د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

"بەرخۆرپەروەری" حەزی شت کڕین

بەرخۆرپەروەری (Consumerism – نزعة الاستهلاکیة)، یاخود حەزی شت کڕین، ئایدۆلۆژیا و سیستمێکی ئابووریی کۆمەڵایەتییە، مەبەست لێی هاندانی تاکە بۆ کڕین و بەکارهێنانی کاڵا و شتومەک و خزمەتگوزاریی زیاتر لەو رێژەیەی کە پێویستیەتی.

سەرهەڵدانی ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی، لە سەدەی بیستەمدا گەشەی کرد و بەربڵاو بووەوە و لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمیش، بەشێوەیەکی بەرچاو تەقییەوە. بەهۆی خستنەڕووی کاڵای زۆر بۆ نێو بازاڕەکان لەو رادەیەی کە پێویستە بفرۆشرێت، هەروەها بەمەبەستی رێگری لە زیان و چەقبەستوویی بازاڕ تا کاڵاکانیان بەردەوام ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت، دەبوو کۆمپانیاکان رێگەچارەیەک بدۆزنەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش، بەرخۆرپەروەری رێگەچارەکەیان بوو.

ئەم سیاسەتە، هاندانی خەڵکە تا بەئارەزوومەندانە شمەک و خزمەتگوزاری بکڕێت، بەڵام ئەم ئارەزووە خۆڕسک نییە، بەڵکوو لە رێگەی پەیڕەوکردنی هەندێک لە سیاسەتی کۆمپانیاکانەوە دروست بووە و کاریگەریی دەروونیی لەسەر تاک دروست کردووە. ئەم سیاسەتە، بۆ بەرژەوەندیی سەرمایەدار و بازرگان و کۆمپانیاکانە، بەردەوام بەرهەمی تازە دەخەنە نێو بازاڕ و لە رێگەی ریکلامەکانیان یاریی بە حەز و بەرژەوەندییەکانی تاک و کۆمەڵ دەکەن.

سیستمی بەرخۆرپەروەری لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە لەسەر بەرهەمهێنان، ئابووری، دەروونی تاک و کۆمەڵ.

لایەنە ئەرێنییەکەی خۆی لە هەندێک خاڵدا دەبینێتەوە، وەک:

- کۆمپانیاکان بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی بەرهەمی تازە و پەرەپێدانیان، ئەمەش هەم لە خزمەت کۆمپانیاکان، هەمیش لە خزمەت بەکارهێنەردایە و گەشە بە بەکارهێنانی بەرهەمە سەرەتاییەکان دەدات و یارمەتی دەستی کار دەدات لە بەردەوامبوونی رەخساندنی هەلی کار.

- بەرزبوونەوەی رادەی قازانج و گەشەکردنی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ و بەرهەمی گشتیی نیشتمانی. بەرزبوونەوەی بەرهەمی گشتیی نیشتمانی، دەبێتە رێخۆشکەر بۆ پەرەپێدانی سەرخان و ژێرخانی وڵات. 

- بەردەوامبوونی کارکەر لە کارەکەی، گەشە بە بەردەوامبوونی بازاڕ دەدات و ناهێڵێت بازاڕ تووشی سستی ببێت و جووڵەی ئابووری بەردەوام دەبێت و کرێی دەستی کار دانابەزێت و رێژەی بێکاری بەرزنابێتەوە. 

- خۆشگوزەرانی و ئاسانکاری  و ئاسوودەیی بۆ مرۆڤ دابین دەکات. 

- بۆ داگیرکردنی بازاڕ، کۆمپانیاکان ناچار دەبن کێبڕکێ بکەن لە نێوان خۆیان تا باشترین بەرهەم بهێنن و گەر کۆمپانیایەک بەرهەمەکانی لە ئاستی داوای خەڵکدا نەبێت، ناچار دەبێت بازاڕ چۆڵ بکات. 

لە ئێستادا روانگە و بزووتنەوەیەکی گەورە هەیە دژی بەرخۆرپەروەری، ئەویش بەهۆی کاریگەری لایەنە نەرێنییەکانی ئەو سیاسەتەوەیە، وەک:

- لە رێگەی بەرخۆرپەروەرییەوە بەکارهێنەری رووکەش گەشە دەکات.

- تاک کەمتر گرنگی بە کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی دەدات و دەکەوێتە کڕینی پێداویستیی لاوەکی و گرانبەها بەهیوای ئەوەی بە رووکەش پیشانی کۆمەڵگەکەی بدات لە چینێکی بەرزی کۆمەڵگادایە. ئەم جۆرە کڕیارانە زیاتر لە چینی مامناوەندیدان. 

- هەوڵەکان بۆ کڕینی شتومەکی مۆدێلی تازە و ناودار دەبێت بەبێ ئەوەی پێویست بێت. ئەم هەڵوێستە، بۆ رازیکردنی حەزەکانی خودی کەسەکەیە لەپێناو ئەوەی رووکەشێکی دوور لە راستی نیشانی دەوروبەری بدات و بە کڕین و خەرجکردنی بڕێکی زۆر پارە، خۆشی دەخاتە دڵی خۆیەوە، بەڵام ئەم خۆشیەی بەردەوام نابێت و کاتییە و دیسان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەریی خەرجییەکی تازە؛ ئەوکات کە ناتوانێت حەزەکانی دابین بکات تووشی خەمۆکیی دەروونیی دەبێت تا کاتێکی تر کە خۆی رازی دەکاتەوە، ئەمە وەک زنجیرەیەک ئەڵقەی یەک بەدوای یەکدا دەبێت لە کاتی خۆشی و خەمۆکی. ئەم جۆرە تاکانە، مرۆڤی نەرجسی و خۆپەرستیان لێ دەردەچێت، خۆیان زۆر لا گرنگ دەبێت و گرنگی بە رووکەش دەدەن؛ رێز و سەرنجی دەرەوە بەم شێوەیە بۆخۆیان رادەکێشن.

- جیاوازی لە نێوان چین و توێژەکان و نایەکسانی لە نێو کۆمەڵگەدا گەشە پێ دەدات. 

- تاک سەرقاڵی شتی لاوەکی دەکات و رێگر دەبێت لەوەی گرێدراو بێت بە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، ماندووبوونی لە خزمەتی بەرخۆرپەروەریدا دەبێت. 

- کۆمەڵگەیەک دروست دەبێت پێوەرەکانی لەسەر پارە و هەبوون دەبێت، رێسا و یاساکانی دابونەریت و کولتوور دەشێوێنێت.

- تاک زۆر جار دەکەوێتە ژێر بارى قەرز، کە لە توانایدا نییە قەرزەکە بداتەوە و دەرەنجامەکەی لەسەر ئابووریی گشتی و دەروونی خود خراپ دەبێت.

- کاریگەری هەیە لەسەر پیسبوونی ژینگە، ئەویش بە بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان بە رێژەیەکی لەڕادەبەدەر، بەرزبوونەوەی رێژەی خاشاک و بەرهەمهێنانی گازی گەرمکەر و پیسکەر.

- کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی ئاژەڵان هەیە.

- بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکان بەهۆی هێزی ئابوورییانەوە دەتوانن دەستوەردان بکەن لە سیاسەتی وڵاتان، حکومەت، دامودەزگاکان و کاریگەری لەسەر دیموکراسیی وڵاتان دروست بکەن.

بەرخۆرپەروەری، پەیوەندی راستەوخۆی بە بەردەوامبوونی سەرمایەدارییەوە هەیە؛ نەمانی بەرخۆرپەروەری، نەمانی سەرمایەدارییە.

لە ئێستادا، بەتایبەتی لە رۆژئاوا، زۆر رێکخراو دروست بوون دژ بە بەرخۆرپەروەری و هانی تاک دەدەن شێوەی ژیانیان و بیرکردەنەوەیان بەرامبەر بە بەرخۆپەروەری بگۆڕن.


خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan