کوردستانی

محەمەد حاجی مەحمود: وەزیری نەوتی عیراق وڕێنە دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


محەمەد حاجی مەحمود: وەزیری نەوتی عیراق وڕێنە دەکات
مەودا میدیا-

سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان  بە وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت وڕێنە دەکات، ئاماژە بەوەدەکات کورد دەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەکشە بکات وەدەبێت وەڵامی تووندی هەر کەس و لایەنێک بداتەوە کە ئەو مەسەلەیە باسدەکەن.

محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە بابەتێکیدا کە لەبارەی لێدوانی وەزیری نەوتی عیراق سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "رۆژی شەممە 7-5-2022 ئیحسان عەبدولجەبار ناوێک گوایە وەزیری نەوتی عیراق لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتەکەی کۆمەڵێک قسەی کرد، زۆری لەو راوە دەچوو ئەم وەزیر و گزیرانە قورمش دەکرێن کە چی بکەن و چی بڵێن، ئەویش قسەکانی کۆنی دادگە عەرەبیەکەی بەغدای جویەوەو گوایە 75 رۆژ نەرمی نواندوە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم وەڵامی ئیجابی نەبووە، بۆیە ئەویش بڕیاری داوە بڕیارەکانی دادگە جێبەجێ بکات".

دەشڵێت "من بەم وەزیرە دەڵێم زۆر دڵنەرم و میهرەبانی نواندوە و خێری بە کورد کردووە، لە راستیدا ئەو جۆرە قسە و هەڵسوکەوتەی عیراق، رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق مان بیر دەخاتەوە، بە تایبەتی رژێمی سەدام حسێن و حزبی بەعس، بەڵام لە رژێمێکی لاواز رەنگە ئەم وەزیرە لە ژوورەکەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەکانی جێبەجێ بکات، ئەم وەزیرە بە زمانێکی زبر هەڕەشە لە کوردستان دەکات لە کاتێکدا عیراق و سەروەریەکانی لە ژێر پۆستاڵ و مووشەک و ڕەحمی موخابەراتی وڵاتاندایە، تەنانەت حزب و کەسایەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گێچەڵیان پێ دەکرێت، ئەویش ئەیەوێ لەسەر کورد جارێکی کەش خۆیان تاقی بکەنەوە و دوای ئەو قسانەش هەندێک دەنگی ناساز بە ناوی ڕۆژنامەنوسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا ئەکەن وەک تابوری پێنج باسی گەڕانەوە بۆ عێراق و هەموو شتەکان بگەڕێتەوە بۆ عیراق، ئەو گێلە پیاوانە هەمیشە چاویان لە ئێسقانە بە چ حەقێک ئەو قسە حەلەق و مەلەقانە ئەکەن، ئەوانە ڕەنگە بە هەوێ کورد بن بۆیە نە دادگا دادگایە و نە بڕیاریش جێبەجێ ئەکرێت چونکە کورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر، کورد ئەبێت هەنگاوی تر بنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای کورد و کوردستان".

محەمەد حاجی مەحمود باس لەوەدەکات "کورد دەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەکشە بکات و دەبێت وەڵامی تووندی هەر کەس و لایەنێک بداتەوە کە ئەو مەسەلەیە باسدەکەن و قابیلی قسە لەسەرکردن نییە و نابێت، چونکە دەستوری عیراق مافی بە کورد داوەو دادگە و هەر کەسێکی کە ناتوانێ هیچ بڕیارێکی لەو بابەتە بدات، بۆیە حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان و قضا دەبێت هەڵوێست روون و ئاشکرایان هەبێت لە سەر ئەو جموجوڵەی بەغدا لەسەر کوردستان هەیە".

راشیدەگەیەنێت "بەغدا بۆ ئەنجومەنی فیدڕاڵی یا پارێزگاکان دانامەزرێنێ بۆ ئەو هەموو تاوانە کە دژی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان ئەکەن ڕاگرن، بۆیە کورد و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرگری لە قەوارەی سیاسی هەرێم بکەن، چونکە قسەکانی ئەو وەزیرە هەڕەشەی شەڕ بۆ سەر کوردستان دەکات، با ئەوانیش خۆیان تاقیبکەنەوە وەک حکومەتەکانی پێش خۆیان دڵنیام چارەنووسیان لەوان باشتر نابێت".

وتی "ئەوانەی ئێستا حاکمن لە بەغدا لەبیریان چووە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان و هێزی پێشەرگە عیراقیان ڕوخاند نەک ئەوانەی ئێستا حاکمن لە بەغدا، زۆریان سەربازی فیراربوون لە دەرەوەی وڵات و بە ڕادیۆ هەواڵی کوردستان و عیراقیان پێ دەگەیشت، بۆیە ئێمە هەموو ئەوانە رەتدەکەینەوە و هەر لایەنێک و لایەنی پەیوەندیدار بۆی نییە سازش لەسەر مافی رەوای خەڵکی کوردستان بکات، هەر هەنگاوێک خیانەتە لە مێژوو لە کورد و قەوارەی سیاسی ئێستا و داهاتوو".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan