گۆڤەند رەجەب

گۆڤەند رەجەب

ئاگاتان لە مامۆستایانی وانەبێژە؟

رەنگە وەزارەتی پەروەردە بزانێ رۆژی جیهانیی مامۆستا کامەیە و پیرۆزباییشیان لێ بکات، بەڵام گومانم زۆرە کە لە نزیکەوە ئاگای لە خەم و کێشە و گرفت و خەونەکانیان بێت، بەتایبەت مامۆستایانی وانەبێژ کە دوو جار بوونەتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی وەزارەتی پەروردە:

قوربانیی یەکەم: دوای چەندین ساڵ خوێندن و شەونخونی و ماندووبوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە، کەچی وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی بۆ دامەزراندن و کارپێدانیان نییە، بگرە هەر نەیکردووەتە خەمی خۆیشی.
قوربانیی دووەم: دانانی ژمارەیەکی زۆر لەو دەرچووانایە بە وانەبێژ کە ئەمەشیان هێندەی تر بەهای بڕوانامە و مامۆستای خستووەتە ژێر پرسیارەوە، رەنگە ئەگەر وانەبێژ نەبیت یان گوێ لە ئازار و خەمەکانیان نەگری نازانی چەند بێ بەهایانە لە مامۆستایانی وانەبێژ دەڕوانرێت و لەڕووی رۆحییەوە ئازار دەدرێن.

ئەمڕۆ کە رۆژی جیهانیی مامۆستایانە پیرۆزبایی گرنگ نییە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە وەزیری پەروەردە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مامۆستایانی وانەبێژ ببینن و گوێ لە کێشە و خەمەکانیان بگرن، ئەگەرنا نەوەیەک پێدەگەیەنرێ کە سۆزیان بۆ نیشتیمان و پەروەردە نەبێت و ئەوەش بۆ داهاتوو زۆر مەترسیدارە.

دەزانین کە کوڕان و کچانی ئەوان و تەنانەت خۆشیان ئاگایان لەو کێشە و ئازار و خەمانە نییە، ئەوان ئەهلی باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و تەنانەت زانکۆی تایبەتیشن، دوورکەوتوونەتە لە خەڵکی هەژار و ژیانی ئاسایی و بەشمەینەتی خەڵک.

تکایە واز لەو خۆدوورگرتنە بێنن و ئاوڕێک لە مامۆستایانی وانەبێژ بدەنەوە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan