کوردستانی

بەشدار حەسەن: سبەینێ 10 کەس لە زیندانیانی بادینان ئازاددەکرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەشدار حەسەن: سبەینێ 10 کەس لە زیندانیانی بادینان ئازاددەکرێن
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان مژدەی ئازادبوونی ژمارەیەک لە زیندانیانی بادیانی راگەیاند و وتی "ئەگەر کارەکان وەک خۆی بڕۆن سبەینێ 10 کەس لە زیندانیان ئازاددەبن"، سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانییە مانگرتووەکانیش وتی "بەشێکیان ژیانیان لە مەترسیدایە و ماوەی هەشت رۆژە رێگە نادەن تیمی پارێزەران بیانبینن".

هەرچەندە بەشێک لە زیندانیانی بادینان ئازادبوونی مەرجدار دەیگرتنەوە، بەڵام داواكاری گشتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر سستی لە راییکردنی مامەڵەکانیان دەکرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئازادکردنیان دوابکەوێت، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان لە لێدوانێکدا بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "دوای دروستکردنی فشار و هاتنە سەرهێڵی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ دۆسییە 10 لە زیندانییەکان لە چاکسازیی گەورانی هەولێر رەوانەی دادگە کراوە. ئەگەر کارەکان وەک خۆی بڕۆنەپێشەوە و کێشەیان بۆ دروست نەکرێت، سبەینێ دەوورووبەری نیوەڕۆ هەواڵی خۆش دەبیستن و 10 لە زیندانیان ئازاددەکرێن".

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەو زیندانیانەی ماوەی چەند رۆژێکە مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان رایگەیاند "بەشێک لەوانە دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە، زانیاریمان پێگەیشتووە بە هۆی دۆخی خراپی تەندروستییان بە نهێنی دەیانبەن بۆ نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی چارسەر".

بەشدار حەسەن ئاشکارشیکرد "بەهۆی خراپی دۆخی هەندێک لە زیندانییە مانگرتووەکان، ماوەی هەشت رۆژە رێگەیان نەداوە، تیمی پارێزەرانی خۆبەخش سەردانی زیندانیان بکەن، بۆ ئەوەی ئاگاداری رەوشی تەندروستییان نەبین و نەزانین کە دۆخیان چەند خراپە".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan