نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

مێگەرایی ئیسلامی

توێژەرە مێگەراکان دەڵێن: مێگەرایی لە رۆژئاوا و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە وەک پەرچەکردارێک بۆ سیستمی پاتریارکی (باوکسالاری)ی پەیدا بووە، کە لەناو کولتوورەکاندا رەگی داکوتاوە و وێنایەکی نەرێنیی بەرانبەر بە ژن دروست کردووە و لەوێشەوە کاریگەریی راستەوخۆی بەسەر واقیعی کۆمەڵگەدا سەپاندووە بە جیاکاری دژ بە ژن و بەکەمسەیرکردنی تواناکانیان و زەوتکردنی مافەکانیان، هەروەها لە سەردەمی سەرمایەداریدا چەوساندنەوەی ئابووریی قورستر بووە.

بەپێی قۆناغە زەمەنییەکان و داواکارییەکان، چەندین شەپۆلی بزووتنەوەی مێگەرایی هەبوون و هەن. لە روانگەی توێژەرەکانەوە؛ چەمکی مێگەرایی، چەمکێکی نوێیە، لە وڵاتانی رۆژئاوا لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانەوە هاتووەتە کایەوە و بەکار هاتووە. وەک لە بابەتەکانی تردا باسمان کردووە، بەپێی بزووتنەوەكان لە قۆناغە جیاجیاکاندا، داواکارییەکان و روانگە و رەوتەکان جیاوازییان هەبووە، بەڵام هەموویان لەسەر نەهێشتنی چەوساندنەوە و بەدەستهێنانی مافەکان کۆک بوون.

مێگەرایی و پاش مێگەرایی (Feminism – Postfeminism) چ وەک فەلسەفە یاخود تیۆر، یان بزووتنەوە، ئەگەر لە رۆژئاواش سەری هەڵدابێت، بەڵام سنوورەکانی بڕیوە و گەیشتووەتە وڵاتان بە کولتوور و پێشکەوتنی جیاواز بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و تا رادەیەک لەو وڵاتانەدا خۆی رێک خستووە و گونجاندووە.

بزووتنەوەکانی مێگەرایی و بۆچوونەکانیان، تووشی گەنگەشە، رەخنە و پشتیوانیی بوونەتەوە و پەرچەکرداری زۆریان لێ کەوتووەتەوە، بەتایبەتیش لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا. لەگەڵ ئەم هەموو رەخنانەش، مێگەرایی ئیسلامیی پەیدا بووە و 30 ساڵ تەمەنیەتی، کە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی وڵاتە ئیسلامییە جیاوازەکانەوە هاتووەتە کایەوە.

مێگەرا ئیسلامییەکان خوێندنەوەیەکی ئیسلامییانەی سەردەمیانەیان هەیە و پشت بە هەردوو کۆڵەکەکەی ئیسلام (قورئان و سوننەت) دەبەستن، بەوەی پیاچوونەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ تەفسیرە کلاسیکییەکان بکرێت کە پێشتر کراون و هەبوون، چونکە تەنیا لەلایەن پیاوان و لە روانگەی پیاوسالارییەوە تەفسیر کراون و دەڵێن: ئەو تەفسیرانە موقەدەس نین و دەتوانرێت رەخنەیان لێ بگیرێت و لە روانگەیەکی مێییانەوە سەیر بکرێن. هەروەها پشت بە وتەکان و بۆچوونەکانی پەیامبەر دەبەستن لە رووی دادپەروەری و پێگەی ژن لای ئەو. 
هەرچەندە مێگەرایی ئیسلامی وەک هەموو بزووتنەوە مێگەراییەکانی رۆژئاوا پرس و ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هەیە، بەڵام هەموویان لەژێر چەتری مێگەرایی ئیسلامیدا کار دەکەن و ئایینی ئیسلام مەرجەعیانە.
هەموو گرووپەکانی مێگەرایی ئیسلامی هاوبەشن لە جۆری داواکارییەکانیاندا، کە جگە لە یەکسانیبوون لە نێوان هەردوو رەگەز، داواکارییەکانیان بریتین لە:
-        رەتکردنەوەی فرەژنی.
-        یەکسانیی لە میرات بۆ نێر و مێ.
-        ئەنجامدانی نوێژەکان بە تێکەڵی (ژن و پیاو) بەیەکەوە.
-        ژن بۆی هەیە ئیمامی نوێژ بێت (پێشنوێژی بکات).
مێگەرا ئیسلامییەکان تووشی رەخنەی توند و بەرهەڵستی دەبنەوە و بەشێک لە پیاوە ئایینییەکان دەڵێن: مێگەرایی ئیسلامیی نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی رۆژئاواییە و دەیانەوێت بەرگی ئیسلامیی لەبەر بکەن و بەدوای تەفسیردا بگەڕێن بۆ پشتیوانی لە بۆچوونەکانیان.

زۆرن ئەو چالاکوانە ژنانەی کە باوەڕیان بە تیۆری مێگەرایی ئیسلامی هەیە و هەوڵیان لەپێناویدا داوە، لەوانە: فاتمە مورنیسی، ئامینە ودوود، ئومەیمە ئەبوبەکر، ئەسما بارلاس... و چەندینی تر. 
یەکەم جار چەمکی مێگەرایی ئیسلامی لە گۆڤاری (زنان) لە ساڵی 1992 لە ئێران بەکار هاتووە، کە شەهلا شیرکەت سەرپەرشتی دەکرد و یەکێکە لە ژنە چالاکەکانی ئەو بوارە.

هەرچەندە ئەو چەمکە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە بەکار هاتووە، بەڵام بزووتنەوەی ژنان لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا لە سەدەی حەڤدەوە دەستی پێ کردووە، بۆ نموونە؛ نووسەری میسری عائیشە تەیمور (1840 – 1902)  وتارەکانی هەم مۆرکی مێگەرایی و هەمیش مۆرکی ئیسلامییان پێوە دیارە.
 
 
 
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan