کوردستانی

یەكێتی لە سەردەمی "بافڵ تاڵەبانی"دا

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەكێتی لە سەردەمی "بافڵ تاڵەبانی"دا
مەودا میدیا- گوڵشەن عەزیز

بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاسان نەبوو دوای كۆچی دوایی رەوانشاد جەلال تاڵەبانی كۆنگرە ببەستێ و خۆی نوێ بكاتەوە، باڵ و ئاراستە سیاسییە- ئابوورییە جیاوازەكان بەئەندازەیەك لە یەك دووركەوتبوونەوە و سەنگەربەندیی وا دروست بوو بوو كە پێشبینی لێكترازان دەكرا، رووشیدا و قەوارەیەك بەناوی هاوپەیمانی لە هەناوی یەكێتییدا دروستبوو، بەڵام دەركەوتنی ئاراستەی سیاسی نوێ كە زیاتر بە پرۆژەی بافڵ تاڵەبانی بۆ هەستانەوەی یەكێتی ناودەهێنرا دەركەوت و "كش و مات"ی لە لێكترازاوان كرد.

سەردەمی بافڵ تاڵەبانی چییە؟
دەركەوتنی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی لە دەباشانەوە كوتوپڕ نەبوو، بەڵام پێشتر ئەركی جیاوازی لەئەستۆ گرتبوو، سەردەمی بەنهێنی شكاندنی رێكخراوە تیرۆریستییەكان كە ئەركەكەی وی لە چوارچێوەی دەزگای دژە تیرۆردا چڕبووەوە، ناوی بافڵ تاڵەبانی وەكو كەسێكی سەربازیی زیاتر دەهێنرا، بەڵام وردە وردە ئەركەكەی خۆی بۆ كاریگەرتربوونی زیاتری بە فیكر و رێبازی سیاسی مام جەلال گۆڕی و لەمەشیاندا سەركەوتووبوو.

سەروەختی نەخۆشكەوتنی مام جەلال بافڵ تاڵەبانی زیاتر لە سیاسەت نزیك دەبێتەوە، ئەزموونی دووەمی كاریگەربوونی بە جەلالیزم لە دایكی "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"ەوە دەبێت، ئەگەرچی لەم قۆناغەشدا تاڵەبانی كوڕ كەمتر وەكو كارەكتەرێكی سیاسی دەردەكەوێ، بەڵام بەڕووخسارییەوە دیاربوو ئیتر ویستی سیاسەتكردنی هەیە و ناتوانێ چیتر بێخەم بێ لەوەی دووكەڵی لێكترازاوانی یەكێتی خەریكە رێگای كاروانی یەكێتی لێڵ دەكات.

سەروەختی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ی پەرلەمانی عیراق یەكێتی لەبەردەم دۆخێكی قورسدا بوو، یەكێك لە جێگرانی مام جەلال لە یەكێتی ترازا، دۆخی ناوخۆی یەكێتی باش نەبوو، كێبڕكێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان یەكێتی و پارتیدا توندتر بوو، ئەوكاتە بووە دەستپێكی دەركەوتنی كرداریی زیاتری بافڵ تاڵەبانی كەوا لە یەكەم هەنگاویدا دوو سەركەوتنی بەدەستهێنا:

یەكەم: بەشداریی كاریگەرانەی لە بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان و هەڵسانەوەی یەكێتی.
دووەم: گەڕاندنەوەی لێكترازاوانی یەكێتی و پێكەوە كاركردن و بردنەوەی ململانێی وەرگرتنی سەرۆك كۆماریش لە پارتی دیموكراتی كوردستان.

لەو ماوەیەدا چەندین لێدوانی دەدا و لە یەك دوو چاوپێكەوتنیشدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندا "دەبێت لەمەودا حزبەكانی دیكە دوای یەكێتی بكەون نەك یەكێتی دوای ئەوان بكەوێ"، بەرزكردنەوەی ئەو دروشمە بۆ رێكخستنەوەی شەقامی یەكێتی گرنگبوو، بەو پێیەی بەشێكی زۆر لە سەركردایەتی ئەوكاتەی یەكێتی بە نەرمی نواندنی زۆر بەرانبەر سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ناوزەد دەكران. هەروەك سووربوونی تاڵەبانی كوڕ لەسەر بەستنی كۆنگرەی یەكێتی و نوێبوونەوە دیسانەوە دەنگدانەوەی گەورەی لای شەقامی یەكێتی هەبوو، ئەمانە وایانكردنی ئیتر سیماكانی سەردەمی بافڵ تاڵەبانی دەربكەوێ و كۆدەنگیشی لەسەربێت.

چیتر بكات و نوێبوونەوە بەكوێ دەگات؟
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە، لەنێو ماڵەكەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە دەباشان دەژی، ئاوهەوای دەباشان ساردە و ئەویش وزەیەكی گەرمی بۆ ئیشكردن هەیە. هاوشێوەی سەردەمی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رۆژانە كۆڕ و كۆبوونەوەكانی بە گەرموگوڕییەوە دەكات، ئەو كاریگەرە بە سیاسەتی چەپكە گوڵەكە و لە نزیكیشییەوە هێشتا دایكێك هەیە كە هاوبەشێتی نیو سەدە خەباتی مام جەلال بووە، لەنێو ژینگەیەكی وادا "نوێبوونەوەی یەكێتی" كردووەتە ئامانج، رەنگە ئاسان نەبێت، بەڵام شەقامی یەكێتی ئەوەی لێ دەوێت.

لە كارنامەی "بافڵ تاڵەبانی"دا سێ خاڵ گرنگە هەبن:
یەكەم: بوونی گوتارێكی سیاسی روون و رەوان بۆ نێوخۆی یەكێتی و بۆ دەرەوەش.
دووەم: رێكخستنەوەی رێكخستنەكانی یەكێتی و گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان و ئاشتكردنەوەی كادیرەكانی یەكێتی.
سێیەم: دابەستنی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هێز و حزبە سیاسییەكانی كوردستان، كاركردن بۆ دروستكردنی بەرەیەكی سیاسی متمانەدار بەرانبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێـتەوە.

لە ئەندامییەوە بۆ سەرۆكایەتی
سەروەختی ئەنجامدانی ئەركە قورسەكان بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی "من تەنها ئەندامی یەكێتی"م، ئێستا كە هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە چاوەڕێی وازیكردنی رۆڵی زیاتری لێدەكرێت، یەكێتییەكی یەكگرتوو و سەركردایەتییەكی كارا دەتوانن هاوكاریی باشی بن بۆ ئەوەی "یەكێتی لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانی"دا بەرگی مام جەلال بكاتەوە بە بەریدا.    

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان