نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

تێڕوانین لە ژن بەپێی قۆناغەکانی مێژوو

تێگەیشتن لە جەوهەری بوون و پێداویستییە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان، لە کاتی دابەشبوونی کار و رۆڵی هەریەک لە رەگەزەکان و لێکەوتەکانی جیاوازیی نێوانیان و پەیدابوونی بۆچوونەکان دەربارەی ژن، بەهۆی ئەو دابەشبوونی کارەوە سەریان هەڵداوە. سەردەمی کۆن، کە مارکسییەکان پێی دەڵێن: سەردەمی هاوبەشیی سەرەتایی و پێیان وایە ئەو سەردەمە سەردەمی سیستمی دایکایەتی بووە (Matriarchy)، بەو مانایەی دایک دەسەڵاتی بەسەر خێزاندا هەبووە. بۆچوونێکی تریش هەیە کە گوایە ئەوسا خۆڕسکانە ژیان بە یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو بەڕێوە چووە و هەردووکیان پێکەوە هەوڵیان داوە بۆ مانەوە و بەردەوامیی ژیان، لە دنیایەکدا کە پڕ بووە لە مەترسی بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کامیان رەگەزی یەکەمن و کامیان منداڵبەخێوکەرن. لەگەڵ ئەوەش، بەهۆی کەمیی زانیاری لەسەر ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکانی مێژوو، ئەو جۆرە بۆچوونانە مەزەندەن و بۆچوونێکی پشتڕاکراوە نین. 

دوای ئەو قۆناغە، قۆناغی دابەشبوونی کار پەیدا دەبێت؛ پاش ئەوەی مرۆڤ لە قۆناغی راو و شکارەوە دەچێتە قۆناغی خاوەندارێتیی زەوی و کشتوکاڵ، ئەوسا پێداویستییەکان قورسایی دەخەنە سەر کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی و وا دەکەن دابەشبوونی کار پەیدا ببێت. پاشان سەرۆکایەتی و ئیدارەدانی کۆمەڵ، رێکخستنی خاوەندارێتی و پارێزگاری و بەرگری لە کۆمەڵگەکان، هێز و توانا و ئامادەیی دەروونیی، لە پێش هەمووشیانەوە دڵڕەقی و بژاردە لە نێوان ئەو دوو رەگەزەدا پەیدا بوو بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن. بۆ ئەوەی ئەو جۆرە خەسڵەتانەیان هەبێت، روانگەکان دەربارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی نێوان ژن و پیاو گۆڕدرا، کە دەکرێت دابەشی شەش جۆر لە تێڕوانین بکرێت:

یەکەم: ئەو تێڕوانینەیە کە لە جیهانی کۆندا لە وڵاتی ئەغریقدا هەبووە، بەتایبەتیش لە نووسینەکانی ئەفلاتوون و ئەرستۆدا باس کراون و ترس لە ژن بڵاو بووەوە لەلایەن پیاو و کۆمەڵگەوە.

دووەم: لە سەردەمی تەورات (پەیمانی کۆن) و دواتریش رێنماییەکانی کەنیسە جەختی لەسەر کردنەوە. ئاراستەی تێڕوانینەکان رووەو بەکەمزانینی ژن وێنا دەکران، کە سەرچاوەکەی لە دروستبوونی ئادەم و حەوا و گوناحی حەواوە بوو کە وای کرد ئادەم لە بەهەشت بکرێتە دەرەوە.

سێیەم: لەگەڵ سەرهەڵدانی سەردەمی گەشەکردن و رۆشنگەریی ئەوروپی، چاو بە هەڵوێستەکانی بەرانبەر ژندا خشێنرانەوە لە رووی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکەیاندا، بەڵام بە ترسەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو تێڕوانینە نوێیانە دەکرا.

چوارەم: لەگەڵ پەرەسەندنی سیستمی سەرمایەداری، جۆرێک لە ترس پەیدا بوو، چونکە ژنان کەوتنە کێبڕکێ لەگەڵ پیاوان بۆ دۆزینەوەی کار و رازیبوون بە کرێی کەمتر لەوان.

پێنجەم: ترسەکانی پێشوو هەر مانەوە بە بەرگێکی تازەوە، بە بیانووی ئەوەی کۆمەڵگە خەریکە لێک هەڵدەوەشێتەوە؛ لەبەر ئەوەی ژنان رۆڵیان لەناو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ و چاودێرییان بەهۆی کارەوە کەم دەبێتەوە.

شەشەم: لەگەڵ ئەمانەش، بەهۆی فراوانبوون و گەشەی لەڕادەبەدەری پیشەسازی، سەرمایەدارەکان، بۆ بەرهەمی زیاتر، پێویستیان بە هێزی کاری زیاتر بوو و ئەو بۆشاییە بەتەنیا بە پیاوان پڕ نەدەکرایەوە، بۆیە دەرگا واڵا کرا بۆ ژنان بۆ چوونە ناو کایەی کارەوە، بەتایبەتیش بە کچانی گەنج و نەخوێندەوار، بەو مەبەستەی رۆژانەی کرێی کەمتریان دەدرێتێ. هەروەها خۆدوورخستنەوە لە ئاژاوە و داواکاریی نێو کارگەکان کە زۆربەی جار لەلایەن ژنانی خوێندەوار و چاوکراوەوە دەکرا.

دوای پێشکەوتنەکانی پیشەسازی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، جارێکی تر کێبڕکێ دەستی پێ کردەوە، ئەم جارە خاوەن کارگەکان پێوەری تازەیان داڕشت بۆ دامەزراندن؛ لەوانە: خوێندەواری و ئاستی رۆشنبیری، دەوامی چڕ و تەواو، هەروەها بەهۆی کەمبوونەوەی هەلی کار لە هەموو دنیادا، بەتایبەتیش لە وڵاتە سەرمایەدارەکان؛ کێبڕکێکە زۆر ئەستەم دەبێت و جارێکی دیکە ژنان دەبنەوە قوربانیی ئەو کێبڕکێیە. سیستمی کۆمەڵایەتی زۆر کەم گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە بە بەراورد لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتان، بەخێوکردن و چاودێریی منداڵان، زۆربەی لە ئەستۆی ژندایە. 

لە لایەکی تریشەوە، لەم سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایەدا، مێگەراکان و رێکخراوەکانی ژنان داواکارییەکانیان چڕتر بووەتەوە بەجۆرێک کە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت، هەر بۆیە ژنان لە هەموو قۆناغەکاندا لە شەڕێکی بەردەوامدا بوون و دەبن سەبارەت داواکارییەکان و مافەکانیاندان، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی جیهانگیرییەوە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان و ئەزموونەکان زیاتر لەبەر دەستدان و بزووتنەوەکان زیاتر بەجیهانیبوونیان بەخۆیانەوە بینیوە.
 
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan