عارف قوربانی
سه‌در وه‌ك سته‌ملێكراوێك
دوای هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه‌ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، ئه‌وكاته‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و دادگەی فیدراڵیی عیراق ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیان په‌سندكرد، تازه ئاماژه‌كانی دابه‌شبوونی ماڵی شیعی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی (سه‌در و مالیكی) ده‌ركه‌وتبوو، ئه‌وكات هێشتا پارتی و یه‌كێتیی بانگەشەی ئه‌وه‌یان ده‌كرد یه‌کهه‌ڵوێست و بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه، پێكه‌وه روو ده‌كه‌نه به‌غدا. له دوو ئه‌ڵقه‌ی به‌رنامه‌ی گفتوگۆی رۆژنامه‌نووس له رادیۆی رووداو، هه‌روه‌ها دواتریش له دوو وتاردا له پۆرتاڵی رووداو، داوام له پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌بوو، كه بچن له‌گه‌ڵ مالیكی و عامری رێكبكه‌ون نه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌در، هه‌رچه‌نده سه‌در براوه‌ی بێڕكابه‌ری هه‌ڵبژاردنیش بوو.
له نیوه‌ی رێگە پارتی و یه‌كێتی له‌یه‌ك ترازان و دابه‌شبوون به‌سه‌ر هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی ماڵی شیعی‌دا. پارتی و زۆرینه‌ی سوننه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌در رۆیشتن و یه‌كێتی و زۆرینه‌ی هێزه شیعییه‌كان دوای مالیكی كه‌وتن. به‌م دابه‌شكارییه ململانێكان تووندتر بوونه‌وه و ناكۆكییه‌كان زیاتر په‌ره‌یان سه‌ند، ئه‌وكاتیش به وتار و له چه‌ند دیدارێكدا ئاماژه‌م به هه‌ڵه‌ی پارتی كرد له هه‌ڵبژاردنی سه‌در و روونتر داوام لێ‌كردن بچن له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ماڵ رێككه‌ون، كه مه‌به‌ستم له ئێران بوو. هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و بۆچوونه‌شم ئه‌وه‌بوو كه له‌لایه‌ك پێموابوو ئێران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌نادات حكومه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی سێقۆڵی (سه‌در، بارزانی، حه‌لبووسی) پێكبهێنرێت و هێزه وابه‌سته‌كانی ئێران په‌راوێز بخرێن. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌موت ئێران یاخیبوونی سوننه‌كانیش له‌چاوی بارزانی ده‌زانێت، له رێگه‌ی مووشه‌ك و درۆن و دادگەی فیدراڵیی عیراقه‌وه تۆڵه له هه‌رێمی کوردستان ده‌كاته‌وه، به‌داخه‌وه هه‌موو ئه‌مانه‌ی به‌زیاده‌وه كرد.
هه‌روه‌ها پێموابوو ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و هێزه گرێدراوه‌كانی ئێران په‌راوێزبخرێن، ئه‌وانیش ده‌بنه كێشه بۆ كوردستان، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی كورد و سوننه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌كانه، نه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌در، به‌تایبه‌تیش ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریدا هه‌یه، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌وان دەکرێت ئاسانكاری بێت بۆ هه‌ڵگرتنی به‌شێك له‌و سته‌مه‌ی له‌سه‌ریانه و قووڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه، دهستكراوهتریان ده‌كات بۆ سته‌می زیاتر له دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه.
به‌ڵام ئه‌مانه ته‌نها هۆكار نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی هانی كوردستان بده‌ین پشت بكه‌نه سه‌در و روو له ئێرانییه‌كان بن، هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و تێڕوانینه‌م ئه‌وه بوو كه ئه‌گه‌ر له‌بری ئه‌وه‌ی هێزه وابه‌سته‌كانی ئێران په‌راوێز بخرێن و ببنه كێشه بۆ كوردستان، ئه‌گه‌ر سه‌در په‌راوێز بخرێت چی روو ده‌دات؟ سه‌در تۆڵه له كێ ده‌كاته‌وه؟ ده‌بێته سه‌رئێشه بۆ كێ؟ له تێڕوانینم بۆ داهاتووی ئه‌و ئه‌گه‌ره پێم وابوو ئه‌گه‌ر كورد و سووننه و هێزه وابه‌سته‌كانی ئێران رێكبكه‌ون و سه‌در وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌م بخه‌نه په‌راوێزه‌وه، به‌و سته‌مه‌ی له سه‌در ده‌كرێت، به حوكمی ئه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ی سه‌در كه جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تی و له به‌غدای پایته‌خته، ده‌ست و پێی ئه‌و حكومه‌ته ده‌به‌ستێته‌وه و حكومه‌تێكی بێهێز و بێكاریگه‌ر و له‌ڕولاواز دروستده‌بێت، به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وزدا نه‌بێت.
كورد ده‌یتوانی ئه‌م یارییه بكات و نه‌یكرد. باجی چوون له‌گه‌ڵ سه‌دری دایه‌وه. كه‌وتینه به‌ر لێشاوێك له بڕیاری سته‌مكارانه‌ی دادگەی فیدراڵیی عیراق و لێكه‌وته‌كانی بۆ ده‌یان ساڵی دیكه‌ش ده‌مێنێته‌وه، له ئێرانه‌وه راسته‌وخۆ هه‌ولێر مووشه‌كبارانكرا و سه‌ر ئه‌نجام له‌ژێر گوشاری ئێران‌دا سه‌در په‌رله‌مانی بۆیان جێهێشت و پارتی و سوننه‌كانی گورگانخوارد كرد. ئیراده و ده‌سه‌ڵاتی دایه‌وه ده‌ستی هێزه وابه‌سته‌كانی ئێران و خوا ده‌زانی بۆ چه‌ند ساڵی داهاتوو له گۆڕینی ده‌ستوور و یاساكان چی به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا ده‌هێنن.
ئه‌م پێشه‌كییه دوورودرێژه‌م بۆ ئه‌وه بوو روونیبكه‌مه‌وه له هه‌لومه‌رجێكدا كورد ببووایه‌ته به‌شێك له‌و سته‌مه‌ی له سه‌در ده‌كرا، دەیتوانی كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وت به سوودی سووككردنی سته‌م له‌سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام وه‌ك ده‌رئه‌نجام سه‌در هه‌ر بووه قوربانی، به‌ڵام كورد نه‌ك هیچی لێ ده‌ستنه‌كه‌وت بگره زیانی زۆری لێده‌كات.
ئێستا ئه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌گوزه‌رێت سه‌در دووجار بووه‌ته قوربانی و سته‌می لێده‌كرێت. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه دووه‌م هه‌ڵبژاردنه یه‌كه‌می عیراقه و ئه‌مجاره نه‌ك هه‌ر له رووی ژماره‌ی كورسییه‌وه زۆرینه‌ی شیعه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی سوننه و كوردیشدا هاوپه‌یمانێتییه‌كی زۆرینه‌ی سیاسی پێكهێنا، به‌ڵام گه‌له‌كۆمه‌كێی كرایه سه‌ر و ئێران تا ئاستی به‌كاربردنی هێز، رێگریی لێ‌كرد. دواتر ناچاریانكرد له په‌رله‌مانیش بكشێته‌وه و شوێنی كورسییه‌كانی به كه‌سانی وابه‌سته‌ی ئێران پڕ كرایه‌وه. به‌وه‌ش وازیان لێنه‌هێنا و كه‌وتنه پلاندانان بۆ په‌ڕ و باڵكردنی.
دووه‌م ستەمیش كه له سه‌در ده‌كرێت ئه‌وه‌یه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی وه‌ك گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی و كاریگه‌رترین ره‌وتی سیاسی خستیانه په‌راوێزه‌وه. به‌ڵگه‌ی سه‌لمێندراو خراوه‌ته به‌رده‌می سه‌در كه پلانی ده‌ستگیركردنی یه‌كه یه‌كه‌ی سه‌ركرده‌كانی ره‌وته‌كه‌یان دانابوو، هه‌روه‌ها به نیازی كوشتنی خۆیشی بوون. كاتێك سه‌در وه‌ك په‌له‌قاژه‌ی به‌رگریی له‌خۆكردن هه‌ڵوێست و ره‌فتاری نواند، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی میدیاییان له دژی ده‌ستپێكردووه، كه سه‌در نیازی كوده‌تای هه‌بووه، ده‌یه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر عیراقدا بگرێت. له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی سه‌در ده‌یكات په‌له‌قاژه‌ی دۆزینه‌وه‌ی رێگەیه‌كه بۆ خۆده‌ربازكردن، نه‌ك ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن.
لای سه‌در و زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی به ئاگاییه‌وه له رووداوه‌كانی عیراق ده‌ڕوانن، ده‌زانن هاوشێوه‌ی ئه‌یاد عه‌للاوی كه له هه‌ڵبژاردنی 2010 زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، نه‌ك هه‌ر سته‌میان لێ‌كرد و نه‌یانهێشت ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، به ئه‌ندازه‌یه‌ك په‌ڕوباڵیان كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له ژیان نه‌مابێت هێنده بێكاریگه‌ر بووه. سه‌در ئه‌وه ده‌زانێت له باشترین باردا ئه‌گه‌ر نهشیكوژن ده‌یانه‌وێت هه‌مان چاره‌نووسی عه‌لاوی هه‌بێت.
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له دژی سه‌در گیراونه‌ته‌به‌ر، بێپێشینه و چاوهڕواننهكراون، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی مه‌رجه‌عی ئایینییه‌كه‌ی سه‌درییه‌كان (حائیری)، که یه‌كه‌مجاره له مێژووی ئیسلامدا ئه‌وه رووبدات مه‌رجه‌ع ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه و داوابكات شوێنكه‌وتووانی ببن به شوێنكه‌وته‌ی ئاراسته‌یه‌كی دیكه، وه‌ك ئه‌وه‌ی حائیری له ئێرانه‌وه داوایكرد سه‌درییه‌كان وه‌لائیان بۆ عه‌لی خامنه‌یی هه‌بێت. ئه‌مه نه‌ك هه‌ر لێدانه له پێگه‌ی سیاسیی سه‌در، به‌ڵكو هه‌وڵێك بوو بۆ لێدان له پێگه ئایینییهكهیشی، هه‌وڵێك بوو بۆ كۆتاییپێهێنان به مه‌رجه‌عیه‌تی سه‌درییه‌كان. یه‌كه‌م لێدوانی سه‌در دوای ئه‌م رووداوه پێیوتین له‌ژێر گوشاردا ئه‌وه‌ی كردووه. كاتێک خۆیشی بڕیاریدا له سیاسه‌ت دووركه‌وێته‌وه وه‌ڵام بوو بۆ ئێران، كه نه‌ك رێگه نادات شوێنكه‌وتووانی مه‌رجه‌عییه‌تی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ببنه شوێنكه‌وته‌ی خامنه‌یی، به‌ڵكو خۆی كاروباری ئایینی ده‌گرێته ده‌ست. له به‌رانبه‌ردا هه‌ڵمه‌تێكی چڕی میدیایی كرایه سه‌ر، كه وازهێنانی له سیاسه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا بووه به‌سه‌ر عیراقدا.
لێره‌دا هیچ مه‌به‌ستێكم له به‌راوردكاری نییه به‌وه‌ی ئایا سه‌در له‌وانی دیكه باشتره یان نا، به‌ڵام روونه سه‌در داوای چه‌ند شتێك ده‌كات له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی عیراقه، دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی و دژایه‌تیی پاشكۆبوون، گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ عیراق و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستانه‌ی له رێی كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كانه‌وه یاری به قووت و چاره‌نووسی هاوڵاتییان ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی له‌م داخوازییانه‌ی سه‌در زیانمه‌ندن له‌ناو عیراق و هێزه هه‌رێمایه‌تییه‌كان هه‌موو یه‌كیان گرتووه بۆ لێدان له سه‌در و ماكینه‌یه‌كی میدیایی فراوانیش خراوه‌ته‌گه‌ڕ دژ به سه‌در، كه نیازی خراپه و دەبێت رابگیرێت. لەکاتێکدا هەرە خراپترینەکان و نیازخراپەکان ئەوانەی دیکەن، نەک سەدر.
بۆیە دەتوانم بڵێم ئێستا ستەملێکراوترین کەس لە عیراقدا موقتەدا سەدرە، ئەوەی میدیا دەیەوێ وەک ستەمکارترین کەس وێنای بکات.
خ.غ