نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

میسۆجینی، تێڕوانینێکی نادادپەروەرانە بۆ ژن

میسۆجینی (Misogyny)؛ جۆرێکە لە ئایدیا و ئایدۆلۆژیای رق و بەکەمزانینی ژن، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە لە پلەی دووەمدایە لە بیرکردنەوەی کەسەکاندا، بووەتە واقیعێک و پێش هەزاران ساڵ لە سیستمی باوکسالارییەوە سەری هەڵداوە. هەندێک دەڵێن حاڵەتێکی دەروونییە، بەهۆی بارێکی دەروونیی نەخوازراو بەرانبەر کەسە نزیکەکان (لە رەگەزی مێ)، وەک: دایک، هاوسەر، خوشک و هاوڕێ دروست دەبێت. ئەمە شتێکی تازە نییە، زۆرێک لە بیرمەندە مەزنەکانی سەردەمانی کۆن و نوێ، خاوەنی ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایە بوون و لە نووسینەکانیاندا رەنگی داوەتەوە، تا ئێستاش ئەو جۆرە تێڕوانین و بیرکردنەوەیە بەردەوامە و بە هەوڵی زۆری ژنان بە شێوەیەک لە شێوەکان دەکرێت کاریگەرییەکانی کەم بکرێتەوە. 

لێرەدا ئاماژە بە وتەی هەندێک لە فەیلەسوفە گەورەکانی مێژوو دەدەین لەو بارەیەوە:

شۆپنهاوەر (فەیلەسوفی ئەڵمانی): ژن ئاژەڵێکە بە قژێکی درێژ و بیرکردنەوەیەکی کورتەوە!!
نیچە: نەچیتە لای ژن ئەگەر کوتەکت پێ نەبوو!

رۆسۆ؛ فەیلەسوفی شۆڕشگێڕی فەرەنسی، کە شۆڕشەکەی تەنیا بۆ پیاوان بووە و داوای یەکسانی لە نێوان پیاوان خۆیاندا کردووە و چەندین جار ئەوەی دووبارە کردووەتەوە: ئەگەر ژن داوای یەکسانی لەگەڵ پیاواندا بکەن، ئەوا هەڵە دەکەن.

ئەرستۆ، جگە لە هەموو بۆچوونە خراپەکانی دیکەی دەربارەی ژن، کە لە بابەتێکی پێشوودا باسمان کردن، دەڵێت: ژن ددانەکانی لە هیی پیاو کەمترە... ئەمە لە کاتێکدا دوو جار هاوسەرگیری کردووە، بەڵام خۆی ماندوو نەکردووە ددانەکانیان بژمێرێت... ئەمانە و زۆرێکی تر لە بیرمەند و فەیلەسوفەکان ئەو جۆرە رق و بیرکردنەوەیەیان هەبووە و هەیە.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئەم هەموو رق و بەکەمزانینە بەرانبەر بە ژن، بۆچی و چۆن؟
هەروەک نیچە خۆی دەڵێت: هەموو فەلسەفە گرنگەکان جۆرێکن لە بیرەوەرییە شاراوەکانی تاک. کاتێک لەو وتەیە ورد دەبینەوە، دەتوانین بڵێین بەشێک لە بیرکردنەوەکانی ئەو فەیلەسوف و نووسەرانە دەگەڕێتەوە بۆ رق و هەڵوێستیان لە ئەنجامی ئەزموونە تاڵەکانی هەر تاکێکیان. هەرچەندە ناتوانین بڵێین ئەم تێڕوانینە "میسۆجینی"ییە پاش ئەزموونەکانیان، یاخود لەگەڵ ژیانیاندا بووە، بەڵام دەکرێت بڵێین کاریگەرییان زۆر بووە. ئەمانە هەندێک لەو ئەزموونە تاڵانەن کە ئەو فەیلەسوفانە رووبەڕووی بوونەتەوە و ناشبێت سەردەمەکانی ئەوسای کە تێیدا ژیاون لەبیر بکەین. بۆ نموونە؛ هەر نیچە، لە چەندین ئەزموونی سۆزداریی یەک لەدوای یەک لەگەڵ کچان شکستی هێناوە و سەرکەوتووش نەبووە لە ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەوانەی خۆی خواستی لێیان هەبووە.

شۆپنهاوەر، پەیوەندی لەگەڵ دایکی زۆر خراپ بووە، دایکی بەکەم سەیری راوبۆچوونەکانی شۆپنهاوەری کردووە و لە بەهای بیرۆکە و توانای بیرکردنەوەکانی کەم دەکردەوە. هەروەها باوکی لە تەمەنی گەنجێتیدا خۆی کوشتووە، دوای مردنی باوکیشی، شۆپنهاوەر لە تەمەنی هەرزەکاریدا نەخۆش کەوت و دایکی جێی هێشت.

جان جاک رۆسۆ، هاوسەرەکەی ژنێکی نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیر بووە و نەشیویستووە هیچ فێر بێت. رۆسۆ زۆر هەوڵی لەگەڵ داوە، بەڵام بێسوود بووە.

لە لایەکی ترەوە، نابێت ئەوەمان بیر بچێتەوە کە بیرکردنەوەی تاک و فەیلەسوفەکان زادەی بیرکردنەوەی سەردەمەکەیانە؛ لە کۆمەڵگەکانی کۆندا سیستمی (باوکسالاری) رێگر بووە لە بەشداری ژنان لەو بوارانەی کە تەنیا بۆ پیاوان تەرخان کرابوون و رێگری زۆر هەبووە لە پێشکەوتنیان لە رووی جەستەیی و هزرییەوە. پیاوانیش هەموو بوارێک لەبەردەمیان ئاوەڵا بووە، بۆیە بەو هاوکێشە و تەرازووەوە هەر ناتوانین یەکسانیان بکەین و بەنایەکسانی ماونەتەوە. ئەو وێناکردنە خراپانەی کە لە نووسینەکانی فەیلەسوفەکاندا رەنگی داوەتەوە، سەمپڵێکی بچووکی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەکانیان بووە دەربارەی ژن، هەروەها تابلۆیەکی کێشراوی واقیعی ژیان و ئەزموونی خۆیانە.
 
 
 
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan