کوردستانی

لێدوانی نوێی هاتوچۆی هەرێم لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێدوانی نوێی هاتوچۆی هەرێم لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2021 بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، دواتر بە دروستکردنی فشار لەلایەن ئەو کەسانەی کە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەن بڕیاردرا ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جام رەش نین و چەکیان پێ نییە هاتوچۆکردنیان ئاساییە.

ئەسعەد مەلا کەریم، وتەبێژی هاتوچۆی گشتیی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیا راگەیاند "لەئێستادا هیچ بڕیارێکی نوێ نییە لەبارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانەوە".

ئومێد محەمەد، نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بۆ مەودا میدیا وتی "هیچ بڕیارێکی نوێ نییە لەبارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانەوە، بەڵام هەر ئۆتۆمبێلێک مەرجە یاساییەکانی تیابێت و جام ڕەش نەبێت و چەکی پێ نەبێت ئەوا کێشەی بۆ دروست ناکرێت".

وتیشی "لە ماوەی پێشوودا لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانەوە وتی، نووسراوێک کراوە بۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە و چووە بۆ وەزارەتی دارایی بۆی کاری لەسەر بکرێت".

لەبارەی ئەوەی لەئێستادا نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە چۆنە ئومێد محەمەد ئاماژەی بەوەکرد "لەئێستادا لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاییانە لە ئاستێکی باشدان، بەڵام نازانین لە داهاتوودا چ بڕیارێک دەدرێت و نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە چی لێدێت".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan