چاوپێكەوتن
خاتوو پەروین، هاوڕێی سروشت و هۆنراوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا-میدیا
زۆر کەمن ئەو ناوچە و وڵاتانەی جیهان کە تێیدا ژینگەیەکی وەها فەراهەم بێت ژنان بتوانن لە سایەیدا بە خەونەکانیان بگەن، یاخود هەر هیچ نەبێت هەوڵی خۆیانی بۆ بدەن، خۆ ئەگەر بێینە سەر وڵاتانی جیهانی سێ بەگشتی و هەرێمەکەمان بەتایبەتی، ئەوە نەک هەر ژینگەکە لەبار نییە، بەڵکوو تەگەرە و ئاستەنگی زۆریش لەبەردەم گەیشتن بە سادەترین ماف و خەونی ژناندا هەیە... ئێرە کێڵگەی دڕکوداڵە، خاکێکی لەبار نییە بۆ چاندنی خەونە رەنگاڵەییەکانی ژنان و سەوزبوونیان...
خاتوو پەروین، کەسێکە خاوەنی بەهرەی نووسینی شیعر و تێڕامانە، بەڵام یەکێکە لەو خاتوونانەی ژینگەی خێزان و کۆمەڵگەکەی لەبار نەبووە بۆ ئەوەی بە سادەترین ماف و خەونەکانی بگات.
خۆت بناسێنە؟
ناوم پەروین خدر عەوڵایە، لە ساڵی 1968 لە ناوچەی چۆمان لە دایک بووم.
لە کوێ خوێندووتە و بڕوانامەی چیت هەیە؟
هەر لە چۆمان خوێندوومە، خوێندنی سەرەتاییم تەواو کردووە.
تۆ کە ئەوەندە بەتوانا و زیرەکی، هۆکار چییە هەر ئەوەندەت خوێندووە؟
هۆکار زۆر بوون، لە سەرووی هەموویانەوە؛ دابونەریتی کۆمەڵایەتیی کەسوکار، کە نەک هاندەرم نەبوون، بەڵکوو رێگریش بوون لە خوێندنم. وا باو بوو کە کچ خوێندنی بۆ چییە! دووەمیش، شوێنەکەمان دوور بوو لە شوێنی خوێندنەوە، دواتریش شەڕی عیراق – ئێران دەستی پێ کرد و ناوچەکەمان کەوتبووە بە تۆپبارانی ئێران و رۆژانە تۆپباران دەکراین. پاشان حکومەت خەڵکی ناوچەکەی گواستەوە بۆ کەمپی زۆرەملێی قوشتەپە، لەوێ ئەوەندەی تر دەبوایە ژن لەژێر چاودێریدا بێت لەتاو مەترسی کۆمەڵ، ئەمە جگە لەوەی باوکیشم رێگر بوو لە خوێندنم.
خێزانەکەتان چەند کەس بوون؟
حەوت خوشک و سێ برا بووین.
لە بنەماڵەکەتاندا کەسی تر هەیە بەهرەی نووسینی شیعری هەبێت؟
نەخێر، کەسی وامان نییە.
وتت کە براونەتە کەمپی قوشتەپە، جگە ناخۆشییەکان و دۆخی قورس و نالەباری کەمپ، هیچ یادەوەرییەکی خۆشی ئەو کاتانەت لەبیر ماوە؟
راستە، سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکانی ئەو کاتە، بەڵام یەکێک لە خۆشترین کاتەکانی ئەوە بوو کە بەیەکەوە لەگەڵ خوشک و کەسوکار کۆدەبووینەوە و قسەمان هەر تەواو نەدەبوو، هەروەها نەنکم (دایکی دایکم) لە بەغداوە گەڕابووەوە و لەگەڵ ئێمە دەژیا، کە سەرگوزشتەی زۆر خۆش و ناخۆشی ژیانی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە؛ ئەو فێری داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانی کردم. یەکێک لە باشییەکانیشی ئەوە بوو کە لەوێ فێری عەرەبی بووم، هەروەها گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئوم کلسوم و هونەرمەندە بەناوبانگەکان و تێگەیشتن لە وشە بە وشەی گۆرانییەکان و هۆنراوەکانیان.
پێش ئەوەی بێینە سەر باسی ژیان و سەرگوزشتەی خۆت، وەک دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە مێژووی باری کۆمەڵایەتی و خێزانیی ئەو سەردەمە، حەز دەکەم کەمێک باسی چیرۆکی ژیانی نەنکتم (دایکی دایکت) بۆ بکەیت...
ژیانی نەنکم بەتەنیا خۆی چیرۆکێکە، نەنکم (حەلیم خان)، وەک خۆی دەیگێڕایەوە؛ لەگەڵ باپیرم عاشقی یەک بوون، دڵسافی و سادەیی جاران و سەرگوزشتەی ژیانی لە گوێمدا دەزرنگێتەوە، کە وەک چیرۆک بۆی دەگێڕاینەوە. باپیرم سەرباز دەبێت، لە دەرگەڵە ژیاوە، کاتێک لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا دەگەڕێتەوە؛ شووشەعەترێک بە دیاری بۆ نەنکم دەهێنێت، کە دەیبینێت دەڵێت شتێکم بۆ بەجێ هێشتوویت. ئەو شووشەعەترە لەم ژن بۆ ئەو ژن دەگاتە گوندی مەردی. دواتر بەبێ رەزامەندی کەسوکاری شوو دەکات بە باپیرم.
دوای ماوەیەک باپیرم ژنێکی تر دەهێنێت، بەڵام نەنکم ناحەقی لە باپیرم قبوڵ ناکات و لێیان دەبێت بە دەنگەدەنگ و باپیرم سێ بە سێ تەڵاقی دەدات. ئیتر نەنکم سەری خۆی هەڵدەگرێت و تەنیا پوورێکم (حەمدیە) لەگەڵ خۆی دەبات، کە ئەوسا منداڵ بووە. دەچێتە لای هاوگیانەکەی (هێوەرژن) و دەبینێت خەریکی نانکردنە، پێی دەڵێت هەندێک نانم بدەرێ. هاوگیانەکەی لە وەڵامدا پێی دەڵێت تازە تۆ تەڵاق دراویت، نانی ئێرەت پێ حەرامە. ئەویش دوو نان هەڵدەگرێت و دەیکات بە نۆردوو و لە پشتێنەکەی دەخات و دەڕوات. بەپێ دەچێتە چۆمان و لەوێ سواری ئامڕازی گواستنەوە دەبێت تا دەگاتە رەواندوز. لەوێ براکانی پێیان ناخۆشە خوشکەکەیان مێردەکەی بەجێ هێشتووە، بۆیە ئەویش سواری ئۆتۆمبێل دەبێت و دەڕوات بەرەو بەغدا. لەوێ خۆی دەگەیەنێتە ماڵی نەجم بابان و شیرین خانی هاوسەری، کە پارێزەر بوون. دوای سێ شوێن لە ماڵی کاک نەجم متمانەی زۆر پەیدا دەکات و زۆر رێزیان لێ گرتووە، پێیان وتووە لە دنیا و قیامەت تۆ خوشکی ئێمەیت. نەنکم خۆی بۆی دەگێڕاینەوە دەیوت: "هەرگیز نەمبینی بە چاوی حەرامەوە سەیرم بکات." پاشان هەردووکیان (خۆی و کچەکەی) دەخەنە سەر ناوی خۆیان، نەنکم وەک خوشک و کچەکەشی بەناوی خۆیەوە دەکات و دەبێتە حەمدیە نەجم بابان. ئیتر وەک کەسێکی باوەڕپێکراو ماڵەکەیان خستووەتە بەر دەست.
چۆن نەنکتان دۆزییەوە؟
دایکم زۆر عەوداڵی دایک و خوشکەکەی بووە و هیچی بۆ نەکراوە. کاتێک باوکم لە سامەڕا سەرباز بووە، لەگەڵ فاتح بابانی برای نەجم بابان یەکتر دەناسن، باوکم ئەم ونبوونەی نەنکم بۆ کاک فاتح باس دەکات و دەڵێت تا بەغدا دەزانین، دواتر هیچ دەربارەی نازانین. ئەویش دەڵێت لە ماڵی نەجمی برام ژنێک و کچێک هەن، بۆ لەبارەیانەوە ناپرسی. باوکم بۆ ئەو مەبەستە لە سەربازییەکەی مۆڵەت وەردەگرێت، بەڵام جاری یەکەم ناتوانێت هیچ بکات. بۆ دووەم جار کە مۆڵەت وەردەگرێتەوە، دەچێتە ماڵی نەجم و پرسیار دەکات؛ ئەوان دەڵێن کەسی وا لای ئێمە نییە. باوکم کەسێکی کەمدەرامەت بووە، بەڵام زۆر بوێر بووە. جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی کاک نەجم و ئەم جارە نەنکم دەرگا دەکاتەوە و باوکم دەیبنێت و دەڵێت من حەلیمەم، ئیتر رێگەی پێ دەدەن و دەچێتە ژوورەوە و چیرۆکەکە تێدەگات و داوای لێ دەکەن باسی نەکات. نەنکم پێی دەڵێت ئەوان ناهێڵن من بگەڕێمەوە، بەڵام تۆ داوا بکە بگەڕێمەوە. لە هەوڵی سێیەمدا رێگەی پێ دەدەن و لەگەڵ کاک نەجم و شیرین خان دادەنیشێت و داوا دەکات دایکم ببینێت. ئیتر کاتێک باوکم دەگەڕێتەوە، بە دایکم دەڵێت. ئەم جارە لەگەڵ دایکم بە دەستودیارییەوە دەچن. نەنکم دەیوت باوکتان 15 کیلۆ هەنگوین و 15 هەزار گوێزی لەگەڵ خۆی هێناوە. مەرجیان وا بووە کە نابێت خەڵکی گوند بزانن.
براکەی نەجم بابان دۆستی خاڵم دەبێت، کە ناوی حەمەد ئەمین فەتحی حەسەن دەرگەڵەییە، بەشێوازێکی جوان قەناعەتی پێ دەکات و نەنکیشم لەگەڵ کچەکەی دەچێتەوە رەواندز. دواتر پوورەکەم حەمیدە لە کوڕەکەی خۆی مارە دەکات و ئیتر نەنکم زیاتر لای حەمدیە دەژیا.
باپیرت هەڵوێستی چی بوو؟ زانی یاخود نەیزانی؟
باپیرم (حاجی قادر ئاغای وەردێ) بەهۆی کەسێکەوە پێی دەزانێت. باپیرم پەیوەندی لەگەڵ دایکم زۆر باش بووە، تەنانەت لە کاتی راگواستنی گوندەکاندا دێتە چۆمان و لەگەڵ دایکم بەیەکەوە ماڵ تێکەڵ دەکەن، ئیتر دەچێتە لای دایکم و دەڵێت هەست بە جموجووڵێک دەکەم، لەوە دەچێت دایکتان دۆزیبێتەوە، دەمەوێت بیگەڕێنمەوە و بەیەکەوە بژین. دایکم نایەوێت نەنکم جارێکی تر تووشی ئازار بێتەوە و زوڵمی لێ بکرێتەوە، بەڵام پوورێکی هەبوو بەناوی (شوکریە)، لە دەواجنێک لە فەلوجە کارمەند بوو، ئەو راستییەکانی پێ وتبوو. دیدارێک رێک دەخەن لە نێوانیاندا، بەڵام نەنکم دوو قسەی رەقی پێ دەڵێت و باپیریشم واز دەهێنێت.
پێش ئەوەی دەست بە گفتوگۆکەمان بکەین، باست لەوە کرد نەنکت چووەتە ئاهەنگی ئوم کەلسووم؟
بەڵێ، ئەو کاتەی کە لە ماڵی کاک نەجم دەبێت، لەگەڵ خۆیان دەیبەنە ئاهەنگ و بۆنەکان، کاتێک ئوم کەلسووم لە بەغدا ئاهەنگ دەگێڕێت، ئەوان دەچن و ئەویش دەبەن، هەروەها دەچێتە ئاهەنگی فەیروزیش، بۆیە زۆر شارەزای شیعری عەرەبی بوو و بە باشی لە گۆرانییەکانیان تێدەگەیشت.
شیعرەکانت پڕن لە هەستی خۆشەویستیی وڵات، چۆن بەو شێوەیە کوردایەتی لە رۆحتدا جێگیر بوو وا بە سۆزەوە باس لە پرسی نەتەوەیی دەکەیت؟
دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و گەڕانەوەی پێشمەرگەکان، کە باوکم یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی ئەیلول و زۆر تووشی نەهامەتی هاتبوو، هەستێکی خەمۆکی دایگرتبوو، رۆژانە دەیخستە سەر دەنگی ئەمەریکا، هەرچەندە بە عەرەبی بوو (باوکم لە سەربازی فێری زمانی عەرەبی بووبوو). مەبەستی لە گوێگرتنی لە هەواڵەکان، زانینی هەواڵەکانی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و چالاکیی پێشمەرگە بوو، هەروەها بەنهێنی گوێی لە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دەگرت، ئەگەر وەریبگرتایە. وای کردبوو ئێمەش گوێبیستی هەواڵەکان بین. برا گەورەکەم، پشتێنی رەشی لە پشت دەبەست، کە ئەوەش نیشانەی پشتگیری بوو لە هێزی پێشمەرگە و بۆ گیانی شەهیدان بوو، ئەوکات ئەوە هێمای ئەو جۆرە کارانە بوو. گەنجان فیشەکێکیان وەک ملوانکە لە مل دەکرد، یاخود وەک مەدالیای کلیل دەیانگرت بەدەستیانەوە، ئەمەش دیسانەوە هێمای پشتگیریی شۆڕش بوو، هەروەها حەماسەتی گەنجان بوو. برا گەورەکەم، لەو فیشەکانەی بۆ کردبووین بە ملوانکە و لە ملمان دەکرد، هەرچەندە باوکم پێی ناخۆش بوو بچینە ناو سیاسەتەوە، چونکە دەستی سووتا بوو بە هەرەسی شۆڕش و لە دڵی دەرنەدەچوو، بۆیە تا رادەیەک رێگر بوو، بەڵام رێگر نەبوو لە خۆشەویستی وڵات و پێشمەرگە. ئەوسا هەموو شتێک قەدەغە بوو، بارودۆخی ناوچەکەش زۆر مەترسیدار بوو.
کەی هاوسەرگیریت کرد؟
ساڵی 1987 هاوسەرگیرم کرد، هاوسەرەکەم کوڕی خاڵمە و هاوتەمەنین.
هەست دەکەم هاوسەرەکەت زۆر شانازیت پێوە دەکات و پشتیوانتە؟
بەڵێ وایە، ئەگەر ئەو نەبوایە، نەمدەتوانی بەردەوام بم. هەروەها منداڵەکانیشم بە هەمان شێوە زۆر پشتیوانم. قەیسی کوڕم بە دەنگە زوڵاڵەکەی زۆر جار لە بۆنەکاندا، بەتایبەتی لە فێستیڤاڵەکانی باڵەکایەتی ئەو شیعرانەم دەخوێنێتەوە کە بۆ باڵەکایەتی و جوانیی سروشتی نیشتمان نووسیومن. هەروەها هاوسەرەکەم هەر لە سەرەتاوە پشتیوانم بووە، بەتایبەتیش دوای چاکبوونەوەم لە نەخۆشییە دەروونییەکەم، لەو کاتەوە زۆر زیاتر هاوکارم بووە. شوکر بۆ خوا، خێزانێکی بەختەوەرین و لەگەڵ منداڵەکانمان وەک هاوڕێ واین.
نەخۆشیی دەروونیی! سەرگوزشتەی ئەو نەخۆشییە چۆنە؟
لە ساڵی 2010 دوای مردنی دایک و باوکم، وامدەزانی چیرۆکی ژیانم کۆتایی هاتووە؛ دڵتەنگییەکی زۆر دایگرتم، رەنگە زیاتر بەهۆی ئەوەوە بووبێت کە هیچ یەکێک لە خواست و هیوا تایبەتییەکانی ژیانم، وەک خوێندن و نووسین و کار نەهاتبوونە دی. ئەو دڵتوندییەم چوار ساڵی خایاند و هەر خۆشم توانیم خۆم چارەسەر بکەم. ئەو ماوەیەی ژیانم زۆر ئەستەم بوو، چوار ساڵ دابڕابووم لە هەموو شتێکی ژیان. ئەو کاتانە هاوسەرەکەم پشتیوانی سەرەکیم بوو بۆ چاکبوونەوەم و پشوودرێژییەکی باشی هەبوو. ئەو چوار ساڵە هەستێکم لا دروست بوو کە دەمرم، وەک ئەوە وابوو دەنگێکی نامۆ هەواڵی مردنم پێ بڵێت.
ئەوکات شیعرت دەنووسی؟ مەبەستم ئەوەیە هیچ شیعرێکت بۆ ئەو کۆستە نووسیوە؟
دوای ئەوەی دایکم کۆچی دوایی کرد، یەکەم شیعرم بۆ دایکم نووسی. ئەو شیعرە راچڵەکینێک و دەروازەیەک بوو بۆ چوونە ناو دنیای شعیر.
لەگەڵ کچەکانت پەیوەندیتان چۆنە؟
پەیوەندیم لەگەڵ کچەکانم پەیوەندییەکی دایکانە و هاوڕێیانەیە، تەنیا کەمێک رێنماییم لەسەر بووە، وەک هاوڕێ دادەنیشین و قسەی دڵی خۆمان دەکەین و سەرم پێیان بەرزە. زۆر بەهێمنی سەرکەوتووانە توانیویانە خوێندنی خۆیان تەواو بکەن و زۆر جاریش خۆبەخشانە کار دەکەن، بەڵام کەسیان دانەمەزراون هەرچەندە خوێندنیشیان تەواو کردووە. باوکیان هەموویانی فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل کردووە و پیک ئابێکمان هەیە هەموویان شۆفێری دەزانن و کارەکانیانی پێ رایی دەکەن، هەرچەندە لەم ناوچەیە کەم دەبینرێت ژن ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لێبخوڕێت، بەڵام ئێمە جیاوازییان ناکەین لەگەڵ کوڕەکان.
رۆژانە بە کچەکانم دەڵێم پرسیار بکەن، پرسیارم لێ بکەن، ئێستا بپرسن، دوای دەترسم بێنە سەر گۆڕەکەم و پەشیمان ببنەوە لەوەی دڵێکی گەورە نییە هێندەی هەستەکانتان گەورە بێت و وەڵامی پرسیارەکانتانی پێ بێت. هەندێک جاریش کە دەبینم ناپرسن، گلەیی لە خۆم دەکەم و دەڵێم دیارە ئەو دەرگا گەورەیەی دڵم واڵا نەکردبێت و لەسەر پشت نەبێت تا بە ئاسانی بچنە ژوورەوە.
لەمیانەی گفتوگۆکەماندا، قەیسی کوڕی خاتوو پەروین هاتە نێو باسەکەمانەوە و وتی: سەرم بەرزە بە دایکم و زۆر دڵخۆشم بە بوونی دایکێکی لەم جۆرە لە ژیانمدا. جارێکیان پیاوێک پێی وتم: "دایکت دەتوانێت چارەسەری ناکۆکیی نێوان دوو عەشیرەت بکات". ئەوکات ئەوەندەی تر سەربەرز و دڵخۆش بووم بە دایکم.
ئایا خۆت لە بۆنەکاندا شیعرت خوێندووەتەوە؟
بەڵێ، لە هەشت فێستیڤاڵی باڵەکایەتیدا بەشدار بووم. هەروەها جارێکیان بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک داوای لێ کردم شیعرێک بۆ رۆژی ئاڵا بنووسم و بیخوێنمەوە، منیش شیعرەکەم ئامادە کرد و بۆم خوێندنەوە.
زیاتر شیعر لە چ بوارێکدا دەنووسیت؟
من ژنم، هەروەها کەسێکی نیشتمانپەروەریشم، بۆیە شیعرەکانم زیاتر لەو دوو بابەتەدا خۆیان دەبینەوە. شیعر بۆ ژن دەنووسم و هەوڵ دەدەم ئەوەی لە ناخمدا هەیە لە چەوساندنەوە دەرحەق بە ژن، بیخەمە سەر کاغەز و دێڕی شیعرەکانم. بۆ نیشتمانیش، هەمووی لە کانگەی خۆشەویستی و هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەرییەوە هەڵدەقوڵێن، بۆ نموونە؛ چەند شیعرێکم بۆ باڵەکایەتی نووسیوە، هەم بۆ وەسفی سروشت و هەڵکەوتەی باڵەکایەتی، هەمیش بۆ کاریگەری و پێگەی ئەو ناوچەیە لە خەبات و شۆڕشدا... ئەمەش یەکێکە لەو شیعرانە:
باڵەکایەتی
ئەی تۆ نەبووی رۆژانی زوو لەژێر پێی دوژمنانتا
ببووی بە پارچە ئاگرێک
ماڵ نەبوو پێشمەرگە نەبێ
دایک و باوک و کچ و کوڕێ
ئەی تۆ نەبووی لە رۆژێکدا کە نانێک و گیانێک ببوون بە یەک
گیانلەسەردەست، بوێرانە بە کۆڵی دایک و خوشکان
نان ئەبرا بۆ هەر سەنگەرێک
تۆ سروشتیی، یا رێک خراوی
هێزی گیان و هەردوو چاوی
لە خۆم بپرسم یان لە تۆ
تۆ پێم ناڵێی تخوا بۆچی ئاوا پەراوێز خراوی
تا ئێستا چەند شیعرت نووسیوە؟
دەتوانم بڵێم زۆرم نووسیوە، بەڵام 50 شیعرم لە تیانووسەکەمدا نووسیوە و نامەوێت گۆڕانکارییان تێدا بکەم.
چاپت کردوون؟
نەخێر، تەنیا لە بۆنەکاندا خوێندوومنەتەوە، یاخود یەکێکی تر خوێندوونیەتییەوە.
لە ئێستادا بیرۆکەی نووسینی هیچ شیعرێکت هەیە؟
بەڵێ، ناونیشانی شیعرێکم هەیە و بیرۆکەکەی وتوێژێکم لا گەڵاڵە بووە بەناونیشانی (بۆچی).
بۆ ئەو ناوە؟
بۆچی؟ زۆر مانای هەیە لە لام. تێیدا دەگەڕێم بەدوای وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانم، کە هێشتا وەڵامەکانیان لام روون نین، بەڵام زۆر گەشبینم بەوەی وەڵامی پرسیارەکانم هەبێت.
پرسیارەکان چین؟
بۆچی هەم؟ بۆ دنیا بەم جۆرەیە؟... بۆکان زۆرن و وەڵامەکانیش کەم. خۆزگەم، وەڵامم دەبوو، هەرچەندە داری خۆزگە بەردار نییە.
یەکەم جار کە تۆم بینی وتت ئاواتت ئەوە بووە کە مام جەلال ببینی، بەڵام ئەو ئاواتەت نەهاتووەتەدی، بۆ نەتوانی مام جەلال ببینی؟
زۆر حەزم دەکرد تا مام جەلال لە ژیاندا بوو، بچم سەردانی بکەم، بەڵام هێشتاش نازانم بۆ نەیانهێشت و رێگر بوون. دەیان جار هەوڵم داوە و خەڵکم راسپاردووە، چەندین جار ئەگەر هیوایەکم هەبوایە بیبینم، پرۆڤەم لەگەڵ خۆم دەکرد بۆ پرسیار و وەڵام. بەداخەوە، دەڵێم تا لە ژیاندا بوو، ئەو ئاواتەم نەهاتە دی، بۆیە لە رێوڕەسمی ناشتنەکەیدا ئامادە بووم و تا ئێستاش چەندین جار چوومەتە سەر مەزارەکەی.
هیواکانت چین؟
هیواکانم زۆرن، لەسەر ئاستی نەتەوەیی؛ ئومێدەوارم کە چۆن باوکم خەونە گەورەکەی ئازادیی هەر چوار پارچەی لەگەڵ خۆی بردە گڵ، من وا نەبم و بە چاوی خۆم بیبینم.
بۆ خێزانەکەشم، حەز دەکەم بەختەوەر و دڵخۆش بن، هەروەها دواڕۆژێکی گەشیان هەبێت و بتوانن بە هیوا و خەونەکانیان بگەن.
لەسەر ئاستی پرسەکانی ناوخۆی هەرێمیش، حەز دەکەم کەسێکی گەورە کۆکەرەوەی ئەم گەلە بێت و ئەم ئەزموونەمان لەناونەبرێت.
من
ئەگەر دەمزانی دەتوانم بنووسم
زوو دەستم دەبرد لە بۆ پێنووسم
ئەمنووسی بەسەر هەموو شتێکدا
بەڵام بواری ژیان رێگەی پێم نەدا
من دەمێکە هەستی هۆنراوە
لەناخمدایە بەبێ نووسراوە
دەزانم بڵێم لەسەر دنیا و دین
لەسەر کەسوکار لەسەر ژیان و ژین
کار و کاسبی، هەموو شتی جوان
دەیانکەم بە دێڕ بێ کەم و نوقسان
من تاکوو ئێستا وا یەکەم جارە
دەمەوێ بنووسم دیسان دووبارە