گۆڤەند رەجەب

گۆڤەند رەجەب

رێنمایییەکان بۆ خۆشەویستیی نیشتیمان و هۆڵە تاریکەکانی خوێندنگە

دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەکی ساردوسڕی پشووی دوای تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم و ساڵی نویی ٢٠٢٣، دیسانەوە دەرگای خوێندنگەکان کرانەوە و مامۆستایان و خوێندکاران بە خوێندنگە بێنازەکان شادبوونەوە، ئەمە ئەگەرچی ئاسایی نییە و پرۆسەی پەروەردە دوادەخات، لەهەمانکاتدا رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە خۆشەویستیی نیشتمان و پاراستنی ژینگە و پێشکەوتنی خوێندن لە کوێدا جێگەی دەبێتەوە و مامۆستا چۆن بتوانێت ئەو باسە گرنگانە لەگەڵ خوێندکاران بکاتەوە و بەچی میکانیزمێک بتوانێت بڕوایان پێ بهێنێت نیشتمانیان خۆشبووێت، لەکاتێکدا حکومەت ئەوانی بە تەواوی فەرامۆشکردووە؟

خۆشەویستیی نیشتمانێکی پر نەوت و گازی سروشتی لەکاتێکدا زۆرینەی هۆڵ و خوێندنگەکان تاریکن و خوێندکاران و مامۆستایان گەرمکەرەوە و فینککەرەوەی پێویستیان نییە، رەنگە باسکردنەکەی نەک هەر جێگەی خۆی نەگرێت، بەڵکو ببێتە مایەی سەرسوڕمانی خوێندکاران و دەیان پرسیاری واقیعی لە مامۆستایان بکەن کە هیچ وەڵامێکی دروستیان پێ نییە بۆیان.

ئەمە جگە لەوەی خوێندکارانی گووندەکان بەناو قوڕ و لیتەدا یان بە سواری گوێدرێژ دەچن بۆ خوێندنگەکانیان، لەکاتێکدا گووندەکان لانکەی شۆڕش و داینەمۆی راپەڕین و دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوان تەواو تەواو بێنازن و رەنگە هەستبکەن ئەوان حکومەت و نیشتمانێکیان نییە بەچاوی سۆزەوە و وەکو هاوڵاتییەکی راستەقینە سەیریان بکات، ئەمە دەبیتە ئەو فاکتەرەی کە تووشی بێ هیوایی ببن و زیاتر لەوەی بیریان لای خۆشەویستیی نیشتمان بێت بیریان لای هۆڵێکی گەرموگوڕ و ژینەگەیەکی لەباری پەروەردەیی بێت.

هەموو لایەک ئەوە دەزانن خۆشەویستیی نیشتمان بە قسە و دروشم و بانگەشە نابێت، بەڵکو بەوە دەبێت یەکسانیی لە ماف و ئەرکدا هەبێت و لە رێگەی خزمەتگوزاری و دڵسۆزییەوە وا لە هاوڵاتییان بکرێت نیشتمانیان خۆشبووێت نەک بە زۆر بتەوێ نیشتمانیان خۆشبووێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan