کوردستانی

محەمەد شیاع سودانی بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی: دڵخۆشین کە رێبازی سەرۆک مام جەلال زیندووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


محەمەد شیاع سودانی بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی: دڵخۆشین کە رێبازی سەرۆک مام جەلال زیندووە
مەودا میدیا-

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق.

‏‎لە دیدارێکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و كۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە عیراق تاوتوێكرا و هەردوولا جەختیان لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار كە پارێزەری مافی هەمووان بێت.

‏‎لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی روانینی حزبەكەی سەبارەت بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات روونكردەوە و وتی "هەوڵی ئێمە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانێکی باشترە. دەمانەوێت حکومەتی نوێ خزمەتی زیاتری هەموو هاوڵاتییان بکات بەبێ جیاوازی و رووبەڕووی گەندەڵی و نایەکسانی ببێتەوە. داواشیکرد، مافە دەستوورییەکانی کورد جێبەجێ بکرێن و پێشێل نەکرێن، چونکە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی هاوڵاتییانمان ناکەین".

‏‎لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی ستایشی رۆڵی یەکێتی و هەوڵەکانی سەرۆک بافڵی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و ناکۆکییەکان و وتی "دڵخۆشین کە رێبازی سەرۆک مام جەلال زیندووە و لەسەر دەستی سەرۆک بافڵ رابەرایەتی دەکرێت. رێبازێک کە خۆی لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان دەبینێتەوە و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکات بە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan