کوردستانی

"هیچ عومرەکارێکی کوردستان لە مەککە دەرنەکراوە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هیچ عومرەکارێکی کوردستان لە مەککە دەرنەکراوە"
مەودا میدیا-

 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعومرەی هەرێم رایگەیاند، هیچ عومرەکارێکی کوردستان لە ئۆتێلەکانیی مەککە دەرنەکراوە و سەرلەبەری ئەو هەواڵە هەڵبەستراوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "سەبارەت بە عومرەکارانی کوردستان، ئەو عومرەکارانەی لەڕێگەی هێڵی فڕۆکەوانی (فلای بغدا)ـەوە گەشتیان کردووە هەموویان لە وادەی خۆیان گەڕاونەتەوە و دەگەڕێنەوە، بگرە دوای بەدواداچونمان پێش جەژن داوا لە عومرەکاران کراوە ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە ئەوا فڕۆکە ئامادەیە، بەڵام بەشێکی زۆر لە عومرەکاران بە نیەتی خێری نوێژی جەژن و عیبادەت ئامادەنەبوون بگەڕێنەوە، لە ئێستاشدا زیاتر لە 60%ـی عومرەکارانی هێڵی فرۆکەوانی فلای بەغدا بە بێ کێشە گەڕاونەتەوە و ئەوانی دیکەیش بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە پێی ئەو رۆژەی بۆیان دیاریکراوە لە کاتی خۆیاندا بگەڕێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "سەبارەت بەو عومرەکارانەی لە رێگەی (هێلی فڕۆکەوانی عیراقی)ـیەوە گەشتیان کردووە بەهۆی خوڵبارینی چەند رۆژی رابردوو کە لە بەغدا و نەجەف دروستبوو گەشتەکان راگیرابوون و لە ئێستادا دوبارە گەشتەکان بەردەوامیان هەیە،  بەهۆی ریزبەندی گەشتەکانەوە چەند رۆژێک گەشتەکان دواخران".

لەبارەی هەبوونی کێشە لە گواستنەوەی عومرەکان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعومرەی هەرێم دەڵێت، "بەهۆی زۆری وەرگرتنی عومرەکاران لە سعودیە فشارێکی زۆر کەوتوەتە سەر فڕۆکەخانەی (مەلیک عبدالعزیز ) لە جەددە، کە بۆتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە عومرەکارانی وڵاتی دیکەیش گەشتەکانیان دوابخرێت. هەروەها سەبارەت بە نەمانی پارە و خواردن وەکوو ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا باس کراوە دوای بەدواداچونمان بۆ ئەو بابەتە دەرکەوت کە ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە و بگرە  بەهۆی پێداگیری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە لەسەر کۆمپانیاکان و چاودێری بەردەوام لەسەریان، رۆژانە پێدوایستی خواردنیان بۆ عومرەکاران دابینکردوە وەکو پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی زیاتر بە عومڕەکاران".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو کەسەی بانگەشەی ئەوەش دەکات کە پارەی نەماوە دەتوانێت پەیوەندی بە بەرێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومڕەوە بکات بۆ رێنمایکردنی یاخود پارە لە سەرۆک قافڵەی خۆی وەربگرێت و هەر چەند پارەی پێویست بێت ئەگەرچی لە ئۆتێلەکانیاندا زۆربەی پێداویستییەكانیان بۆ فەراهەم کراوە.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan