه داشی دامهكهن، یاریكه‌ری بنه‌ڕه‌تیی ئێرانه كه له پشتی مێزه‌كه‌وه دانیشتووه. ئێران كارتی جۆراو جۆری هه‌یه و یه‌ك له‌دوای یه‌ك به‌كاریان ده‌بات. ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌یا ده‌یتوانی پارسه‌نگی هێز بۆ عیراق رابگرێت (دادگەی فیدراڵیی عیراق) بوو. به‌و حوكمه‌ی پێویست بوو بێلایه‌ن بێت له هه‌ر كێشه‌یه‌ی ناو عێراق و ده‌بوو سه‌ربه‌خۆییانه به ره‌چاوكردنی پاراستنی بهرژهوهندییەكان و سه‌روه‌ریی عێراق كێشه‌كانی یه‌كلابكاته‌وه. به‌ڵام ئێستا ئه‌م دادگەیهش به‌جۆرێك له جۆره‌كان كراوه‌ته به‌شێك له ململانێكان، وه‌ك كارت و هه‌ندێجار وه‌ك ئامرازیش به‌كار ده‌برێت له گۆڕینی هاوكێشه‌كاندا. ئێران چی به راسته‌وخۆبێت یان له رێگه‌ی وهكیلهكانییهوه هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌م ده‌زگە گرنگه‌شدا زاڵه.
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌وه نییه ئه‌م دادگەیه یارمه‌تیده‌ر بێت له تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه سیاسییه‌ی عیراق تێیكه‌وتووه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر دڵنیایی بۆ سه‌ركه‌وتنی وه‌لائییه‌كانی ئێران ده‌سته‌به‌ر نه‌كرابێت، چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كرێت پرۆسه‌كه به رێگەیه‌كی داخراودا به‌رێت. تێڕوانینی من وایه كه دادگەی فیداڵیی عیراق جارێكی دیكه‌ش به قازانجی به‌ره‌ی ئێران له پرسی بەربژێرەکانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار دێته‌وه ناو هاوكێشه‌كان. ئه‌گه‌ر له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، پرۆسه‌ی سیاسی به دۆخێك‌دا ده‌بات كه سه‌رۆككۆمار په‌رله‌مان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه و داوا له كۆمیسیۆن بكات بۆ هه‌ڵبژاردن له كاتێكی گونجاو‌دا. به‌دووریشی نابینم به ئامانجی دواخستنی هه‌ڵبژاردن خه‌ڵكی وابه‌سته به‌خۆشیان بخه‌نه‌وه سه‌ر شه‌قام و داوای جارێكی دیكه‌ی گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردنیش بكرێت، له نه‌بوونی په‌رله‌مانیشدا یاساكه‌ش ناگۆڕدرێت. به‌مه كاتێكی زۆر ده‌كه‌وێته‌وه ده‌ستی ئه‌وانه‌ی ده‌توانن داهاتوو به قازانجی سه‌رخستنی پرۆژه‌ی ئێران ئاراسته بكه‌ن، تا له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بتوانن ته‌رتیبی بردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی وه‌لائییه‌كان بكه‌ن كه بێگومان ئه‌وه‌ش رێگایه‌كی به‌گوڵ چێندراو نابێت، عیراق به‌ره‌و تووندوتیژی و رژانی خوێنی زیاتر ده‌بات.
بهلایەنگیربوونی دادگەی فیدراڵیی عیراق، جارێكی دیكه چانسی ئه‌وه ده‌داته‌وه موقته‌دا سه‌در وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه له كێشانه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی رووداوه‌كانی داهاتوو كه ئه‌و ده‌توانێت رێگه له‌م سیناریۆیه بگرێت و نه‌هێڵێت عێراق به دۆخێكی وادا بڕوات. ئه‌ویش له‌دوو رێگەوه یا ئه‌وه‌تا ئێران چۆن و چی ده‌وێت ئه‌وه بكات و ببێته وه‌كیلی سه‌ره‌كی ستراتیج و ئامانجه‌كانی ئێران له عیراق، یاخود له‌ڕێگەی سه‌رله‌نوێ پیشاندانی هێزه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یه‌وه به رێگریی له‌وه‌ی ده‌زگە دادوەریی و ده‌ستوورییه‌كانی عیراق بكرێنه به‌شێك له كێشه و ململانێ سیاسییەكان، ده‌ستی سیاسی ناو ئه‌م دامه‌زراوانه دووربخاته‌وه له هاوكێشه‌كان، كه ئه‌مه‌شیان سووتاندنی كارتێكی به‌هێز و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌ستی ئێرانه و رێگەیه‌كی سه‌خت و دژواره، به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه.