چاوپێكەوتن

سینەم خان: دڵخۆشم کە لە کوردستان دەژیم، چونکە ناچار نیم بە زمانی عەرەبی یان تورکی و فارسی قسەبکەم

مەودا میدیا - سلێمانی |


سینەم خان: دڵخۆشم کە لە کوردستان دەژیم، چونکە ناچار نیم بە زمانی عەرەبی یان تورکی و فارسی قسەبکەم
مەودا میدیا-

 کەڵەژنێک لە بنەماڵەیەک بە مانای وشە شاهانە، شازادەیەکی بەدرخانەکان... لە باوکەوە نەوەی میری بۆتان و لە دایکیشەوە کچی رەوشەن بەدرخانە، ئەو ژنەی هەموو تەمەنی لە پێناوی خزمەتی گەلەکەیدا بردە سەر... خاتوو رەوشەن بەدرخان زۆر خەمی یەکگرتوویی کوردی هەبوو، بەجۆرێک هەر کە ناوی ئەو دێتە گۆڕێ، راستەوخۆ گوتە بەناوبانگەکەیم دێتەوە یاد: "یەکێتییە کوردان بدە مە، کوردستانێک ئازاد بدەمە تە". 

ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم و شانازیی دەکەم، کە لە چوارچێوەی تۆمارکردنی مێژووی خەبات و ماندووبوونی ژنان، یەکێک لە خاتوونە میرزادەکان دەدوێنم... هەر کە چوومە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی، سینەم خان لەسەر کورسییەکەی لەبەر تیشکی خۆرەکەدا دانیشتبوو، گوێی لە گۆرانیی کوردی دەگرت، کە لە رادیۆکەی تەنیشتیوە بە دەنگی بەرز پەخش دەکرا. هەر کە سڵاوم لێ کرد، یەکسەر وتی: "من زۆر حەزم لە گۆرانییە بە هەر سێ زمانی کوردی، فەرەنسی و عەرەبی، بەڵام بەتایبەتی گۆرانیی کوردی." هاتە سەر ئەوەی کە چۆن کاتێک منداڵ بووە، گۆرانیبێژێکی کورد بە ناوی (ئەحمەد فرمان کیکی) لە دیمەشق چووەتە ماڵیان و گۆرانیی کوردیی بۆ وتوون و فێریشی کردوون، هەروەها چیرۆکیشی بۆ گێڕاونەتەوە. لەوبارەیەوە وتی: "لە سەرەتادا کە منداڵ بووین، حەزمان دەکرد بچین یاری بکەین، بەڵام هەر دایاندەناین گوێ لە گۆرانی و چیرۆکی کوردی بگرین تاوەکوو وای لێ هات کە زۆر هۆگری گۆرانی و ئاوازی کوردیی بووین، کار گەیشتە ئەوەی دایکم پێی دەوتین ئەوەندەی خەریکی گۆرانین، ئەوەندە خەریکی خوێندنەکەتان بن باشترە." سینەم خان دەنگی خۆشە و زوو زوو لە نێوان قسەکردن، کۆپلەیەک گۆرانیی کوردی تێکەڵ بە قسەکانی دەکرد.

 

پێش ئەوەی دەست بە گفتوگۆکەمان بکەین، راستییەکەی دوو شت سەرنجی راکێشاوم، یەکەمیان ناوەکەت، ئایا سینەم خان ناوی راستیی خۆتە، یان نازناوە؟
نەخێر نازناو نییە، هەر خۆم ناوم سینەم خانە و لە پێناسی کەستێتیشدا هەر ناوم (سینەم خان)ە.

دووەم شتیش کە سەرنجی راکێشاوم، ئەو وێنانەیە کە لە ژوورەکەت هەڵتواسیون، کە یەکێکیان ئەو وێنەیەی خۆتە لەگەڵ ڤالنتینا تریشکۆڤا، یەکەم ژنە رووس کە چووەتە بۆشایی ئاسمان، چیرۆکی ئەو وێنەیە چۆنە؟
ئەو کاتەی بۆ کۆنگرەی ژنان لە رووسیا بووم، ڤالنتیناش لەوێ بوو، ئیتر ئەو وێنەیەمان بەیەکەوە گرت. هەروەها نوێنەری یەکێتیی ژنانی عیراقیش لەوێ بوون، ئەوانیش داوایان لە ڤالنتینا کرد کە وێنەیان لەگەڵ بگرێت، بەڵام پێی وتن کە کاتی نییە و وێنەی لەگەڵ نەگرتن.

زۆرباشە، کەواتە با دەست پێ بکەین، کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
   لە 21ی ئازاری 1938 لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لەدایک بووم. زۆر شانازی دەکەم بەوەی کە لە رۆژی نەورۆزدا لەدایک بووم.

جەنابتان هەم لە دایکەوە و هەم لە باوکەوە لە بنەماڵەیەکی میرزادە و بەناوبانگن، بەجۆرێک ناسراون کە پێویست بە ناساندن ناکات، بەڵام پێم باشە وەک دەڵێن ئەگەر بە سەرەقەڵەمێکیش بێت لە زمانی خۆتەوە کورتەباسێکی بنەماڵەکەتان و هەندێک لە چالاکییەکانیان ببیستین؟

 دایکم (رەوشەن بەدرخان)، نەوەی میری بۆتانە، ژنێکی زۆر بەهێز و بەناوبانگ بوو، خاوەنی کاریزمایەکی تایبەت بوو. لە هەردوو بواری رامیاری و رۆشنبیریدا زۆر چالاک بوو و جێدەستی دیارە. ناخۆشیی زۆری بینی لەدوای مردنی باوکم، کە ئەوکات من تەمەنم 13 ساڵ بوو و براکەشم (جەمشید) 10 ساڵ بوو. دایکم هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە خوێندن تەواو بکەین. 

سەبارەت بە باوکم (جەلادەت ئەمین عالی بەدرخان)، خۆی پارێزەر بوو، لە پێشەنگی ئەو کەسانەیە کە پیتی لاتینییان بۆ نووسینی کوردی بەکارھێنا. دوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەمالیزم لە تورکیا، باپیرم (ئەمین پاشا) و هەر سێ کوڕەکەی، واتا باوکم و هەردوو مامەکەم (سورەیا بەردخان و کامەران بەدرخان)، ناچار بوون تورکیا بەجێ بهێڵن و بچنە میسر، بەڵام باوکم و مامە کامەران دەچنە ئەڵمانیا و ماوەی چەند ساڵێک لەوێ دەمێننەوە. دواتر باوکم دەگەڕێتەوە تورکیا و بەشداری شۆڕشەکەی شێخ سەعید پیران دەکات، دوای شکستی شۆڕشەکە دیسانەوە تورکیا جێ دەهێڵێت و لە سوریا نیشتەجێ دەبێت.

لە سوریاش بەردەوام دەبێت لە چالاکیی رامیاری و رووناکبیری. لە دیمەشق کۆمەڵەی خۆییبوونیان دامەزراند. لە بواری رۆژنامەوانیشدا سەرقاڵی دەرکردنی رۆژنامە و گۆڤاری کوردی بوو، وەک بڵاوکراوەکانی: (رۆناهی) و دواتریش (هاوار)، کە لە ساڵی 1908 لە دیمەشق مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە بەو مەرجەی باسی سیاسەت نەکات، تا ئێستاش مۆڵەتەکەی لە لای من پارێزراوە و لە چوارچێوەم گرتووە و هەڵمواسیوە.

بەداخەوە، لە ساڵی 1951 لە دیمەشق بە رووداوێکی دڵتەزێن کۆچی دوایی کرد.

ئەو رووداوە چۆن رووی دا؟
باوکم مووچەیەکی هەبوو کە لە تورکیاوە بۆی بڕابووەوە، پێی دەوترا (بدل املاک)، بەڵام دواتر ئەو مووچەیە بڕدرا و باری دارایی خێزانەکەمان تێکچوو. ئیتر لەبەر سەختیی باری ئابووریی خێزانەکەمان لە دیمەشق دەستی کرد بە چاندنی پەموو. لە کاتێکدا لە نزیک بیرێکەوە وەستاوە لە کێڵگەی پەمووەکە، بیرەکە ڕووخاوە و باوکم بەو هۆیەوە کۆچی دوایی کرد. نووسەرێکی کورد بەناوی (محەمەد ئۆزۆن) کە خەڵی باکووری کوردستانە، کتێبێکی بەناوی (بیرا قەدەرێ) لەسەر ئەم کارەساتەی باوکم نووسیوە.

ئێوە لە بنەماڵەیەکی میرزادە و دەسەڵاتدار و پێشەنگن، پێش ئەوەی بچینە سەر باسی ژیانی تایبەتیی خۆت، حەز دەکەم کەمێک باسی بنەماڵەکەشتمان بۆ بکەیت...
ڕاستە، ئێمە هەموو نازناوی میرمان هەیە و ئەمەمان لە (میر بەردخان)ی میری بۆتانەوە بۆ ماوەتەوە.

میر بەدرخانی میری بۆتان، لە جەزیرە دەرکرا بۆ ناو تورکیا، بەڵام خۆی هات بۆ سوریا. هەر لە سوریاش کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێش نێژرا لە گەڕەکی کوردان (حي الاکراد)، کە ئێستا ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ (رکن الدین). ئێستا ئێمە دەڵێین هەر باشە کە دەزانین گۆڕەکەی لە کوێیە. مام جەلال لە کاتی سەرۆککۆماریدا کە چوو بۆ دیمەشق، سەردانی گۆڕەکەی کرد و بۆی نۆژەن کردەوە.

یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان)، میقداد مەدحەت بەدرخانی مامی باوکم لە ساڵی 1898 لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەریکردووە.

 

ئەوە روونە کە بنەماڵەکەتان لە بوارەکانی رامیاری، زمانەوانی، رووناکبیری و رۆژنامەوانیدا دەستێکی باڵایان هەبووە، ئایا لە هیچ بوارێکی تردا چالاکییان هەبوو؟

بەڵێ بێگومان، بەدرخانییەکان تەنیا لەو بوارانەدا رۆڵیان نەبووە، بەڵکوو لە بواری هونەریشدا پێشەنگ بوون و رۆڵیان هەبووە. لە ساڵی 1908 یەکەم کچە سەماکەری بالیەی کورد (لەیلا عەبدولڕەزاق بەدرخان) بووە، کە لە سویسرا دەستی پێ کردووە و دواتر لە پاریس ژیاوە. باوکی ئەم کچە سەماکەرە، کوڕی مامی باوکم بوو. دایکیشی فەرەنسیی جوو بوو. لەیلا بەدرخان سەرەڕای ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا وەک: ئەمەریکا، بەلجیکا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا... نمایشی سەمای پێشکەش کردووە، لەگەڵ (مەلیک فاروق)یش لە میسر لە ئاهەنگێکدا سەمای کردووە. زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی و کەمێک تورکیشی زانیوە.

هەروەها بەدرخانییەکان لە بواری ئایینیشدا چالاکییان هەبووە، بۆ نموونە؛ کامەران بەدرخان کتێبی قورئانی تەفسیر کردووە بە کوردیی لاتینی و لە چاپخانەی (ئاڤێستا) لە ئیستانبوڵ لە تورکیا کە عەبدوڵڵا کەسکین بەڕێوەی دەبات چاپ کراوە، لەگەڵ فەرموودەکانی پێغەمبەر، ئێستا دانەیەک لەو کتێبە لە لای من پارێزراوە.

 

هیچ کاتێک گەڕاویتەتەوە بۆ زێدی خۆت لە تورکیا؟

کۆشکی (میر بەدرخان) لە بورجابەلەک لە جەزیرەی بۆتان، من خۆم لە ساڵی 2008 چووم بۆ ئەو کۆشکە. لەسەر سنووری تورکیا بە گەرمی پێشوازییان لێ کردم. تورکەکە لەسەر سنوور لێی پرسیم "تۆ خەڵکی کوێیت؟" منیش پێم وت: "من خەڵکی جەزیرەم." وتی: "ئەی بۆچی پاسپۆرتەکەت سوریە؟" پێم وت: "چونکە تورک لە جەزیرەی موڵکی باوباپیرانمان دەریکردین."

 

ئەى کوردەکانی ئەوێ هەڵوێستیان چۆن بوو کە یەکێک لە نەوەی بەدرخانییەکان گەڕاوەتەوە بۆ سەردانی زێدی خۆی؟

کوردەکان لەسەر سنوور کە زانییان من نەوەی بەردخانییەکانم، زۆر خۆشحاڵ بوون بە بینینی من و زۆر رێزیان لێ گرتم و بانگهێشتیان کردم بۆ ماڵەکانی خۆیان.

 

ئێستا با بێینە سەر باسی خۆت، سەرەتا کەی چوویتە بەر خوێندن و بە چ زمانێک دەتخوێند؟

 ساڵی 1944 لە دیمەشقی پایتەختی سوریا چوومەتە قوتابخانەی راهیباتی فەرەنسی و تا قۆناغی زانکۆ هەر لەو قوتابخانەیە و بە فەرەنسی خوێندم. 

 

ئەى سەبارەت بە قۆناغی زانکۆ، زانکۆت لە کوێ خوێند و چوویتە چ بەشێک؟

ساڵی 1958 چوومە کۆلێجی یاسا لە زانکۆی دیمەشق، دوو ساڵ بەردەوام بووم، کاتێک دەرچووم بۆ قۆناغی سێ، وازم لە خوێندن هێنا. 

 

بۆچی وازت هێنا؟

لەبەر ئەوەی هاوسەرگیرم کرد، ئەو کەسەی کە شووم پێ کرد، کوردێکی خەڵکی زاخۆ بوو، بەو پێیەی کە ئەو کاتە عیراقی بۆی نەبوو بێتە سوریا، بۆیە من هاتم بۆ عیراق.

 

لەگەڵ کێ هاوسەرگیریت کرد؟

لەگەڵ سەڵاح سەعدوڵڵا، نووسەرێکی گەورەی کوردە. 

 

دەمەوێت باسی چیرۆکی یەکترناسین و هاوسەرگیرییەکەتانم بۆ بکەیت...

لە ساڵانی پەنجاکان، سەڵاح لە بەریتانیا بوو، لە لەندەن دەیخوێند. لەو ماوەیەدا کۆمەڵەی خوێندکارە کوردەکانیان (جمعیة طلبة الاکراد) دامەزراندبوو، چونکە ئەوکات (جمعیة طلبة العرب) هەبوو لەوێ، ئیتر خوێندکارە کوردەکان دەڵێن نابێت ئێمە لەگەڵ عەرەب یەک کۆمەڵەمان هەبێت و کۆمەڵەی تایبەت بە کوردیان دامەزراند بوو کە کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانی لەخۆ گرتبوو. ئەوانەی کە ئەو کۆمەڵەیەیان دامەزراندبوو، بریتی بوون لە: سەڵاح سەعدوڵڵا، عیسمەت شەریف وانلی، نورەدین زازا و چەند کوردێکی تر. دایکم (رەوشەن بەدرخان) پەیوەندیی هەبوو بەو کۆمەڵەیەوە. دایکم خۆی مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانە بوو، هەروەها کاری سیاسیشی دەکرد.

ساڵی 1957 دایکم بانگهێشت کرابوو بۆ یۆنان بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکدا کە لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە دەبەسترا، دایکم وەکوو نوێنەری کورد بەشداری کردبوو. لە بەریتانیاشەوە کۆمەڵەی خوێندکارە کوردەکان بانگهێشت کرابوون و سەڵاح بە نوێنەرایەتییان ئامادە دەبێت. ماوەیەک پێش رۆیشتنی، دایکم داوای لە من کرد کە نامەیەک بۆ سەڵاح بنووسم و ئاگاداری بکەمەوە کە دایکم وەکوو ژنێکی کورد ئەندامی ئەو کۆنگرەیە دەبێت و با ئاگای لێ بێت. دایکم هەر لە سوریاوە پێش ئەوەی بڕوات، جلی کوردی و ئاڵایەکی کوردستانی ئامادە کرد و لە یۆنان بە جلی کوردییەوە ئاڵاکەی دابوو بە شانیدا، بەڵام هەر لە سوریاوە (میشێل عەفلەق) وەکوو عەرەبی سوریا بەشداری کۆنگرەکە بوو، کە دایکمی بینیبوو بەو شێوەیە، زۆر شێتگیر بووبوو ویستبووی رێگە لە دایکم بگرێت قسە بکات، چونکە دایکم قسەی هەبوو لە کۆنگرەکەدا. هەروەها ئاڵاکەی لە دایکم سەندبوو و دڕاندبووی، وتبووی: "ما في کورد في سوریا"، واتا (کورد نییە لە سوریادا). ئەم رەفتارە شۆڤێنینانەیە، یۆنانییەکانی تووڕە کردبوو، هەر بۆیە زۆر دڵنەوایی دایکمیان کردبوو، هەروەها رێگەیان پێ دابوو کە وتەکەی پێشکەش بکات. دایکم قسەکانی بەم رستەیە دەست پێ کرد: "دنیا گوڵێکی بۆنخۆشە، بۆنی بکە و بیدە بە هەڤاڵی خۆت." دواتر هەمان قسەی بە عەرەبی دووبارە کردەوە، پاشان کۆپلە هۆنراوە بەناوبانگەکەی جگەرخوێنی وت: "ئەگەر مە نەبین بە یەک، ئەمە هەڕێین بە یەک یەک". کەسایەتی دایکم و قسەکانی، زۆر سەنجی یۆنانییەکانی ڕاکێشابوو، هەر بۆیە زۆر رێزیان لێ گرت و ئاڵاکەشیان بۆ دروست کردەوە و پێشکەشیان کرد. ئێستا ئەو ئاڵایە لە لای منە، وەکوو چاوی خۆم پاراستوومە و لە ماڵەکەم هەڵمواسیوە. 

دایکم هەفتەیەک لەوێ مایەوە، بەڵام بە ترسێکی زۆرەوە، بە جۆرێک کە لە ترسی عەفلەقییەکان نەیدەوێرا هیچ بخوات نەوەکوو زەفەری پێ ببەن و دەرمانخواردی بکەن، تەنانەت لە هەموو ئەو ماوەیەدا یەک جار چووبووە دەرەوە نانی خواردبوو، هەر بۆیە کە گەڕایەوە بۆ سوریا، پێنج کیلۆ کێشی دابەزیبوو.

 

ئەو نامەیەی کە باسی دەکەیت، چۆن ناردت بۆ لەندەن؟

لە 22ی تشرینی یەکەمی 1957 نامەکەم نووسی و بە پۆست ناردم بۆ لەندەن، داوام لێ کردن ئاگادار بن کە رەوشەن بەدرخان ئەندامی کۆنگرەکەیە. ئەوانیش زۆر پشتگیری دایکمیان کردبوو لە کاتی هەر کێشەیەک کە بەرەڕووی بووبووەوە.

 

با بچینەوە سەر باسی هاوسەرگیرییەکە؟

ماوەیەک دوای ئەوەی دایکم لە یۆنان گەڕایەوە، رۆژێک لە زانکۆ گەڕامەوە بۆ ماڵەوە بینیم دوو نامە لە سەڵاحەوە هاتبوو بۆ ماڵی ئێمە؛ نامەیەکیان بۆ دایکم و ئەوی تریان بۆ من. نامەکەی من بە عەرەبی نووسرابوو، تێیدا پرسیاری کردبوو (هل انت متزوجة؟ هل عندک حبیب او خطیب؟...)، بەڵام نامەکەی دایکم هەر هەواڵپرسین بوو. ئێمە تێگەیشتین کە ئەم پرسیارانە و قسەکانی، خوازبێنیکردنە. هەروەکوو پێشتر وتم، عیراقی بۆی نەبوو بێت بۆ سوریا، هەر بۆیە رێککەوتین کە من و دایکم بچین بۆ لوبنان و سەڵاحیش لە لەندەنەوە بێت بۆ ئەوێ و لەوێ یەکتر ببینین. هەر کە لە کەشتییەکە دابەزین و من و دایکم پێمان نایە ناو خاکی لوبنان؛ بە دایکمم وت کە ئیتر تەواو من و سەڵاح هاوسەرگیری دەکەین. 

 

واتا لە لوبنان هاوسەرگیریتان کرد؟ 

هەر لە لوبنان هەموو شتێکمان بڕانەوە.

 

باشە، تۆ خوێندکاربوویت لە سوریا و ئەویش لە لەندەن، ئەی چ کاتێک بەیەک گەیشتن؟

 لە 17ی کانوونی دووەمی 1960 سەڵاح گەڕایەوە بۆ عیراق و منیش هاتم بۆ عیراق، یەکەم جار لە بەغدا نیشتەجێ بووین بۆ ماوەی دوو ساڵ، چونکە سەڵاح لەوێ کاری دەکرد. دواتر هاتین بۆ کەرکوک و لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک کاری دەکرد، چونکە خۆی ئەندازیاری نەوت بوو. کۆمپانیاکە بەریتانی بوو، خانوویان داینێ، چونکە ئێمە هەر بە جلەکانی بەرمانەوە چووین بۆ کەرکوک. 

 

ئەی تۆ چیت دەکرد؟ هیچ کارێک یان چالاکییەکەت دەکرد؟

هەر لەو کاتەدا کە چووینە کەرکوک، من پەیوەندیم کرد بە یەکێتیی ئافرەتانەوە و بووم بە سەرۆکی یەکێتییەکە. 

هەر لەو ماوەیەدا و لە ساڵی 1970، لە حاجی ئۆمەران کۆنگرەی پارتی بەسترا، من و سەڵاح، منداڵەکان (دڵناز و ئازاد)، مامە کامەران و ناتاشای هاوسەری (کە بە رەگەز پۆڵەندی بوو)، بەشداریی کۆنگرەکەمان کرد. ماوەی کۆنگرەکە سێ ڕۆژ بوو، ئێمە هەفتەیەک میوانی مەلا مستەفا بووین.

 

تا کەی لە کەرکوک مانەوە؟

تا ساڵی 1974، واتا ماوەی 12 ساڵ لە کەرکوک ماینەوە.

 

هۆی چی بوو کە لە کەرکوک نەمان؟

لە ساڵی 1974 بە بڕیاری ئەحمەد حەسەن بەکر کوردەکانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک دەکران، لەبەر ئەوە ناچار جارێکی تر گەڕاینەوە بۆ بەغدا.

 

ئەی لەوێ چیتان کرد و چۆن بژێویتان دابین دەکرد؟

 بێ پارە و بێ مووچە، چەند مانگێک بەو جۆرە ماینەوە. لەو کاتەدا لە بەغدا قوتابخانەی بەغدای نێودەوڵەتی (مدرسة بغداد الدولیة) هەبوو، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، لەو قوتابخانەیە دامەزرام، وانەی عەرەبیم بە بیانییەکان دەوتەوە. کارێکی زۆر قورس بوو، بەڵام مووچەیەکی باشم هەبوو. هەروەها سەڵاحیش لە وەزارەتی نەوت لە بەغدا چووەوە سەر کار.

 

جگە لەو کارە هیچ چالاکییەکی دیکەت هەبوو؟

بەڵێ، لە پاڵ ئیشکردن، زمانی فەرەنسیم دەخوێند و لە ساڵی 2013 مەدالیای شەرەفم لە زمانی فەرەنسی وەرگرت. پێشتر لە سەردەمی ناپلیۆن ئەم مەدالیایە پاداشتی مادیشی لەگەڵ بوو، بەڵام ئەو کاتەی من وەرمگرت ئەو پاداشتە مادییەی لەگەڵ نەمابوو.

 

کەی و چۆن گەڕانەوە کوردستان؟

 لە ساڵی 2006 لە هەولێر کۆنگرەیەک بەسترا لەژێر ناوی کۆنگرەی نەهێشتنی داگیرکاریی، من و سەڵاح هاتین بۆ کۆنگرەکە، کاک نێچیرڤان بارزانیش لە کۆنگرەکە بوو، پێی وتین: "نابێت بڕۆنەوە بۆ بەغدا، دەبێت بێنەوە بۆ کوردستان." هەر خۆشی خانووی بۆ گرتین و لە هەولێر نیشتەجێ بووین.

 

کە گەڕانەوە کوردستان بە چییەوە سەرقاڵ بوون؟

سەڵاح لە هەولێر لەگەڵ محەمەد ئیحسان لەسەر کەیسی پەنابەران کاری دەکرد، هەروەها یەکەم فەرهەنگی (ئینگلیزی - کوردی) دانا، یەکەم جار بە پیتی عەرەبی و دواتر بە پیتی لاتینی. بەڵام بەداخەوە، لە پاش یەک ساڵ و لە ساڵی 2007 لە تەمەنی 76 ساڵیدا سەڵاح کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەیمان بردەوە بۆ زاخۆ، لەوێ لە زێدی باوباپیرانی لە تەنیشت دایک و باوکییەوە ناشتمان.

 

کاک سەڵاح یەکێکە لە نووسەرە قەڵەم بەبڕشتەکان، دەمەوێت باسی چالاکییەکانیم بۆ بکەیت لەو بوارەدا؟

سەڵاح، یەکەم کتێبی لە لەندەن بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە بەناوی (Kurdish divided nation in the Middle East)، هەروەها نزیکەی 20 کتێبی نووسیوە و وەریگێڕاوە بۆ زمانی کوردی، یەکێک لە کتێبە وەرگێڕدراوەکانی کتێبە بەناوبانگەکەی (کوشتن لەنێوان دوو ڕووبار)ە، کە لە نووسینی نووسەری ئینگلیز (ئاجاسا کریستی – Agatha Christie)ە. پێشتریش باسی فەرهەنگەکەیم بۆ کردن.

، 

 

چەند منداڵتان هەیە و بە چییەوە سەرقاڵن؟

دوو منداڵمان هەیە؛ دڵناز، لە ساڵی 1961 لەدایک بووە و ئازاد، لە ساڵی 1963، هەردووکیانم لە دیمەشق بووە، چونکە بۆ منداڵبوون دەچوومەوە بۆ لای دایکم لە دیمەشق. 

 دڵناز، لە بەغدا زمانی ئینگلیزیی خوێند و لە فەرەنساش لە پاریس وەرگێڕانی خوێند؛ وەرگێڕانی زمانی فەرەنسی بۆ عەرەبی، هەروەها فەرەنسی بۆ ئینگلیزی. ئێستا دانیشتووی پاریسە و سێ منداڵی هەیە (دوو کوڕ و کچێك).

ئازادیش ئەندازیاری میکانیکە، لە قەتەر دەژی، دوو منداڵی هەیە (کوڕێک و کچێک).

 

پێم خۆشە لێرەدا کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ ئەو کاتەی لە سوریا بوون، وەک ئاشکرایە زۆرێک لە سەرکردە و کەسایەتییەکانی شۆڕشی کوردی زۆر جار سەردانی سوریایان دەکرد، ئەو کاتەی ئێوە لە دیمەشق بوون هیچ یەکێک لەو کەسایەتییانە سەردانیان دەکردن؟

لە ساڵانی شەستەکاندا لە دیمەشق، مام جەلال لەگەڵ د.عزەدین مستەفا رەسوڵ و عەلی فەتاح دزەیی زۆر هاتوچۆی ماڵی ئێمەیان دەکرد، مام جەلال پێش سڵاو دەیوت: "ئەمڕۆ خواردن چی هەیە بیخۆین؟" کە بوو بە سەرۆک کۆماری عیراق، چووم بۆ لای بۆ بەغدا بۆ پیرۆزبایی. لێی پرسیم "مانگانەت چەندە؟" پێم وت سێ هەزار دینار مووچەی خانەنشینیی سەڵاح وەردەگرین. زۆر سەری سوڕما، وتی: "لەمەودوا هەموو مانگێک سێ هەزار دۆلارتان بۆ دەبڕمەوە." تا ئەو کاتەی نەخۆشکەوت ئەو پارەیەی مام جەلالمان وەردەگرت، دوای ئەوە پارەکە بڕدرا و کەس لێی نەپرسینەوە. 

 

ئەى ئێستا کێ هاوکاریتان دەکات؟

ئێستا مانگی سێ ملیۆن دینار وەردەگرین، مانگانە دەچم بۆ مەسیف سەڵاحەدین بۆ وەرگرتنی.

 

ئێستا بە چییەوە سەرقاڵیت؟

ئێستا سەنتەری (رەوشەن بەدرخان)م دامەزراندووە و دەیبەم بەڕێوە، لە (کەمپی گویلان) لە نزیک هەولێرە. ئەم سەنتەرە بۆ خوێندنەوە و نووسینی کوردیی دامەزراوە.

 

سەنتەرەکە لەلایەن کێوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت؟

لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، هەروەها هەر کەسێک لە کوردانی باکوور بە تورکی قسە بکات، پێنج هەزار دیناری لێ وەردەگرم وەکوو سزایەک، هەر کوردێکی باشووریش خواردنی زیاد بڕێژێت، پێنج هەزار دیناری لێ وەردەگرم. جارێک لە بەغدا مام جەلال خواردنی لێ مایەوە، یەکسەر پێم وت پێنج هەزار دینار دابنێت لەجیاتی ئەو خواردنە. هەموو ئەو پارانە کۆ دەکەمەوە و دەیبەم بۆ کەمپی گویلان. جارێکیان لە کەمپەکە بووم یارمەتیم بۆ بردبوون، منداڵێک (بە زمانی منداڵانەی خۆی هەر سینەم ناوی هێنام)، هاواری کرد: "سینەم چیت بۆ هێناوین؟" منیش پێم وت:  "جلوبەرگ و بەتانی." کەچی منداڵەکە وتی: "من بەتانی و جلم ناوێت، حەزم لە یارییە، شتی یاریم بۆ بهێنە." ئیتر دواتر گەڕامەوە بۆ کەمپەکە و یاریی منداڵانیشم بۆ بردن.

 

ئایا تا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە ژیاننامەی خۆت بنووسیتەوە؟

بەڵێ، لەمێژە بیرم لێ کردووەتەوە و نووسیومەتەوە، بەڵام هێشتا چاپ نەکراوە.

 

کەواتە هەر لێرەوە مژدەی ئەوەت پێ دەدەین کە لە رێگەی ئینستتیوتەکەمانەوە (ئینستتیوتی نارین بۆ لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوە)، ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ژیاننامەکەتان لەئەستۆ دەگرین. 

 

پەیوەندیتان لەگەڵ کەسوکار و خزمانتان چۆنە؟

کەسی نزیک نەماوە، کچ و کوڕی جەمشیدی براشم لە ئەڵمانیا دەژین و دوورین لە یەکتر.
 

رات چییە لەسەر ژنی کورد، بەتایبەت ئەم جیلەی ئێستا؟

ژنی کورد ئێستا ئازادن، دەتوانن قسە بکەن و ناترسن، بەتایبەتی لە باشوور، بەڵام لە باکوور بەو شێوەیە نییە.
 

دواوتەت چییە؟

دواوتەم، کە من هاتم بۆ کوردستانی باشوور بۆ من زۆر خۆش بوو، چونکە هیچ ناچار نیم بە زمانی عەرەبی، یان تورکی و فارسی قسە بکەم، ئازادانە بە زمانی شیرینی کوردی قسە دەکەم و دەڵێم بژی کورد و کوردستان. هەروەها زۆر خۆشحاڵم کە هاوسەرەکەم لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و لە زێدی خۆی بەخاکمان سپارد نەک لە وڵاتی غەریبی، ئەگەر لە بەغدا بووینایە؛ ئەوا نەماندەتوانی بیهێنینەوە.
 
لە کۆتاییدا دەڵێم "هیوادارم کورد یەکگرتوو بن".

 

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد