کوردستانی

رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە کامپی ئاوارەکان روویدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە کامپی ئاوارەکان روویدا
مەودا میدیا-

بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کامپی ئاوارەکانی خانکێ کەوتەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک کە ئاوارەکانی شنگالی تیادایە، لە ئەنجامدا حەوت خێمە سووتاون.

بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە مەودا میدیا راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئایاری 2022 ئاگر لە کامپی ئاوارەکانی خانکێ کەوتەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک کە ئاوارەکانی شنگالی تیادایە، لە ئەنجامی ئاگرەکە حەوت خێمە سووتان کە چواریان بە تەواوەتی سووتاون".

ئاماژەی بەوەكرد "زیانی گیانی نەبووە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دهۆک دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دیاریکردنی زیانەکانی، دەرکەوتووە بەهۆی شۆڕتی کارەباوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە".

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی رووداوی لەم جۆرە رووبەڕوو ئەو کامپانە دەبێتەوە وتی "زیانەکان لەرێگەی بەڕێوەبەری کامپی ئاوارەکان و هاوکاری رێکخراوەکانەوە قەرەبوویان دەکرێنەوە".

وتیشی "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەوە نزیکەی 18 چادری ئەو کامپانەی لە سنووری پارێزگای دهۆکن سووتاون".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan