کوردستانی

پارتی داوای دامەزراندنەوەی دادگەی فیدراڵیی عیراق دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی داوای دامەزراندنەوەی دادگەی فیدراڵیی عیراق دەکات
مەودا میدیا-

پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دامەزراندنەوەی دادگەی فیدراڵیی عیراق، پێکهێنانی دامەزراوە دەستورییەکان بەگوێرەی دەستوور کراوە و لەگەڵ جەختکردنەوە لە دەرچواندنی  یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی، بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش پارتی پشتیوانی خۆی بۆ بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم دووپاتکردووەتەوە و داوا دەکات ئاستەنگییەکانی بەردەمی لابدرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە دوای کۆبوونەوەیەک ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌می کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیدا کە به‌ سه‌رپه‌رشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بەڕێوەچوو گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی عیراق كرا، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و پرۆسه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی "رزگاریی نیشتمانی كه‌ له‌ سێ لایه‌نی براوه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌ی شیعه‌ و كورد و سوننه‌ (ره‌وتی سه‌در، پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی سیاده‌) پێكهاتوون".

باسی لەوەشکردووە "باسیان له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق و هه‌وڵه‌كانی نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كان و شكاندنی چه‌قبه‌ستویی سیاسی كرد، كه‌ خۆی له‌ زنجیره‌یه‌ک دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ رۆژانی داهاتودا ده‌بینێته‌وه‌، ئێمەش جەختدەکەینەوە لەسەر داكۆكی له‌ ته‌واوی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم، جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، دروستكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كان ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ش ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ، دامه‌زراندنه‌وه‌ی دادگەی فیدراڵ به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و دانانی یاسای نه‌وت و غاز".

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە تەوەرێکی دیکەدا باسی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان كرا و تیشک خرایه‌ سه‌ر هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ كۆبوونه‌وه‌ و سه‌ردانیكردنی ته‌واوی لایه‌نه‌كان، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ هیچ كورسییه‌كیان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ و مافی به‌شداریكردنیان له‌ بڕیاری سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ هه‌یه.

پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بەوەکراوە، پارتی داوا دەکات لە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش کارابکرێتەوە، داواش دەکەن لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ و رێککەوتن بکەن بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی تایبەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.
ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan